Erbil 9°C ھەینی 22 تشرینی دووەم 04:03

حه‌سه‌ن دڵسۆز.. بۆ هونه‌ر و هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی ژیا و به‌بێ ده‌نگی ماڵئاوایی کرد ..؟!

( 1943 خانه‌قین _ 28/7/2021 به‌غداد )
کوردستان TV
100%

خامه‌م له‌خزمه‌تی هونه‌رمه‌ندێكی ده‌ڤه‌ره‌كه‌ی گه‌رمه‌سێره‌ كه‌ ماوه‌یه‌كی زۆره‌ خزمه‌تی به‌هونه‌ری نه‌ته‌وه‌كه‌ی كردووه‌، به‌ڵام به‌رله‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌كانی ژیانی ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ هه‌ڵبده‌ینه‌وه‌ ، پێم باشه‌ كه‌ ڕوونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌سه‌ر ناو و نازناوی  ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ بده‌م كه‌ هاوشێوه‌ی ناو و نازناوی هونه‌رمه‌ندێكی مه‌ڵبه‌نده‌كه‌ی بابانه‌، ئاساییه‌ كه‌ هه‌ندێك جار ناو و نازناو هاوشێوه‌یه‌ی یه‌كتری بوونیان هه‌بێت ، هه‌ریه‌كه‌یان له‌شارێك بن و هه‌ردووكیان هونه‌رمه‌ند بن و خزمه‌ت به‌ هونه‌ری نه‌ته‌وه‌كه‌یان بكه‌ن، ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ی من گه‌ره‌كمه‌ خامه‌م بخه‌مه‌خزمه‌تییه‌وه‌  ، هونه‌رمه‌ند ( حه‌سه‌ن دڵسۆز ) ی گۆرانیبێژ و مه‌نه‌لۆج بێژی شاری خانه‌قین ه‌‌ ، به‌ڵام له‌شاری سلێمانی  به‌هه‌مان ناو و نازناو هونه‌رمه‌ندێكی ناسراو خۆشه‌ویست  هه‌یه‌ كه‌ ماوه‌یه‌كی زۆره‌ خزمه‌ت به‌  بواری نواندن ده‌كات  ئه‌ویش  هونه‌رمه‌ند  ( حه‌سه‌ن حسێن محه‌مه‌د) ناسراو به‌ ( حه‌سه‌ن دڵسۆز ) له‌ساڵی ( 1946) له‌گه‌ڕه‌كی سه‌رشه‌قامی ساری سلێمانی به‌دنیا هاتووه‌، له‌ناوه‌ڕاستی ساڵانی شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی پێشوو، وه‌ك ئه‌كته‌رێكی كارامه‌و سه‌ركه‌وتوو له‌بواری نوانددا ده‌ركه‌وتووه‌ و درێژه‌ی به‌كاره‌ هونه‌رییه‌كانی داوه‌  له‌شانۆ و درامادا تا ساڵی (2016) به‌داخه‌وه‌ به‌هۆی نه‌خۆشییه‌وه‌ له‌كاری هونه‌ری دووركه‌وتۆته‌وه‌، ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ ئازیزه‌ی بواری نواندن له‌ڕێكه‌وتی ( 2/11/2020) به‌هۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوه‌ كۆچی دوایی كردووه‌، ڕۆحی شاد و یادی به‌خێر .

بابێنه‌وه‌ سه‌ر هونه‌رمه‌ندی باسه‌كه‌مان ، هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن دڵسۆز ، زاده‌ی  شارێكه‌ كه‌ مێژوویه‌كی جوان و به‌نرخی هه‌یه‌ له‌ گه‌رمه‌سێر و  كوردستان به‌گشتی ، كه‌ به‌شاری هونه‌رمه‌ندان و ڕۆشنبیران و شاعیران و كوردپه‌روه‌ران ناسراوه‌ ، ئه‌ویش شاری ( خانه‌قین) ه‌.

