Erbil 18°C یەکشەممە 24 تشرینی دووەم 19:23

سه‌عید یوسف.. گۆرانیبێژ و ئاوازدانه‌ر و ژه‌نیار و شاعیر له‌ڕۆژئاوای کوردستان ...!

(1947_ 26/2/2020)
کوردستان TV
100%

هه‌وارمان ده‌به‌ینه‌ پارچه‌یه‌كی دیكه‌ی وڵاتی كوردان ، ئه‌وبه‌شه‌ی كه‌ زمان و فه‌رهه‌نگ و كلتوور و ناسنامه‌ی كوردبوون به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك یاساغ بووه‌، نه‌ته‌وه‌یه‌ك خاوه‌نی مێژوویه‌كی دێرین له‌سه‌ر ئاو و خاكه‌كه‌ی كه‌لێی زه‌وت كراوه‌ له‌هه‌موو به‌ها مرۆییه‌كان بێ به‌ش كراوه‌‌ ( ڕۆژئاوای كوردستان) ، له‌ناو ئه‌و ژینگه‌ و داب و نه‌ریته‌ سه‌پێنراوه‌ی سوریای عه‌ره‌بی دا، هونه‌رمه‌ندێك هه‌ڵكه‌وتووه‌  به‌هه‌وڵ و تێكۆشانی به‌رده‌وامی و بڕینی ڕێگایه‌كی پڕ هه‌ورازو نشێو و گه‌یشتن به‌پله‌ی سه‌ركه‌وتن و به‌ده‌ستهێنانی نازناوی ( میری ته‌نبووری كوردی).

ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ ناوداره‌ی گه‌له‌كه‌مان، خاوه‌نی چه‌ندین خه‌سڵه‌تی به‌رزی هونه‌ری و ئه‌ده‌بی یه‌ ، وه‌ك ( ژه‌نیار ، گۆرانیبێژ ، ئاوازدانه‌ر و شاعیر) كه‌سایه‌تیه‌ك خاوه‌نی ئه‌و هه‌موو خه‌سڵه‌ته‌ جوانه‌ بێت و زیاتر له‌نیوسه‌ده‌، درێژه‌دان به‌و ئه‌ركه‌ی له‌ئه‌ستۆی گرتووه‌، ستران چڕین و ژه‌نینی ته‌نبوور و گه‌ڕان به‌وڵاتاندا له‌پێناو گه‌شه‌و سه‌رخستنی هونه‌ره‌كه‌ی، زه‌حمه‌ته‌ بتوانرێت ته‌واوی تاڵ و شیرینییه‌كانی ژیانی له‌ كۆڵان و شه‌قامه‌ قه‌ره‌باڵغه‌كه‌ی ژیاندا بخرێته‌ به‌رباس، ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ دوای نیوسه‌ده‌ خزمه‌تكردن به‌ هونه‌ری موزیك و سترانی نه‌ته‌وه‌كه‌ی به‌داخه‌وه‌ له‌ ته‌مه‌نی ( 73) ساڵیدا له‌ (26/2/2020) كۆچی دوایی كرد ، ئه‌ویش هونه‌رمه‌ند و ژه‌نیاری به‌توانای كورد ( سه‌عید یوسف ) ه‌.

هونه‌رمه‌ندی ڕۆژئاوای كوردستان  ( سه‌عید یوسف ) له‌كوڕه‌ هه‌ژارێكه‌وه‌ بۆ  نازناوی ‌میری ته‌مبووری كورد..!

