Erbil 15°C یەکشەممە 24 تشرینی دووەم 23:55

زرار رواندزی .. ته‌مه‌نی له‌پێناو پێگه‌یاندنی قوتابییه‌کانی و گه‌شه‌کردنی هونه‌ری مۆسیقا به‌خشی

(1937_7/12/2021)
کوردستان TV
100%

پیاوێكی باڵابه‌رزی جه‌سته‌ لاوازی هێمن و ساده‌و ساكار، له‌شاره‌ جوانه‌كه‌ی ( پاشای گه‌وره‌و) و (وه‌ستا ڕه‌جه‌ب) مه‌شخه‌ڵێكی گرته‌ ده‌ست و به‌ره‌و لوتكه‌ی كێوه‌سه‌ركه‌شه‌كانی ده‌وروبه‌ری شاره‌ جوانه‌كه‌ی ڕه‌واندز هه‌ڵزناو نه‌یهێشت ئاگری مه‌شخه‌ڵه‌كه‌ی كه‌ هه‌ڵگری وانه‌ی زانست و په‌روه‌رده‌و عه‌شقی بۆ مۆسیقا بكوژێته‌وه‌، به‌ڵكو به‌هه‌وڵ و تێكۆشانی نه‌پساوه‌ی په‌یامی ئه‌و حه‌زو عه‌شق و خۆشه‌ویستییه‌ی بۆ موزیك و هونه‌ر گه‌یانده‌ ئه‌نجام و، ئه‌مرۆ ئه‌و زاته‌ شیرین و لێوان لێوه‌ له‌خۆشه‌ویستی بۆ شار و زێد و قوتابییه‌ زیره‌ك و دڵسۆزه‌كانی ده‌ژی و شانازیان پێوه‌ده‌كات و شادمان و به‌خته‌وه‌ره‌ كه‌ هه‌وڵ و تێكۆشانی چه‌ندین ساڵه‌ی به‌فیرۆ نه‌چووه‌و ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ هونه‌رمه‌نده‌ ده‌ست و په‌نجه‌ زێڕینه‌ی پێشكه‌شی میلله‌ته‌كه‌ی كردووه‌.

كاتێك كه‌باس دێته‌ سه‌ر پێگه‌ی جوگرافی و مێژوویی ڕواندز و باسكردنی دیرۆكی ئه‌و شاره‌ جوان و قه‌شه‌نگه‌ی كوردستان ، هه‌ندێك ناو بوونه‌ته‌ نازناو و سمبولی جوانی ڕه‌واندز، وه‌ك ( پاشای گه‌وره‌ ، خه‌ره‌ند و وه‌ستا ره‌جه‌ب) له‌پاڵ ئه‌و ناوه‌ به‌رزانه‌ ، ناوێكی دی به‌هه‌وڵ و تێكۆشانی دڵسۆزانه‌ی بوونی خۆی سه‌لماندووه‌ ئه‌ویش ڕابه‌ر و مامۆستا و  فێركار وهونه‌رمه‌ند ( زرار محه‌مه‌د مسته‌فا ) یه‌ ، ناوێكی دره‌وشاوه‌ی نێو موزیك و گۆرانی كوردی یه‌ كه‌ به‌ هونه‌رمه‌ند ( زرار ڕواندزی ) ناسراوه‌.

له‌وه‌رزی پایزێكی ساردو سه‌رماو سۆڵه‌ی ساڵی (1937) له‌شاره‌كه‌ی پاشای گه‌وره‌ ، له‌خانه‌واده‌یه‌كی خوێنده‌وار و ڕۆشنبیر، هونه‌رمه‌ند ( زرار محه‌مه‌د مسته‌فا) له‌دایك ده‌بێت، له‌ساڵی (1944) ده‌خرێته‌ به‌رخوێندن ، تاپۆلی چواره‌می سه‌ره‌تایی له‌ڕه‌واندز به‌رده‌وام ده‌بێت، به‌هۆی ناله‌باری ژیانی خانه‌واده‌كه‌ی له‌ڕه‌واندزه‌و ده‌گوازنه‌وه‌ بۆ ( هه‌ریر و باتاس) له‌وێ پۆلی پێنج و شه‌شه‌می سه‌ره‌تایی ته‌واو ده‌كات ، دواتر به‌ماڵه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ شاری ڕه‌واندز و درێژه‌ ده‌دات به‌خوێندن و قۆناغی ناوه‌ندی ته‌واو ده‌كات.

هونه‌رمه‌ند بۆمه‌به‌ستی ته‌واوكردنی قۆناغی خوێندنی ئاماده‌یی ڕووده‌كاته‌ شاری هه‌ولێر و بڕوانامه‌ی پێنجه‌می ئاماده‌یی به‌شی (وێژه‌یی) به‌ده‌ست دێنێت .