كه‌باسی هونه‌ر و هونه‌رمه‌ندانی خانه‌قین ده‌كرێت ، لیپاو لیپه‌  له‌ هونه‌رمه‌ندان كه‌هه‌ریه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ ئه‌و بارودۆخه‌ دژواره‌ی ناوچه‌كه‌و شاری خانه‌قین له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌ یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی عێراقه‌وه‌، ڕووبه‌ڕوو بونه‌ته‌وه‌ و هه‌ڵگری هه‌ردوو مه‌شخه‌ڵی كوردایه‌تی و پێشخستن و زیندوكردنه‌وه‌ و پاراستنی هونه‌ری ناوچه‌كه‌ بوون .هه‌ریه‌كه‌یان به‌پێی توانا و ئه‌و ژینگه‌یه‌ی بۆیان ڕه‌خساوه‌ كاری هونه‌رییان  ئه‌نجامداوه‌، هه‌ركاتێك كه‌ ناوی خانه‌قین ده‌بیسترێ ، بێشك ، (ڕووباری ئه‌ڵوه‌ند  و پردی ئه‌ڵوه‌ند و خوداد عه‌لی و شه‌هید له‌یلا قاسم و ئازاد خانه‌قینی )  ده‌بنه‌ پێشه‌نگ  به‌ڵام له‌پاڵ ئه‌و ناوانه‌ ئه‌م كۆمه‌ڵه‌ هونه‌رمه‌ندانه‌ ئه‌وانیش به‌شێكی گرنگن له‌ مێژووی ئه‌و شاره‌و  بواری هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی و هونه‌ر به‌گشتی وه‌ك (  خوداداد عه‌لی  ، ناصر حه‌سه‌ن  ، مه‌حمود وه‌ندی ، عه‌لی حسێن وه‌ندی ، خه‌لیل مرادخان وه‌ندی ، عه‌لی مه‌هدی ، جاسم وه‌ندی ، ئازاد خانه‌قینی ، حه‌سه‌ن هه‌یاس ، به‌رزان وه‌هاب ، جه‌عفه‌ر حه‌سه‌ن و هه‌ڤاڵ خانه‌قینی ) به‌داخه‌وه‌ هه‌ندێكیان له‌ژیاندا نه‌ماون ، به‌ڵام له‌دوای خۆیان مێژوویه‌كی جوانیان به‌نه‌ته‌وه‌كه‌یان به‌خشیوه‌ ، یادیان به‌خێر و  ڕۆحیان شادو یاده‌وه‌رییه‌كانیان هه‌موو كات به‌رز و به‌ڕێزو پڕ شكۆ بێت.

له‌گه‌ڵ ناوی ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌  ناوێكی دیاری بواری هونه‌ری گۆرانیبێژ و مه‌نه‌لۆج بێژی شاری خانه‌قین ، كه‌ به‌داخه‌وه‌ ئه‌وه‌ چه‌ند ڕۆژێكه‌ ماڵئاوایی له‌ هونه‌ر و شاره‌ ئازیزه‌كه‌ی خانه‌قین كرد ، ( حه‌سه‌ن دڵسۆز) ه‌.وه‌ك هونه‌رمه‌ندانی سه‌رده‌می خۆی ، گه‌ره‌كی بووه‌  كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی ته‌ندروست  خزمه‌ت به‌هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی كوردی بكات .