له‌باكووره‌وه‌ بۆ  ڕۆژئاوای  كوردستان ، باپیری هونه‌رمه‌ند( سه‌عید ئۆسمان) له‌ ده‌ڤه‌ری ( بشیریێ) له‌باكووری كوردستان، له‌ماڵباتی ( ڕه‌ما) یه‌، له‌ ناوه‌ڕاستی ساڵانی سییه‌كانی سه‌ده‌ی پێشوو به‌ده‌ستی ماڵی ( په‌ری خانێ) له‌ئاغایانی عه‌شیره‌تی ( ڕه‌ما) به‌هۆی كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌ ده‌كوژرێت‌،

باوكی هونه‌رمه‌ند( یوسف سه‌عید ئۆسمان) له‌بنه‌ماڵه‌یه‌كی ناسراو و دیاری ده‌ڤه‌ره‌كه‌بوون، دوای كوشتنی باوكی زێدی خۆی به‌جێ دێلێ و ڕووده‌كاته‌ ڕۆژئاوای كوردستان و له‌باژێرێ ( قامشلۆ) له‌ گه‌ڕه‌كی ( قه‌دوربه‌گ) نیشته‌جێ ده‌بێت و سه‌رقاڵی كاسپی ده‌بێت و پیشه‌كه‌ی وه‌ستای بیناسازی  و خانوو درووستكردن بووه‌ و به‌وه‌ستا ( یوسف) ناوبانگ ده‌رده‌كات.

له‌ناوه‌ڕاستی چله‌كانی سه‌ده‌ی پێشوو  وه‌ستا یوسف له‌گه‌ڵ  خاتوو ( ئامینه‌ ئه‌حمه‌د عیسا) ژیانی هاوسه‌ری پێك دێنێ، له مانگی گوڵانی ‌ساڵی (1947) په‌روه‌ردگار كۆرپه‌یه‌كی جوانیان پێده‌به‌خشێت  و نێوی ده‌نێن

 ( سه‌عید)  .

وه‌ستا یوسف له‌پێناو ژیاندا گه‌لێك زه‌حمه‌ت وناخۆشیی چه‌شتووه‌ و ڕۆژ به‌ڕۆژ ژیانی سه‌ختر ده‌بێت و ناتوانێت له‌گه‌ڵ ژینگه‌ی قورسی شاردا هه‌ڵبكات، ناچار ده‌بێت ماڵه‌كه‌ی بۆ گوندێكی نزیكی  قامشلۆ به‌ناوی ( عه‌نته‌ریه‌) بگوازێته‌وه و درێژه‌ به‌ژیان بدات‌.

هونه‌رمه‌ند سه‌عید یوسف ، به‌رله‌وه‌ی بخرێته‌ به‌رخوێندن ، ماوه‌ی ساڵ و نیوێك  وانه‌ی قورئان  له‌لای  زانانی ئاینیی  به‌ناوبانگ ( مه‌لا محه‌مه‌د خه‌زنه‌وی) ده‌خوێنێ ، دواتر له‌‌ قوتابخانه‌ی عه‌نته‌ریه‌ درێژه‌ به‌خوێندن ده‌دات و له‌ساڵی (1956) بڕوانامه‌ی سه‌ره‌تایی وه‌رده‌گرێت ، هونه‌رمه‌ند له‌قۆناغی سه‌ره‌تایی و ئه‌و ته‌مه‌نی منداڵییه‌وه‌  حه‌زو خولیای ده‌چێته‌ سه‌ر ده‌نگی خۆشی چیایی هونه‌رمه‌ند ( محه‌مه‌د عارف جزیری ) و  ده‌نگبێژانی ڕه‌سه‌نی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ ، حه‌زده‌كات گوێبیستی ده‌نگی هونه‌رمه‌ند و ده‌نگی ته‌مبووره‌كه‌ی  محه‌مه‌د عارف جزیری بێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زۆر كاریگه‌ری له‌سه‌ر هه‌ستی  سه‌عید یوسف داناوه‌ ،   ئه‌وه‌ حه‌زو خولیایه‌ له‌گه‌ڵیدا گه‌شه‌ده‌كات تا ساڵی (1964)  وه‌ك ته‌مبوور ژه‌نێك ده‌بێته‌ ئه‌ندامی تیپی ( هاوڕێیانی ناوه‌ندی كولتووری قامیشلۆ) كه‌ ( دكتۆر محه‌مه‌د عه‌زیز زازا) سه‌رپه‌رشتی ئه‌و تیپه‌ی كردووه‌، له‌ساڵی (1965) هونه‌رمه‌ند  وه‌ك ژه‌نیارێكی به‌توانا و لێهاتوو له‌سه‌ر ئامێری ( ته‌مبوور) ده‌رده‌كه‌وێت.