به‌پێی بڕیارێكی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ خولێكی هاوینه‌ بۆماوه‌ی (3) مانگ ده‌كرێته‌وه‌ و هونه‌رمه‌ند به‌شداری ئه‌و خوله‌ ده‌كات و دواتر به‌مامۆستای سه‌ره‌تایی له‌ ساڵی (1958) له‌ ( ده‌ربه‌ندی ڕایات) وه‌ك مامۆستای قوتابخانه‌ داده‌مه‌زرێت.ماوه‌ی (3) ساڵ وه‌ك وانه‌بێژ وانه‌ به‌قوتابیه‌كانی ده‌ڵێته‌وه‌ و دوای ئه‌و ماوه‌یه‌ ڕاژه‌كه‌ی ده‌گواسترێته‌وه‌ بۆ قوتابخانه‌ی پاشای گه‌وره‌ی سه‌ره‌تایی له‌ ڕه‌واندز،

هونه‌رمه‌ند و مامۆستا جگه‌ له‌وانه‌ی هونه‌ر( مۆسیقا و گۆرانی و نێگاركێشان) وانه‌ی زمانی ئینگلیزیشی به‌قوتابییه‌كانی  وتۆته‌وه‌.

سه‌ره‌تای هاتنه‌نێو دنیای هونه‌ری وێنه‌كێشان و مۆسیقا...!

له‌ته‌مه‌نی منداڵییه‌وه‌ هونه‌رمه‌ند حه‌زو خولیای بۆ هونه‌ر هه‌بووه‌،به‌ڵام داب و نه‌ریتی كۆمه‌ڵی كورده‌واری و منداڵ ئه‌و بوێرییه‌ی نه‌بووه‌ له‌وسه‌رده‌مه‌دا بتوانێت حه‌زو ئاره‌زووه‌كانی ڕاسته‌وخۆ بدركێنێ، هه‌روه‌ها نه‌بوونی فێرگه‌یه‌كی مۆسیقا له‌شاری ڕه‌واندزو ناوچه‌كه‌،ئه‌مانه‌ ده‌بنه‌ هۆی دره‌نگ ده‌ركه‌وتنی توانا و به‌هره‌ی هونه‌ری هونه‌رمه‌ند زرار ڕه‌واندزی.

دوای ئه‌وه‌ی وه‌ك مامۆستا له‌ساڵی (1961-1962) ده‌گه‌رێته‌وه‌ شاری ڕه‌واندز و به‌هۆی په‌یوه‌ندی  برایانه‌ی له‌گه‌ڵ دوو هاوڕێی خۆی ( سدیق حاجی محه‌مه‌د ئه‌مین و فه‌رهاد شاكر مجرم) ئه‌م دوو كه‌سایه‌تیه‌ له‌شاری به‌عقوبه‌ خوێندوویانه‌و شاره‌زاییان له‌ هونه‌ری ( نیگار كێشان و خۆشنووسی ) دا هه‌بووه‌،هانیانداوه‌و هاوكاری هونه‌رمه‌ند بوون كه‌ به‌رده‌وام بێت له‌كاری هونه‌ری ، هونه‌رمه‌ند زرار محه‌مه‌د مسته‌فا،  كات و زه‌مینه‌ ده‌ڕه‌خسێنێ و له‌سه‌ر ئه‌و دوو هونه‌ره‌ به‌رده‌وام ده‌بێت، له‌ڕێی پێشانگاو چالاكی قوتابخانه‌كه‌یه‌وه‌ كاره‌ هونه‌رییه‌كانی درێژه‌ پێ ده‌دات.

له‌باره‌ی هونه‌ری مۆسیقاوه‌ هونه‌رمه‌ند ده‌ڵێت( له‌ڕاستیدا ئاره‌زووی مۆسیقا و ژیانی مۆسیقیم دره‌نگ ده‌ستی پێكرد، ئه‌ویش له‌به‌ر نه‌بوونی گرووپی مۆسیقا و له‌به‌ر نه‌بوونی مامۆستای لێهاتوو و شاره‌زا له‌ بواری مۆسیقا له‌سه‌رجه‌م ناوچه‌كه‌، كاری هونه‌ری مۆسیقام ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سالی (1970) كه‌به‌یانی (11ی ئادار) درا، زه‌مینه‌یه‌كی باش ڕه‌خسا تا خه‌ڵك تێكه‌ڵی لایه‌نی هونه‌ری و ڕۆشنبیری ببێ،جا نه‌بوونی گرووپی مۆسیقا و زۆربوونی ئاهه‌نگه‌كان له‌ (1970_1974) زۆرجار ده‌چووین تیپی مۆسیقامان له‌شاری هه‌ولێره‌وه‌ ده‌هێناتائاهه‌نگمان بۆ بگێڕن،ئه‌مانه‌ هه‌موو هانیان دام و كاریان تێكردم كه‌ هه‌وڵبده‌ین جموجۆڵێك له‌بواری مۆسیقا له‌شاره‌كه‌ماندا بخوڵقێنین، له‌م بواره‌شدا یه‌كه‌مین مامۆستام خوالێخۆشبوو ( سه‌ردار فه‌تاح بێبه‌خت) بوو،خۆی خه‌ڵكی ره‌واندز بوو به‌ڵام له‌كه‌ركوك په‌روه‌رده‌ ببوو، له‌وێ له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند ( قادر مه‌ردان) و براده‌رانی تر كاری مۆسیقای كردبوو و شاره‌زایی له‌ژه‌نینی ئامێری ( عود و كه‌مانچه‌ ) هه‌بووبه‌ڵام به‌بێ (نۆت) ده‌یژه‌ند، هه‌ربه‌گوێ فێرببوو ، له‌گه‌ڵ خۆشم مامۆستا بوو له‌ قوتابخانه‌ی پاشای گه‌وره‌ )(1) 