ڕۆژگارێك بوو له‌ڕێی ده‌نگ و هونه‌ره‌كه‌یه‌وه‌ ، كێشه‌و گرفته‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی نێو كۆمه‌ڵی كورده‌واری به‌گوێ و به‌دییه‌مان ئاشناده‌كرد، هونه‌رمه‌ند له‌ شاره‌كه‌ی ئه‌ڵوه‌نه‌وه‌ ، له‌ڕێی ڕادیۆیی كوردی به‌غداو ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركوكه‌وه‌ به‌ده‌نگه‌ خۆشه‌كه‌ی و میلۆدییه‌ جوان و سه‌رنج ڕاكێشه‌كانیه‌وه‌ میوانی ماڵه‌كانمان بوو . ئازارو ئه‌ندێشه‌ی مرۆڤی كوردی خستۆته‌ ڕوو له‌باره‌ی ژیانی ( كرێنشینی ) و له‌ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركوكه‌وه‌ به‌هاوكاری هونه‌رمه‌ند ( ناسر حه‌سه‌ن) كلیپی گۆرانی ( كرانشینی) مان بینی و هه‌ركاتێك ئه‌و گۆرانییه‌ په‌خش ده‌كرا ، هه‌موو ئه‌وانه‌ی به‌ده‌ست كرێ نشینیه‌وه‌ ده‌یان ناڵاند ،چیرۆكێكی تاڵ و هه‌مووان خۆیان تێدا ده‌بینییه‌وه‌، هه‌روه‌ها باس له‌سیماو جۆری پۆشاكی گه‌نجانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی   له‌ڕێی مه‌نه‌لۆجێكه‌وه‌ خستۆته‌ ڕوو   كه‌ له‌ تێكست و ئاوازی خۆی بووه‌ به‌ناوی  ( چۆن پێنه‌كه‌نم به‌و جۆره‌ گه‌نجه‌)

 چۆن پێ نه‌كه‌نم به‌وجۆره‌ گه‌نجه‌

وه‌ك كچ ڕێ ئه‌كه‌ن به‌لار و له‌نجه‌

ڕۆژ ئه‌به‌نه‌ سه‌ر له‌به‌ر ئاوێنه‌

په‌نجه‌یان خه‌ریك موو هه‌ڵكه‌نینه‌

یاخوا بڕزێ ئه‌و ده‌ست په‌نجه‌  ..... تاد)

هونه‌رمه‌ند له‌ڕێی ئه‌و مه‌نه‌لۆجه‌وه‌ مه‌به‌ستی بووه‌ كه‌ گه‌نجی كورد هوشیار بكاته‌وه‌ ، كه‌ میلله‌ته‌كه‌ی پێویستی به‌هێزو بازوو   و بیركردنه‌وه‌و تێكۆشانی گه‌نجانی وڵاته‌كه‌یه‌تی تا ده‌ربچن له‌ ژێر ده‌سته‌یی و چه‌وسانه‌وه‌ی داگیركه‌ری وڵات.

 حه‌سه‌ن ئه‌لاوه‌خش  ئیسماعیل ، ناسراو به‌ ( حه‌سه‌ن دڵسۆز  ) ،

له‌ساڵی (1943) له‌شاری خانه‌قین  چاوی به‌تاڵ و سوێریی و شیرینیه‌كانی ژیان هه‌ڵهێناوه‌ ، ئاستی خوێندنی  خاوه‌نی بڕوانامه‌ی پێنجه‌می زانستی یه‌، له‌ساڵی ( 1964) بۆیه‌كه‌مجار چۆته‌ ڕادیۆی كوردی و له‌لایه‌ن لیژنه‌ی ڕادیۆ وه‌ كه‌مامۆستا عه‌لی مه‌ردان یه‌كێك بووه‌ له‌ئه‌ندامه‌كانی لیژنه‌ كه‌ده‌نگی تاقیكراوه‌ته‌وه‌ و ، ده‌نگی په‌سه‌ندكراوه‌ و له‌ڕادیۆ وه‌رگیراوه‌ تابه‌رهه‌مه‌كانی تۆماربكرێت ،

  هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن دڵسۆز باس له‌و ساته‌ وه‌خته‌ ده‌كات كه‌ له‌لایه‌ن لیژنه‌كه‌وه‌ ده‌نگی په‌سه‌ند ده‌كرێت  (له‌ کاتی ده‌رچوونم له‌و تاقیکردنه‌وه‌یه‌دا و له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌و که‌ڵه‌ هونه‌رمه‌نده‌، له‌ کاتی په‌ڕینه‌وه‌مدا له‌ جاده‌ی به‌رده‌می ئێزگه‌ ئاگام له‌ خۆم نه‌مابوو و مه‌له‌وانیم ئه‌کرد له‌ ناو خه‌یاڵی هونه‌ر، پاش ئه‌م رووداوه‌ چه‌ندین به‌رهه‌مم تۆمار کرد) (1)  