هونه‌رمه‌ند سه‌عید یوسف دوای ته‌واوكردنی قۆناغی ئاماده‌یی له‌ساڵی (1965)  به‌مه‌به‌ستی درێژه‌دان به‌خوێندن ناتوانێت بچێت بۆ (دێرا زوور) له‌به‌ر  نه‌داری  و كه‌مده‌رامه‌تی ژیانی خانه‌واده‌كه‌ی ، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئامێره‌ ئازیزه‌كه‌یدا ( ته‌مبوور) به‌رده‌وام ده‌بێت و له‌گه‌ڵ ژه‌نینی ته‌مبووره‌كه‌ی  گۆرانیش  له‌نێو هاوڕێیان و كۆبوونه‌وه‌ی شه‌وانی گونده‌كه‌ی سترانی كوردییان بۆ ده‌چڕێ.

هه‌ست به‌بوونی خۆیی و توانای به‌رزی ژه‌نینی ئامێره‌كه‌ی ده‌كات و مه‌به‌ستیه‌تی هونه‌ره‌كه‌ی به‌رێته‌ ده‌ره‌وه‌ی گونده‌كه‌یان ، له‌ساڵی (1967) به‌گه‌شتێك ده‌چێته‌ وڵاتی لوبنان و له‌شاری ( به‌یروت) درێژه‌ به‌كاری هونه‌ری ده‌دات و  چه‌ندین گۆرانی له‌ڕادیۆو ته‌له‌فزیۆنی لوبنان و چه‌ندین ئاهه‌نگ له‌سه‌ر شانۆ به‌ده‌نگ و ژه‌نینی ته‌مبووره‌كه‌ی تۆمارده‌كات و ، ماوه‌ی چوار ساڵ له‌به‌یروت  ده‌مێنێته‌وه‌ و ناوبانگێكی باش په‌یدا ده‌كات. هونه‌ره‌كه‌ی سنوور تێپه‌ڕده‌كات و له‌ساڵی  (1968) له‌سه‌ر داخوازی ڕادیۆی كوردی به‌غدا بانگهێشتی  هونه‌رمه‌ند سه‌عید یوسف ده‌كه‌ن، دوای گه‌یشتنی به‌ ڕادیۆی كوردی به‌غدا وتۆماركردنی چه‌ند گۆرانی و  ژه‌نینی پارچه‌ مۆسیقایه‌ك و مانه‌وه‌ی بۆماوه‌ی چه‌ند مانگێك له‌به‌غدا ، له‌نزیكه‌وه‌ به‌دیداری هونه‌رمه‌ندانی ده‌نگخۆشیی ئه‌و كاتی ڕادیۆی كوردی به‌غدا شاد ده‌بێت وه‌ك ( محه‌مه‌د عارف جزیری ، حه‌سه‌ن جزیری ، نه‌سرین شێروان ، عیسا به‌رواری ، گوڵبه‌هار و فه‌خری بامه‌ڕنی ) ئه‌و گۆرانیانه‌ له‌ڕادیۆی كوردی به‌غدا تۆمارده‌كات( ڕه‌وشه‌نێ ، گوڵپه‌ری ، چاڤ ڕه‌ش و به‌ژن زاراڤ، نۆفا ، خوه‌ نه‌ڤه‌شێرا كوبار) (1)

له‌هه‌مان ساڵدا هونه‌رمه‌ند چه‌ند گۆرانییه‌ك بۆ ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركوك تۆمارده‌كات ، یه‌كێك له‌گۆرانییه‌ ناوداره‌كانی ئه‌و كاته‌ له‌ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركوك تۆماری كردووه‌ و له‌بیره‌وه‌ی بینه‌راندا ماوه‌ته‌وه‌ كه‌ گۆرانییه‌كی چێژ به‌خشبوو، به‌ئامێری ته‌مبووره‌كه‌ی ده‌یژه‌نی  به‌ناوی (ڕه‌وشه‌ن ڕه‌وشه‌نێ) بوو.