هونه‌رمه‌ند ئه‌وه‌نده‌ خولیاو ئاره‌زووی بۆ مۆسیقا هه‌بووه‌، له‌یه‌كێك له‌ گه‌شته‌كانی بۆ شاری به‌غدا ئامێرێكی ( عود) ده‌كڕێت هه‌رچه‌نده‌ نه‌یزانیوه‌ ئه‌و ئامێره‌ بژه‌نێ و، به‌رده‌وام گوێگرتن له‌ڕادیۆ و ده‌نگی هونه‌رمه‌ندانی كورد و عه‌ره‌ب به‌تایبه‌ت ( محه‌مه‌د عه‌بدولوه‌هاب و فه‌رید ئه‌تره‌ش) به‌ده‌نگ و كاره‌ هونه‌رییه‌كانی ئه‌و دوو هونه‌رمه‌نده‌ سه‌رسام بووه‌.

هونه‌رمه‌ندهه‌میشه‌ له‌بیری ئه‌وه‌دا ده‌بێت كه‌ تیپێكی مۆسیقی له‌شاره‌كه‌یان درووست بكه‌ن ، تاڕۆژێك له‌ گه‌ڵ مامۆستا سه‌ردارو چه‌ند هاوڕێیه‌كی كۆده‌بنه‌وه‌و بڕیارده‌ده‌ن( ئێمه‌ی لاوانی ئاره‌زوومه‌ندی موزیك هه‌ستمان به‌كزی شاره‌كه‌مان له‌وبواره‌دا كردبوو، له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك لاوی دۆست جگه‌ له‌ موزیكژه‌ن سه‌ردار بێبه‌خت،له‌گه‌ڵ ئه‌م هاوڕێیانه‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كمان كرد ( مامۆستا سه‌ردار محه‌مه‌د عه‌لی، سیروان عومه‌ریوسف ، دڵشاد غه‌فوور ، محه‌مه‌د ئه‌مین حاجی نه‌بی ، مامۆستاعه‌بدوڵڵا قادر، فه‌وزی جه‌وده‌ت، ڕه‌فیق زرار و فوئاد محه‌مه‌د فه‌قێ حه‌سه‌ن) بڕیارماندا ده‌ست به‌فیربوونی موزیك بكه‌ین ، له‌ (1/5/1971) ده‌ستمان به‌پرۆڤه‌ كرد به‌بێ مامۆستا، دوای مانگێك داوایان لێكردین به‌شداربین له‌ ئاهه‌نگی شه‌هیدان دا (یادی شه‌هیدانی 19 ی حوزه‌یران) ئێستاش له‌بیرمه‌ بۆیه‌كه‌م جار له‌ژیانمداله‌سه‌ر شانۆ و له‌به‌رامبه‌ر خه‌ڵكی دانیشتین، یه‌كه‌مین به‌رهه‌ممان سروودی ( ئه‌ی شه‌هیدان) بوو ، به‌خۆشم نه‌مده‌زانی چیم لێداوه‌ئاره‌قه‌ دڵۆپ دلۆپ به‌ده‌مووچاومدا ده‌هاته‌ خوارێ له‌شه‌رماندا، ئاخر به‌مانگه‌كی پیاو چ فێر ده‌بێ ، خواخوامان بوو زوو ته‌واو بین و له‌سه‌ر شانۆكه‌ دابه‌زینه‌ خوارێ ! ئه‌وه‌ سه‌ره‌تای ده‌ست پێكردنمان بوو) (2)

ئه‌م ئاره‌زوو مه‌ندانه‌ بۆ موزیك به‌وشێوه‌یه‌ به‌بێ مامۆستا یان كه‌سێك ڕێنوێنیان بكات كه‌له‌سه‌ر بنه‌مای زانستی موزیك فێرببن، ئه‌و عه‌شقه‌یان بۆ هونه‌ری موزیكی شاره‌كه‌یان كۆیان ده‌كاته‌وه‌و ناویان وه‌ك گروپێكی موزیك بڵاو ده‌بێته‌، له‌لایه‌ن به‌رپرسی ناوچه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ڕه‌واندز( سه‌عید یه‌حیا  خه‌تات) ، له‌ناو ناوچه‌ ژوورێكیان بۆته‌رخان ده‌كات تا له‌وێ كۆببنه‌وه‌ پرۆڤه‌ی هونه‌ری بكه‌ن،له‌به‌رئه‌وه‌ی خۆی هونه‌ردۆست و شاره‌زای موزیك بووه‌، پشتیوانی لێكردوون، تا ڕۆژێك سه‌ردانیان ده‌كات بۆئه‌وه‌ی له‌نزیكه‌وه‌ بیان بینێ و خۆشحاڵی خۆی بۆیان ده‌ربڕێ.