هونه‌رمه‌ند كه‌سێكی شاره‌زا له‌  هونه‌ر و دنیای مه‌قامات و به‌سته‌ی كوردی  ، ئاواز دانه‌ر و هه‌ندێك له‌به‌رهه‌مه‌كانی له‌تێكستی خۆی بووه‌ ، كه‌سێكی دڵسۆ زو  نیشتمان په‌روه‌ر بووه‌ ، له‌سه‌ر كاری سیاسه‌ت  و درێژه‌دان به‌ڕێبازی كوردایه‌تی چه‌ندین جار له‌لایه‌ن ڕژێمی به‌عسه‌وه‌ گیراوه‌ و  به‌ درێژایی ته‌مه‌نی دوچاری گرتن و ڕاوه‌دوونان  و ئه‌شکه‌نجه‌ وزیندانی بۆته‌وه‌،.

جاریش له‌ساڵی (1995)  له‌ ئه‌منی عامه‌ی به‌غدا، ئه‌م به‌ره‌نگاربوونه‌و و ملکه‌چ نه‌بوونی بۆ ئه‌و رژێمه‌ ترسناکه‌، دڵسۆزی به‌هێزتر کرد، به‌ڵام کاربه‌دستانی رژێم رێگه‌یان نه‌دا به‌م هونه‌رمه‌نده‌ ته‌نانه‌ت سه‌ردانی زێده‌كه‌ی خۆشی بکاته‌وه‌) (2)

هونه‌رمه‌ند جیا له‌به‌هره‌ی هونه‌ری گۆرانیبێژی  ،  هونه‌رمه‌ندێكی ده‌ست و په‌نجه‌ ڕه‌نگینیش  بووه‌ له‌دروست كردنی ئامێره‌كانی مۆسیقا ، به‌تایبه‌ت  ئامێره‌ ژێداره‌كانی وه‌ك ( عود و بوزوق) .

به‌رهه‌مه‌ هونه‌رییه‌كانی  هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن دڵسۆز ...

1/ چۆن پێنه‌كه‌نم به‌وجۆره‌ گه‌نجه‌  ، له‌ئاوازو هۆنراوه‌ی هونه‌رمه‌ند  ساڵی (1969) تۆماری كردووه‌ .

2/ ئای كه‌وی گیانم كه‌وی

3/ ئه‌ی هاوسێكه‌ی به‌رپه‌نجه‌ره‌

4/ به‌رده‌ به‌رده‌

5/ ئاواتی دڵ   ، ئاواز و تێكستی  هونه‌رمه‌ند

6/ كرانشینی   ، له‌تێكستی هونه‌رمه‌ند و ئاوازی   هونه‌رمه‌ند و مامۆستا

( عه‌لی مه‌ردان) بووه‌ .

هونه‌رمه‌ند تا ئه‌و كاته‌ی به‌رده‌وام بووه‌ له‌ كاری هونه‌ری خاوه‌نی (40) به‌رهه‌م بووه‌ ، كه‌ زۆربه‌یان له‌ ڕادیۆی كوردی به‌غدا تۆماركراون.