سه‌باره‌ت به‌ توانا و لێهاتوویی ژه‌نینی ئامێری ته‌مبوور به‌ده‌ست و په‌نجه‌ جوانه‌كانی هونه‌رمه‌ند سه‌عید یوسف كه‌ چۆته‌ ڕادیۆی كوردی به‌غدا، مامۆستا و هونه‌رمه‌ند ( وریا ئه‌حمه‌د) سه‌رسام بووه‌ پێی له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت ( له‌و كاته‌دا هونه‌رمه‌ند سه‌عید یوسف هاته‌ ڕادیۆی كوردی به‌ ئامێری ته‌مبووره‌كه‌ی مه‌قامێكی خۆشی ژه‌نی ، ئه‌و شێوازی ژه‌نینی مه‌قامه‌ به‌و ئامێری ته‌مبووره‌  هونه‌رمه‌ند به‌ته‌كنیكێكی زۆر جوان و چاك لێیدا) ( 2) 

دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی له‌به‌غدا و له‌ساڵی (1969) هونه‌رمه‌ند له‌گه‌ڵ خاتوو ( ئه‌میره‌ ملول) ژیانی هاوسه‌ری دروست ده‌كه‌ن، له‌ساڵی (1970) ده‌بنه‌ خاوه‌نی كوڕێك و ناوی ده‌نێن ( زورو) .

 زورو سه‌عید یوسف ، ئێستا  یه‌كێكه‌ له‌باشترین ژه‌نیاره‌ به‌تواناكانی ئامێری ته‌مبوور، ماوه‌یه‌ك له‌ گروپی ( ڕه‌حبانی) كاری هونه‌ری ئه‌نجامداوه‌.

دوای ئه‌وه‌ی ژیانی هاوسه‌ری پێكهێناو بووه‌ خاوه‌نی كوڕێك ، هونه‌رمه‌ند سه‌عید یوسف له‌ساڵی (1971) به‌یه‌كجاری ماڵه‌كه‌ی ده‌گوازێته‌وه‌ بۆ وڵاتی ( لوبنان) ، له‌هه‌مان ساڵدا له‌لوبنان هونه‌رمه‌ند له‌ كچان و كوڕانی كورد تیپێكی هونه‌ری كه‌پێكهاتووه‌ له‌ (45) ئه‌ندام  ، به‌ناوی ( تیپی هونه‌ری نه‌ورۆز)  بۆئه‌نجامدانی چالاكی هونه‌ری دروست ده‌كات.

یه‌كه‌م كار و چالاكی هونه‌ری  تیپی هونه‌ری نه‌ورۆز له‌ڕێكه‌وتی ( 25/4/1971) له‌ژێر چاودێری سه‌رۆك وه‌زیرانی لوبنان ، له‌هۆڵی سینه‌ما ( ڕیڤۆلی ) سازده‌كه‌ن ، ئه‌م چالاكییه‌ هونه‌رییه‌  ده‌بێته‌ كرانه‌وه‌یه‌كی هونه‌ری و ناساندنی ئه‌و تیپه‌ هونه‌رییه‌ و نوسین له‌سه‌ر هونه‌رمه‌ند سه‌عید یوسف له‌ڕێی ڕاگه‌یاندنه‌كانی ئه‌و كاتی لوبنانه‌وه و له‌نێوه‌ندی هونه‌ریدا به‌هونه‌رمه‌ندێكی سه‌ركه‌وتوو ناوده‌برێت و په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی عه‌ره‌ب دا په‌یداده‌كات‌.

هونه‌رمه‌ند سه‌عید یوسف له‌ساڵی (1972) به‌هاوڕێیه‌تی هونه‌رمه‌ندان ( مه‌حمود عه‌زیز شاكر و شیرین مه‌لا) به‌مه‌به‌ستی سازدانی چه‌ند ئاهه‌نگێكی هونه‌ری سه‌ردانی وڵاتی ( ئوردون) ده‌كه‌ن و به‌ ده‌نگ و هونه‌ره‌كه‌یان خۆشحاڵی ئاماده‌بووان به‌ده‌ست دێنن.