( كاك سه‌عید یه‌حیا خه‌تات ، شاره‌زایی له‌بواری مۆسیقادا هه‌بوو ، هات  و وتی زۆر خۆشحاڵم كه‌ ئه‌نگۆ تیپی مۆسیقاتان هه‌یه‌، با گوێتان لێڕاگرم بزانم چ لێده‌ده‌ن، به‌ڕاستی كه‌ گوێی لێگرتین گوتی وه‌رن بزانم ئه‌نگۆ ئه‌وه‌ چ لێده‌ده‌ن، گوتی كاكه‌ ئه‌نگۆ به‌هه‌ڵه‌ چووینه‌،غه‌ڵه‌تن وه‌رن له‌سه‌ره‌تاوه‌ ده‌ستپێبكه‌نه‌وه‌، به‌هه‌قیقه‌ت كاك سه‌عید ده‌ورێكی زۆر باڵای هه‌بوو كه‌ڕێی ڕاستی پیشانداین، فێری مه‌قاماتی كردین ، فێری په‌نجه‌دانانی كردین، ئیدی تیپه‌كه‌مان له‌وێوه‌ ڕووی له‌گه‌شه‌كردن كرد، دوو براده‌ری تریش هاتنه‌ ناو تیپ ، شاكر سابیر كه‌مانچه‌ی ده‌ژه‌نی و ئه‌نوه‌ر قادر ، ئۆكۆردیۆنی ده‌ژه‌نی، له‌و كاته‌وه‌ (1972_1973) هه‌رچی ئاهه‌نگێك كرابێت چ له‌ناو ڕه‌واندز یان له‌ده‌وروبه‌ری ئێمه‌ به‌شداریمان تێداده‌كرد) (3)

ئه‌م تیپه‌ هونه‌رییه‌ له‌كاره‌هونه‌رییه‌كانیان به‌رده‌وام ده‌بن تا ساڵی (1974) تێكچوونی بارودۆخی سیاسی و ده‌ستپیكردنه‌وه‌ی شۆڕشی ئه‌یلول،ئه‌ندامانی تیپ په‌رته‌وازه‌ ده‌بن و هونه‌رمه‌ندزرار محه‌مه‌د مسته‌فا ده‌بێت به‌پێشمه‌رگه‌ و دواتر ئاواره‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان ده‌بێت، تا نسكۆی ساڵی (1975) ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ شاری ڕه‌واندز،هونه‌رمه‌ند بڕیار ده‌دات كه‌نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر كاری هونه‌ری، ئه‌و بڕیاره‌شی له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌ بووه‌ كه‌  ڕژێمی به‌عس كاری هونه‌رییان پێ ئه‌نجام بدات له‌به‌ربه‌رژه‌وه‌ندی حیزبه‌كه‌ی.

كه‌ی و چۆن تیپی مۆسیقای پاشای گه‌وره‌ له‌ ڕه‌واندز درووست بوو..؟!

له‌باشووری كوردستان ،دروستبوونی تیپی مۆسیقای منداڵان، مێژوویه‌كی جوانی هه‌یه‌،له‌ ناوه‌ڕاستی په‌نجاكانی  سه‌ده‌ی پێشووه‌ وه‌ ئه‌و ڕه‌وته‌ به‌نرخه‌ بۆگه‌شه‌ پێكردن و فێركردنی فریشته‌چاوجوانه‌كانی كوردستان و ئاوێته‌ بوونی ڕۆحیان به‌ هونه‌ری مۆسیقاده‌ستیپێكردووه‌، فێركردنی منداڵانی كورد به‌هونه‌ری مۆسیقا ، ئه‌م مامۆستا و هونه‌رمه‌نده‌ ئازیزانه‌ پێشه‌نگ بوون و جێ ده‌ستیان دیاره‌ له‌فێركردن و پێگه‌یاندنی منداڵانی ژه‌نیاری ئامێره‌كانی مۆسیقا،  هونه‌رمه‌ندان( ولیه‌م یوحه‌ننا ، باكووری ، جه‌لال عه‌زیز، ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داخی ، سه‌لاح ڕه‌ووف ، خالید سه‌ركار ، عوسمان محه‌مه‌د ئه‌مین ، دلێر ئیبراهیم ،نامدار قه‌ره‌داخی،  فه‌ره‌نسیس داوود، ئه‌نوه‌ر تاهیر ، سه‌ردار ئه‌حمه‌د و وریا ئه‌حمه‌د ...تاد)