 هونه‌رمه‌ند تادوا ساته‌كانی ژیانی له‌شاری به‌غدا نیشته‌جێ بووه‌و  له‌وشاره‌ ژیانی بردۆته‌ سه‌ر ، به‌ڵام هه‌موو كات  مه‌یل و بیر و هه‌ستی هه‌ر له‌لای  شاره‌ ئازیزه‌كه‌ی  خانه‌قین و شوێنه‌ پیرۆزو گه‌شتیاره‌ییه‌كانی بووه‌ ، دوای چه‌ندین ساڵ ڕێبوارێكی دڵسۆزی  نه‌ته‌وایه‌تی و  هونه‌ری نه‌ته‌وه‌كه‌ی به‌وشێوه‌یه‌  هه‌ستی خۆی بۆ ئه‌و مێژووه‌  ده‌ربڕیوه‌ و ده‌ڵێت : ( هیوادارم پاش زیاتر له‌ 50 ساڵ له‌ خزمه‌تی هونه‌ر و کوردایه‌تی، ده‌نگم بگه‌یه‌نمه‌ نه‌ته‌وه‌ و نیشتمانه‌که‌م، هه‌رچه‌ند ته‌مه‌نی هونه‌ریم له‌ چه‌قی پایزی دایه‌، به‌ڵام دڵم وه‌کوو نه‌وره‌سێکی ساوا به‌سه‌ر لێواری (ئه‌ڵوه‌ن) ته‌ی ده‌کا و له‌گه‌ڵ ماسییه‌ ڕه‌نگاوڕه‌نگه‌کانی (ئیسماعیل خه‌یات) و ئای ئایه‌که‌ی (خودادای عه‌لی) یاری ده‌کات)  (3)
هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن دڵسۆز ، ڕۆژگاره‌كانی ته‌مه‌نی له‌شاری به‌غدا به‌سه‌ر ده‌بات و ، نه‌خۆشیی ده‌بێته‌ میوانی و به‌بێ ده‌نگی و  دوور له‌زێد و هاوڕێیانی  ، دوای (78) ساڵ ته‌مه‌ن له‌ ڕێكه‌وتی (28/7/2021)  خۆری ته‌مه‌نی ئاوا ده‌بێت و ماڵئاوایی ده‌كات و بۆ هه‌میشه‌ چاوه‌كانی لێك ده‌نێت.

ڕۆحی شاد و به‌هه‌شتی په‌روه‌ردگار دواهه‌واری بێت سڵاو له‌ هونه‌ری جوانی كه‌به‌خشیویه‌تی  به‌گه‌نجینه‌ی  هونه‌ری مۆسیقاو گۆرانی كوردی.

مه‌نه‌لۆجی  ( كرانشینی  ) 

ئه‌م مه‌نه‌لۆجه‌ له‌ساڵی (1974) له‌شاری خانه‌قین  به‌كامێرای سینه‌مایی تۆماركراوه‌ ...

بێزارم له‌ده‌ست كرێ نشینی  ،،،خوایه‌ ئه‌مه‌وێ گیانم بسێنی

كاتێ خاوه‌ن ماڵ به‌ربینم ئه‌گرێ ،،،له‌گیرفانم دا ( به‌خوا ) پاره‌ نامێنێ

ناوماڵ و پێخه‌ف كۆنه‌ی چل ساڵه‌ ،، هه‌موو سه‌ر مانگێ ئه‌م ماڵه‌و ماڵه‌

من بێزار له‌ده‌ست كرێ نشینیم ،، ئه‌ویش بێزاری ده‌ستی  حه‌ماڵه‌

له‌هیلاكی كار بۆته‌ سه‌ر بارم  ،، ده‌رمان و ده‌وا قه‌د ناكا چارم

چونكه‌ له‌ئارای منداڵی هاوسێ ،، خه‌و لێم حه‌رامه‌  ( به‌خوا ) له‌گیان بێزارم

ئه‌وساكه‌ زانیم من چاره‌ ڕه‌شم ،، له‌به‌رزی گه‌وره‌ی خواوه‌ بێ به‌شم

هه‌ژاری و كرێ ماڵیش گرانه‌ ،، پێنج سه‌رخێزانم له‌گه‌ڵ خۆم شه‌شم

*********   

جه‌مالی ده‌لاك  11/8/2021  هه‌ولێر

سه‌رچاوه‌: ( 1 و2و3)   ئاری كاكه‌یی ... ستۆكهۆڵم  ،، 26/1/2013 

سایتی پیوكه‌ی  میدیا.PUKmedia

 

کوردستان بناسە

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.