له‌ساڵی (1973) له‌سه‌ر داوای  هونه‌رمه‌ند سه‌عید یوسف و تیپی هونه‌ری نه‌ورۆز ، بانگهێشتی هونه‌رمه‌ندان ( محه‌مه‌د عارف جزیری ، گوڵبه‌هار و عیسی به‌رواری) ده‌كرێت بۆ وڵاتی لوبنان ، له‌هۆڵی سینه‌ما ( ڕیڤۆلی) له‌به‌یروتی پایته‌خت  به‌لاوك و سترانه‌كانیان ئاهه‌نگێكی گه‌وره‌ سازده‌كه‌ن.

له‌دوای ئه‌نجامدانی ئه‌و چالاكییه‌ هونه‌رییانه‌ له‌وڵاتی  لوبنان ، سه‌عید یوسف ده‌بێته‌ هونه‌رمه‌ندێكی ناودار ، له‌ساڵی (1973) له‌ داوای ڕێكخراوی ( یونسكۆ) بانگهێشت ده‌كرێت بۆ وڵاتی ( ئه‌ڵمانیا) له‌هه‌ردوو شاری ( به‌رلین و بۆن) به‌هاوه‌ڵی ( محه‌مه‌د ته‌جو) ئاهه‌نگ سازده‌كات ، له‌هه‌مان كاتدا هونه‌رمه‌ندی ناوداری ژه‌نیاری ئامێری عود( منیر به‌شیر ) له‌عێراقه‌وه‌ بانگهێشتكراوه‌، له‌و ئاهه‌نگانه‌دا كه‌ هونه‌رمه‌ند سه‌عید یوسف سازی كردوون و هونه‌رمه‌ند مونیر به‌شیر كاره‌ هونه‌رییه‌كانی ده‌بینێ و سه‌رسام ده‌بێت به‌ژه‌نینی ته‌مبووره‌كه‌ی ،  به‌ ( پاڵه‌وانی ته‌مبوور) ناوی ده‌بات.

هونه‌رمه‌ند سه‌عید یوسف ئه‌و كاته‌ی كه‌له‌وڵاتی لوبنان درێژه‌ی به‌ژیان و كاره‌ هونه‌رییه‌كانی داوه‌ ،  به‌شداریی گه‌لێك كۆنسێرت و ئاهه‌نگی نه‌ته‌وه‌یی و جه‌ژنی نه‌ورۆز كردووه‌  به‌ناوی ( یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان ) ه‌وه‌، له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندان ( محه‌مه‌د شێخۆ ، مه‌حمود عه‌زیز شاكر ، محه‌مه‌د كیكی  و عالی ئه‌حمه‌د).

له‌لایه‌ن گروپێكی مۆسیقای لوبنانی یه‌وه‌ داوا له‌هونه‌رمه‌ند سه‌عید یوسف ده‌كرێت  كه‌ به‌شداربێت له‌ گه‌شتێكی مۆسیقای ڕۆژهه‌ڵاتی و سازدانی چه‌ند شه‌و ئاهه‌نگێك له‌ چه‌ند وڵاتێكی ئه‌فریقایی وه‌ك ( نێجیریا ، سرالیۆن و ساحل العاج) ، دوای ده‌ستپێكردنی شه‌ڕی ناوخۆی لوبنان ، هونه‌رمه‌ند ده‌چێته‌ ( دیمه‌شق) پایته‌ختی سوریا، چه‌ند پارچه‌ مۆسیقایه‌ك تۆمارده‌كات وه‌ك ( یاصلاه‌ الزین، یاعین مولیتین، كاڤوكێ ، تالعا من بیت ئه‌بوها) (3)

دوای تۆماركردنی ئه‌و به‌رهه‌مانه‌و زیاتر ناساندنی به‌ هونه‌رمه‌ندانی ئه‌و وڵاته‌ ، ده‌بێت به‌ئه‌ندامی  سه‌ندیكای هونه‌رمه‌ندانی سوریا.