هونه‌رمه‌ند له‌ساڵی (1976) به‌مه‌به‌ستی به‌شداریكردنی له‌ خولی ( ڕاهێنانی مامۆستایان له‌مه‌ڵبه‌ندی كاری ده‌ستی) ڕووده‌كاته‌ شاری سلێمانی،ماوه‌ی چوار مانگ ئه‌و خولی ڕاهێنانه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت، هونه‌رمه‌ند به‌هۆی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ له‌مێژینه‌ی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیاری تیپی مۆسیقای سلێمانی( فه‌ره‌یدون دارتاش) رۆژانه‌ دوای ته‌واوبوونی كاره‌كه‌ی له‌ڕێی فه‌ره‌یدون دارتاشه‌وه‌ سه‌ردانی تیپی مۆسیقای سلێمانی ده‌كات و له‌نزیكه‌وه‌ به‌دیداری هونه‌رمه‌ندانی تیپی ناوبراو شاد ده‌بێت، ده‌بینێت كه‌ هونه‌رمه‌ندانی تیپی مۆسیقای سلێمانی سه‌رقاڵی پێكهێنانی تیپێكی مۆسیقین بۆ منداڵان، له‌و كاته‌دا پاشگه‌ز ده‌بێته‌وه‌ له‌بڕیاره‌كه‌یی و هه‌ستێك له‌ناخیدا چرۆ ده‌كات و بڕیارده‌دات كه‌گه‌ڕایه‌وه‌ له‌شاری ڕه‌واندز ،خزمه‌ت به‌ منداڵانی شاره‌كه‌ی بكات و تیپێكی مۆسیقی له‌و منداڵه‌ زیره‌ك و لێهاتوو و چاپوكانه‌ درووست بكات.

داڕشتنی بیرۆكه‌ی ئه‌و پرۆژه‌یه‌ بێگومان له‌ژێر كاریگه‌ری ئه‌و سه‌ردان و مانه‌وه‌ی ئه‌و ماوه‌یه‌ له‌شاری سلێمانی تێكه‌ڵابوونه‌ی به‌ هونه‌رمه‌ندانی تیپی مۆسیقای سلێمانی،هونه‌رمه‌ند كه‌ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ڕه‌واندز و یه‌كه‌م كاری بڕیاردان ده‌بێت له‌سه‌ر دروستكردنی تیپێكی مۆسیقای منداڵان، چونكه‌ خۆی مامۆستای سروودی قوتابخانه‌كه‌ بووه‌، له‌هه‌ستی خۆیدا چه‌ند قوتابییه‌كی به‌هره‌دار ده‌ست نیشان ده‌كات.

( وه‌كو خه‌ون دێته‌وه‌ یادم ساڵی (1977) ده‌قاو ده‌ق ڕێكه‌وته‌كه‌یم له‌بیر نییه‌، به‌ڵام به‌بۆچوونی خۆم  مانگی شه‌شی ئه‌و ساڵه‌بوو، له‌گۆڕه‌پانی قوتابخانه‌ی پاشای گه‌وره‌ سه‌رجه‌م قوتابییه‌كان وه‌ستابووین بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی ئه‌نجامی ئه‌زموونه‌كانی كۆتایی ساڵ،پێش دانه‌وه‌ی ئه‌نجامه‌كان مامۆستا زرار له‌وته‌یه‌كی كورتدا گووتی : به‌نیازم تیپێكی مۆسیقا دابمه‌زرێنم و خولێكی مۆسیقا ده‌كه‌مه‌وه‌ هه‌ریه‌كێك له‌ئێوه‌ حه‌ز ده‌كات یان ئاره‌زووی فێربوونی مۆسیقای هه‌یه‌ باناوی خۆی بنوسێت) (4)

له‌دوای ئه‌و ئاگادارییه‌به‌ قوتابییه‌كانی، هونه‌رمه‌ند چه‌ند قوتابییه‌ك  له‌پۆلی ( چوار و پێنجی) سه‌ره‌تایی هه‌ڵده‌بژێرێت كه‌له‌تواناو به‌هره‌ی ئه‌و قوتابیانه‌ دڵنیا ده‌بێت وه‌ك ( چه‌تۆ صاڵح نه‌ورۆز، ئامانج غازی،ئه‌حمه‌د جه‌بار ،سیروان عه‌بدوڵڵا،شێرزاد ئه‌كره‌م، بژار و ڕێبوار نوری ،فاروق و نیعمه‌ت باپیر ،نوری باویل ئاغا) هونه‌رمه‌ند له‌گه‌ڵ قوتابییه‌كانی تێده‌كۆشێت بۆ ماوه‌ی سێ مانگ  واته‌ له‌پشووی هاوینی ئه‌و ساڵه‌دا،ناساندنی ئامێره‌كان و شێوازی به‌كارهێنانی و پرۆڤه‌ كردن، له‌وهه‌نگاوه‌وه‌ به‌ردی بناغه‌ی تیپی مۆسیقای منداڵان له‌ڕه‌واندز له‌ڕێكه‌وتی (1/7/1977) داده‌مه‌زرێنێت.

ئه‌و مه‌شق و ڕاهێنان وپرۆڤه‌كردن به‌قوتابییه‌كانی به‌رده‌وام ده‌بێت، تا سه‌ره‌تای كردنه‌وه‌ی ساڵی خوێندنی نوێ، دوای دڵنیابوون له‌توانای ئه‌و به‌هره‌مه‌ندانه‌ ، هونه‌رمه‌ند یه‌كه‌مین ئاهه‌نگێك به‌ناوی تیپی مۆسیقای قوتابخانه‌ی پاشای گه‌وره‌ ده‌گێڕن و به‌و كاره‌یان ده‌بنه‌ جێی باس و خواس و سه‌ر‌سامی له‌شاری ڕه‌واندز ‌ كه‌ بوونه‌ته‌ خاوه‌نی تیپێكی مۆسیقا، ئه‌م ئاهه‌نگه‌ش ده‌بێته‌ هانده‌رێكی باشتر بۆ به‌ردامبوونیان.