دوای ماوه‌یه‌ك مانه‌وه‌و  ئه‌نجامدانی كاری هونه‌ری ، هونه‌رمه‌ند له‌ساڵی ( 1977) له‌دیمه‌شقی پایته‌خته‌وه‌ ده‌گوازێته‌وه‌ بۆ شاری ( حه‌له‌ب) و تۆمارگایه‌ك بۆ فرۆشتن و تۆماركردنی كاسێت داده‌نێت ، دوای دووساڵ مانه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌و كاره‌ ، سه‌عید یوسفی هونه‌رمه‌ند له‌ساڵی ( 1979) ماڵه‌كه‌ی ده‌گوازێته‌وه‌ بۆ شاری  ( قامیشلۆ) ده‌ست ‌ به‌كاره‌ هونه‌رییه‌كانی ده‌كاته‌وه.

هونه‌رمه‌ند له‌ساڵی (1988) به‌مه‌به‌ستی سازدانی چه‌ند كۆنسێرت و ئاهه‌نگێك ڕووده‌كاته‌ وڵاتانی ئه‌وروپا وپاشان له‌ساڵی (1990) له‌گه‌ڵ  ( ئاواز حه‌سه‌ن) چه‌ند كۆنسێرتێك له‌شاره‌كانی ( قامیشلۆ و حه‌سه‌كه‌و  عامودی) سازده‌كه‌ن.

هه‌روه‌ها به‌بۆنه‌ی یۆبیلی زێڕین ساڵڕۆژی دامه‌زراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ساڵی (1996) له‌ هاوینه‌هه‌واری پیرمام و شاری دهۆك به‌شداربووه‌و به‌وبۆنه‌یه‌وه‌ ئاهه‌نگی پێشكه‌شكردووه‌.

له‌ساڵی (2007) له‌شاری قامیشلۆ  له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند و ژه‌نیاری به‌توانا( دڵشاد محه‌مه‌د سه‌عید) كۆنسێرتێكی گه‌وره‌ پێكه‌وه‌ سازده‌كه‌ن.

هونه‌رمه‌ند سه‌عید یوسف ، له‌به‌رئه‌وه‌ی زمانی عه‌ره‌بی زۆر به‌باشی زانیوه‌ و شاره‌زا بووه‌ له‌ هونه‌ری موزیك و گۆرانی عه‌ره‌بی دا ، خودی هونه‌رمه‌ند چه‌ند گۆرانییه‌كی به‌زمانی عه‌ره‌بی خوێندووه‌ یه‌كێك له‌و گۆرانییه‌ عه‌ره‌بیانه‌ خوێندوویه‌تی ( زور لوبنان)  ، جیا له‌ ژه‌نینی ئامێری ته‌مبوور و خوێندنی گۆرانی ، هونه‌رمه‌ند ئاواز دانه‌ریش بووه‌ و ، چه‌ندین ئاوازی كوردی و عه‌ره‌بی داوه‌ به‌هونه‌رمه‌ندان وه‌ك ( شیرین مه‌لا ، ئاواز حه‌سه‌ن ، گوڵبه‌هار )  گۆرانیبێژانی عه‌ره‌ب ( سه‌میره‌ تۆفیق _ صب القهوه‌) ، ( سوعاد تۆفیق _ تفارقنی) هه‌روه‌ها كۆمه‌ڵێك ئاوازی بۆ هونه‌رمه‌ندێكی فه‌ره‌نسی داناوه‌ به‌ناوی ( ژۆنی ئۆپێر).

هونه‌رمه‌ند سه‌عید یوسف ، به‌یه‌كه‌مین هونه‌رمه‌ندی كوردی ڕۆژئاوا داده‌نرێت كه‌ هه‌ڵبه‌ست و ئاوازی گۆرانی كوردیی نوێی له‌ڕۆژئاوای كوردستان داناوه‌، به‌رهه‌مه‌ هونه‌رییه‌كانی نزیكه‌ی (700) گۆرانی یه‌ كه‌ زۆربه‌یان له‌ئاوازی خودی هونه‌رمه‌نده‌.

سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی هونه‌رمه‌ند سه‌عید یوسف سترانی  نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی و ئه‌وینداری خوێندووه‌، به‌ڵام به‌رهه‌می بۆ منداڵان نییه‌و  خۆی به‌كه‌مته‌رخه‌م زانیوه‌ له‌و بواره‌دا ، له‌دیدارێكدا هونه‌رمه‌ند ده‌ڵێت : (ماوه‌یه‌كی دوورو درێژه‌ حه‌زم ده‌كرد چه‌ندین ئاواز و هۆنراوه‌ بۆ منداڵان دابنێم ، بۆ خونچه‌كانی دواڕۆژ من له‌م ڕووه‌وه‌خۆم به‌كه‌مته‌رخه‌م ده‌زانم )   (4)

هه‌روه‌ها له‌باره‌ی دانانی هۆنراوه‌ وه‌ ، هونه‌رمه‌ند توانایه‌كی باشی هه‌بووه‌ له‌و بواره‌دا و به‌ كوردی و عه‌ره‌بی هۆنراوه‌ی نوسیوه‌و زۆرینه‌ی  هۆنراوه‌ و تێكستی گۆرانییه‌كانی خۆی دایناوون، و خاوه‌نی چه‌ند كۆمه‌ڵه‌ شیعری چاپكراوه‌ ، له‌و دیداره‌دا كه‌له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند سازكراوه‌  ئاماژه‌ به‌به‌رهه‌مه‌ شیعرییه‌كانی ده‌دات و ده‌ڵێت ( سێ كۆمه‌ڵه‌ شیعری چاپكراوم هه‌یه‌و پێنج كۆمه‌ڵه‌ی تریش  چاوه‌ڕێی چاپن ، ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی دوایی، هه‌ریه‌كه‌یانم به‌ناوی یه‌كێك له‌ كچه‌كانم كردووه‌ ) (5)

هونه‌رمه‌ند سه‌عید یوسف له‌ماوه‌ی ژیانی هونه‌ریدا زیاتر له‌ (25)  خه‌ڵاتی ( كوردی و عه‌ره‌بی و جیهانی) له‌وڵاتانی جیاجیاوه‌  پێبه‌خشراوه‌ ، له‌به‌رابه‌ر ئه‌و توانا هونه‌رییه‌ی هه‌یبووه‌ له‌بواری ژه‌نینی ئامێری ته‌مبوور _ بوزوك) و ئه‌و خزمه‌ته‌ زۆره‌ی له‌بواری هونه‌ردا پێشكه‌شی كردووه‌،بۆ مه‌به‌ستی ڕێزلێنان و به‌به‌ها گرتنی هونه‌ری ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ ، له‌لا‌یه‌ن وڵاتی ( سوید) ه‌وه‌ پۆلێك چاپكراوه‌ و به‌وێنه‌ی هونه‌رمه‌ند سه‌عید یوسف نه‌خشێندراوه‌ و له‌سه‌ری نوسراوه‌ ( ئه‌میری ته‌مبوور)

هه‌ركاتێك كه‌باس دێته‌ سه‌ر هونه‌رمه‌ند سه‌عید یوسف ، به‌رله‌وه‌ی باس له‌ده‌نگ و هونه‌ری ده‌نگبێژی و ئاوازه‌ ڕه‌سه‌نه‌كانی بكرێت، ڕاسته‌وخۆ ده‌ست و چه‌نجه‌و ژه‌نینی ئامێره‌ به‌ناوبانگه‌كه‌ی ( ته‌مبوور) به‌رجه‌سته‌ ده‌بێت و بۆته‌ ناسنامه‌ی چونكه‌ له‌ڕێی ئه‌و ئامێره‌ ڕه‌سه‌نه‌ كوردییه‌وه‌ خۆیی و هونه‌ره‌كه‌ی له‌ ڕۆژئاوای كوردستان و سوریا و لوبنان و وڵاتانی ناوچه‌كه‌و ئه‌وروپا ناساندووه‌ ،