له‌ڕێكه‌وتی ( 20/8/1977) به‌شی كۆمه‌ڵ و هونه‌رو وێژه‌ی كوردی له‌ڕه‌واندز ده‌كرێته‌وه‌ ، كردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵ  له‌ڕه‌واندز گووڕو تینێكی پته‌و ده‌دات به‌و تیپه‌ مۆسیقیه‌، چونكه‌ مۆڵه‌تی فه‌رمییان نه‌بووه‌، به‌ڵام بۆئه‌وه‌ی درێژه‌ به‌و ڕێگا پیرۆزه‌ بده‌ن، خۆیان ده‌ده‌نه‌ پاڵ كۆمه‌ڵ و هه‌رله‌ناو بیناكه‌ی كۆمه‌ڵ و هونه‌رو وێژه‌ی كوردی پرۆڤه‌و مه‌شق ده‌كه‌ن، به‌هره‌مه‌ندی و لێهاتوویی كارامه‌یی ئه‌و منداڵه‌ شیرین و خوێن گه‌رمانه‌ زیاتر ده‌بێته‌ هانده‌ر بۆ هونه‌رمه‌ند زرار محه‌مه‌د مسته‌فا كۆشش و به‌رده‌وام بێت له‌سه‌ر ئه‌و كاره‌ پیرۆزه و ئه‌و زانیارییه‌ی له‌سه‌ر مۆسیقاهه‌یبووه‌، نه‌ك به‌شێوه‌یه‌كی ئه‌كادیمی به‌ڵكو به‌وشێوه‌ ساده‌یه‌ی كه‌ فێریبووه‌،ئه‌و منداڵه‌ خۆشه‌ویستانه‌ فێربكات‌. به‌ڵام هونه‌رمه‌ند هه‌موو كات له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دا بووه‌ زانیاری زیاتر به‌ده‌ستبێنێت و منداڵان به‌شێوه‌یه‌كی ته‌ندروست په‌روه‌رده‌و فێربكات، زۆرجار هانای بۆ مامۆستایانی هونه‌رمه‌ند ( ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داخی ، وریا ئه‌حمه‌د، سه‌لاح ڕه‌ووف و فه‌ره‌یدون دارتاش ) بردووه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانی زانیاری و فێربوونی زیاتر، له‌ساڵی (1978 _1979) بۆمه‌به‌ستی فێربوون و خوێندنه‌وه‌ی (نۆته‌) ی مۆسیقی ده‌چێته‌ شاری هه‌ولێر و به‌شداری خولێكی فێربوون ده‌كات له‌چالاكی قوتابخانه‌كان به‌سه‌رپه‌رشتی مامۆستا و هونه‌رمه‌ند ( وریائه‌حمه‌د) له‌گه‌ڵ وه‌رگرتنی ئه‌و زانیارییانه‌ له‌سه‌ر نۆته‌، به‌هه‌موو كاره‌كانیدا چۆته‌وه‌و سه‌له‌نوێ به‌شێوه‌یه‌كی زانستی قوتابییه‌كانی فێركردووه‌.رۆژ به‌ڕۆژ قوتابییه‌كانی گه‌شه‌ ده‌كه‌ن و پێشكه‌وتنی زێده‌تر به‌ده‌ست دێنن، ناو  و ناوبانگی تیپی مۆسیقای پاشای گه‌وره‌ به‌هه‌موو لایه‌كدا بڵاوده‌بێته‌وه‌و هاوشانی تیپه‌ مۆسیقییه‌كانی كوردستان به‌تایبه‌تی تیپی مۆسیقای منداڵان كارو چالاكی هونه‌ری ئه‌نجام ده‌ده‌ن و به‌شداری له‌ فیستڤاڵه‌كاندا ده‌كه‌ن و سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست دێنن، نووسه‌ری به‌ناوبانگی نه‌ته‌وه‌كه‌مان( مه‌حمود زامدار) ده‌ڵێت ( له‌شارۆچكه‌ شیرینه‌كه‌ی پاشای گه‌وره‌ ، له‌ڕه‌واندزی خه‌ره‌ند و كه‌و  وچیا، سه‌رله‌به‌یانی و ئێوارانی هه‌موو ڕۆژێ ، له‌یه‌كێ له‌قوتابخانه‌كانیدا كۆمه‌ڵێك مناڵ، به‌ئاوازی به‌سۆز و به‌گۆرانی  ڕه‌سه‌ن، دڵ و ده‌روونی ژیان ئاو ئه‌ده‌ن  و موژده‌ی جوڵانه‌وه‌یه‌كی سه‌رفرازی هونه‌ری له‌م ناوچه‌یه‌دا بڵاوئه‌كه‌نه‌وه‌، كه‌ ئه‌چیته‌ نێو قوتابخانه‌ و نێو ژووره‌ چكۆلانه‌كه‌ی سه‌ره‌وه‌، ده‌سته‌یه‌ك مناڵی چاوگه‌ش و گۆنا سوور ، به‌ته‌لی كه‌مانچه‌و ناڵه‌ی ئۆكۆردیۆن و ده‌نگی ته‌پڵه‌كانیان پێشوازیت لێ ئه‌كه‌ن. سڵاوت وه‌رئه‌گرنه‌وه‌ ، ئه‌م تیپه‌ سه‌ر به‌قوتابخانه‌ی پاشای گه‌وره‌یه‌ و به‌هه‌وڵ و كۆشش و پاره‌ی هونه‌رمه‌ندی دڵسۆز مامۆستا زرار محه‌مه‌د له‌پێناو په‌ره‌پێدانی جوڵانه‌وه‌ی گۆرانی و مۆسیقا له‌م ناوچه‌ شاخاویه‌دا هاتۆته‌ كایه‌وه‌، هه‌موو ڕۆژێ به‌یانی و ئێواران مه‌شقیان پێ ئه‌كرا، بێگومان پاشه‌ڕۆژێكی ڕووناك چاوه‌ چاوی ئه‌م تیپه‌و به‌رهه‌می به‌پێزی ئه‌م مناڵه‌ زیره‌كانه‌ی ڕه‌واندز ئه‌كات و ئه‌ستێره‌یه‌كی تری تیپه‌ جوانه‌كانی مۆسیقای مناڵان له‌ئاسۆی هونه‌ری مناڵانی كورد دا ئه‌دره‌وشێته‌وه‌) (5)

بێگومان هه‌موو ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ چاپوك و زرینگانه‌ی پاشای گه‌وره‌ به‌هه‌وڵ و تێكۆشانی مامۆستا ئازیزه‌كه‌یان دره‌وشانه‌و ئه‌مڕۆ هه‌ریه‌كه‌یان بوونه‌ته‌ مامۆستا و هونه‌رمه‌ندێكی ئه‌كادیمی لێهاتووكه‌هه‌میشه‌ جێی شانازیی نه‌ته‌وه‌كه‌مانن، ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی مامۆستا و قوتابییه‌كانی چونكه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای خۆشویستن و راستگۆیی بنیات نرابوو، ته‌نانه‌ت كاتێك قۆناغی سێی ناوه‌ندی له‌شاری ڕه‌واندز ته‌واو ده‌كه‌ن ، هه‌موویان گوێڕایه‌ڵی فه‌رمایشت و ڕێنمایی مامۆستا ئازیزه‌كه‌یانن و ڕێی په‌یمانگای هونه‌ره‌ جوانه‌كانی موسڵ ده‌گرنه‌ به‌رو درێژه‌ به‌خوێندنی مۆسیقا ده‌ده‌ن و هه‌موویان ئاكادیمیان له‌ مۆسیقادا به‌ده‌ستهێناوه‌.

تیپی مۆسیقای پاشای گه‌وره‌ بۆمه‌به‌ستی خزمه‌تكردنی زۆرتر به‌هونه‌ر و گه‌یاندنی په‌یامه‌كه‌یان به‌ته‌واوی كوردستاندا، له‌( 14/11/1984) ده‌چن بۆشاری به‌غدا و  یانزه‌ به‌رهه‌می نوێ بۆ ڕادیۆی كوردی به‌غدا تۆمارده‌كه‌ن،

هونه‌رمه‌ند زرار محه‌مه‌د مسته‌فا له‌ماوه‌ی ژیانی هونه‌ریدا چه‌ند ئاوازێكی داناوه و چه‌ندین گۆرانی ئاماده‌كردووه‌‌، وێستگه‌كانی ژیانی هونه‌ری و تایبه‌تی هونه‌رمه‌ند گه‌لێك زۆرن و چه‌ندین پۆست و ئه‌ركی سه‌رشانی به‌ئه‌مانه‌ته‌وه‌ به‌جێهێناوه‌، هیچ كات چاوه‌ڕێی پاداشت نه‌بووه‌، به‌رده‌وام هۆنراوه‌ به‌رزه‌كه‌ی شاعیری نه‌مر ( كامه‌ران موكری)

( كه‌وتووینه‌ ڕێگا له‌گه‌ڵ كاروانا... پاداشتم ناوێ له‌تێكۆشانا)

 كردۆته‌ ئامانج و له‌و ڕوانگه‌یه‌له‌ڕابردوو داهاتووی خۆی ڕوانیوه‌و ، هه‌میشه‌ شانازی ده‌كات كه‌ نه‌وه‌یه‌كی پێگه‌یاند له‌سه‌ر بنه‌مای خۆشویستن بۆ خاك و نیشتمان و هونه‌ر، هه‌رله‌سه‌ره‌تای دروست بونیانه‌وه‌ تا دوای ڕاپه‌ڕینیش‌ ئه‌م تیپه‌ جوان و پڕ به‌خششه‌ی پاشای گه‌وره‌ ، به‌هه‌وڵ و تێكۆشان و خه‌مخۆری مامۆستا زرار محه‌مه‌د و هه‌موو ژه‌نیاره‌ ده‌ست و په‌نجه‌زێڕینه‌كانی ، هه‌موو كات ده‌رگای خزمه‌تكردنییان بۆ ته‌واوی هونه‌رمه‌ندان واڵا بووه‌ و به‌وپه‌ڕی لێبورده‌ییه‌وه‌ كاری هونه‌رییان بۆ هونه‌رمه‌ندانی شاره‌كانی كوردستان و هونه‌رمه‌ندانی گۆرانیبێژ و سروودبێژی پارچه‌كانی تری كوردستان ئه‌نجامداوه‌ ( وه‌لی دۆسكی ،ئه‌حمه‌د مه‌ندانه‌، نه‌جمه‌دینی غوڵامی، كالێ ، ئه‌بوبه‌كری له‌گزی، ناسری ڕه‌زازی ، هاوتا ئه‌سعه‌د و خدر بێجانی) ‌.

 هونه‌رمه‌ند و مامۆستا ( ولیه‌م یوحه‌ننا) هه‌موو ژیانی به‌خشی به‌فێركردن و خزمه‌تكردن به‌مۆسیقاو تاكۆچی دوایشی كرد هه‌ر به‌ڕه‌به‌نی مایه‌وه‌، به‌داخه‌وه‌ ئه‌م مێرخاس و مامۆستا پایه‌به‌رزه‌( زرار محه‌مه‌د مسته‌فا) ئه‌ویش به‌هه‌مان شێوه‌ی هونه‌رمه‌ند ولیه‌م یوحه‌ننا، تائێستا ژیانی هاوسه‌ری پێك نه‌هێناوه و‌، ژیانی خۆی كردۆته‌ قوربانی بۆ هونه‌ر و پێگه‌یاندنی قوتابییه‌كانی.

 زۆر زێده‌تر هه‌ڵده‌گرێ كاروانی لێوڕیژ له‌ خه‌بات و تێكۆشانی پڕ شكۆی هونه‌رمه‌ند خوێندنه‌وه‌ی بۆ بكرێت، په‌روه‌ردگار به‌ره‌كه‌ت خاته‌ ته‌مه‌نییه‌وه‌.

هونه‌رمه‌ند له‌ڕێكه‌وتی ( 1/7/1987) بۆجاری یه‌كه‌م خانه‌نشین ده‌كرێت ، دوای چه‌ندین ساڵ سوود له‌تواناو به‌هره‌كانی وه‌رده‌گیرێت و ، له‌ساڵی (1998) ده‌كرێت به‌به‌ڕێوه‌به‌ری مه‌ڵبه‌ندی كاری ده‌ست له‌ڕه‌واندز، به‌ردوامه‌ له‌به‌خششی هونه‌ری وكردنه‌وه‌ی خولی فێربوونی مۆسیقا و خولی نیگار كێشان بۆ منداڵانی ڕه‌واندز و دیانه‌. بۆجاری دووه‌م هونه‌رمه‌ند له‌ (1/7/2005) خانه‌شین ده‌كرێته‌وه‌وچه‌ندین جار ڕێزو سوپاس و ستایش كراوه‌له‌بواری په‌روه‌رده‌و فێركردن و مێژووی هونه‌ری، به‌داخ و په‌ژاره‌یه‌كی زۆره‌وه‌  ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ ناوداره‌ی كوردستان  و سمبولی جوان و گه‌شی شاره‌ ڕازاو دڵفڕێنه‌كه‌ی ڕواندز له‌ته‌مه‌نی (84) ساڵیدا له‌ڕێكه‌وتی( 7/12/2021)  خۆری ته‌مه‌نی ئاوابوو، ژیانئاوایی له‌ ڕواندز و هونه‌ر و ئاواز و مۆسیقا و قوتابییه‌كانی كرد ، به‌جه‌سته‌ ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ مه‌زنه‌ به‌جێیهێشتین ، به‌ڵام بۆهه‌میشه‌ مه‌شخه‌ڵه‌ دره‌وشاوه‌كه‌ی بواری په‌روه‌رده‌و هونه‌ری مۆسیقا له‌ ڕواندزو كوردستان  هه‌ربه‌گه‌شایه‌وه‌یی ده‌مێنێته‌وه‌.

جه‌مالی ده‌لاك 8/12/2021

سه‌رچاوه‌ :  (1 و 3) زرار مسته‌فا ڕه‌واندزی ..چرا خامۆش نه‌بوه‌كه‌ی ڕه‌واندزییان ،،ئا: زایه‌ر عه‌بدوڵلا ،،گۆڤاری خاك ،، ژماره‌ (61) له‌ 10 ی ته‌مموزی 2002، لاپه‌ڕه‌ (17)

(2) زرار محه‌مه‌د مسته‌فا ..گۆڤاری چلاواز ، ژماره‌ (23 و 24) شوباتی (2008) لاپه‌ڕه‌ (31)

(4) نوسینی مامۆستا و هونه‌رمه‌ند كامه‌ران حاجی ئه‌لیاس ، یادی ساڵوه‌گه‌ڕی دامه‌زراندنی تیپی مۆسیقای پاشای گه‌وره‌ ، ڕۆژنامه‌ی خه‌بات ، پێنج شه‌ممه‌ 12/7/2018

(5) ملیۆنه‌ها مۆم ، چه‌پكه‌ نێرگز، په‌پووله‌ ، مه‌حمود زامدار ، گۆڤاری به‌یان ، ژماره‌ ( 54) ئاداری (1979) لاپه‌ڕه‌ (94)

کوردستان بناسە

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.