له‌وڕوانگه‌یه‌وه‌  نوسه‌ر ( دحام السلطان)  له‌سایتی ( الوطن) دا نوسیویه‌تی ( ويعتبر الفنان الراحل أول من أدخل آلة البزق إلى الجزيرة السورية، التي تأثر بها تأثراكبيرا، بعد أن كان يستمع إلى ألحانها عن طريق عمالقة العزف الموسيقي المرتبط بها، من أمثال الملحن السوري محمد عبد الكريم والعراقي محمد عارف واللبناني محي الدين بعيون). (6)

ڕۆڵی هونه‌ری  هونه‌رمه‌ند سه‌عید یوسف له‌ بواری ئاواز و ستران چڕین و ژه‌نینی ئامێری ته‌مبوور له‌ڕۆژئاوای كوردستان،

ئاشكرایه‌ هونه‌رمه‌ند له‌هه‌موو بواره‌كانی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی و كۆمه‌ڵایه‌تی و خۆشه‌ویستی بۆ خاك و نیشتمان و  ئه‌ڤینداریدا ، رۆڵێكی گه‌وره‌و  كاریگه‌ریی بینیوه‌و، هونه‌ره‌ به‌رزه‌كه‌ی بۆ ئه‌وه‌ ده‌شێ كه‌ له‌ كۆلیژ و په‌یمانگا هونه‌رییه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی ئه‌كادیمی بخوێندرێت ، سه‌باره‌ت به‌ پۆلێنكردنی هه‌ریه‌ك له‌و بوارانه‌ به‌ئه‌مانه‌ته‌وه‌  ڕاوبۆچوون و خوێندنه‌وه‌ی هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیار ( كامێران ئیبراهیم )   كه‌ خۆی به‌یه‌ك له‌قوتابییه‌كانی هونه‌رمه‌ند سه‌عید یوسف ده‌زانێت ، زۆر به‌ووردی ئه‌و بوارنه‌ی باسكردووه‌، ده‌یخه‌مه‌ ڕوو .

 یه‌كه‌م : هونه‌رمه‌ند له‌بواری نه‌ته‌وه‌یدا ...هونه‌رمه‌ند گه‌لێك سروودی نه‌ته‌وه‌یی ، وه‌ك ئاواز  داناوه‌و  خوێندوونی ، له‌ساڵی (1968) به‌دواوه‌ سترانی نه‌ته‌وه‌یی و سرووده‌كان له‌سه‌رانسه‌ری كوردستان خوێندراون ( ئه‌ی جه‌ژنا نه‌ورۆز جه‌ژنا كوردێن قه‌هره‌مان ، وا خۆرتێ سه‌رباز ، نه‌ورۆز تویی جه‌ژنا ئازادی ) .

دووه‌م : له‌بواری نیشتمانیدا... هونه‌رمه‌ند هه‌میشه‌ له‌خه‌می نه‌ته‌وه‌ و گه‌له‌كه‌یدا بووه‌ ، هه‌میشه‌ باوه‌ڕی پته‌وی به‌كوردستان هه‌بووه‌ و، دڵسۆزیی و گیانفیدایی پێشمه‌رگه‌ كه‌ پارێزه‌ری وڵات و سنووری كوردستانن به‌رزنرخاندووه‌، هه‌موو كات  ئاواتی بووه‌ كه‌ خاك و گه‌له‌كه‌ی ڕزگاری ببێت له‌ژێر ده‌ستی دوژمنان و داگیركه‌راندا ،سترانه‌ نیشتمانپه‌روه‌رییه‌كانی هونه‌رمه‌ند ( كوردستان یان نه‌مان ، پێشمه‌رگه‌نا ، كوردستان پڕ شیرینه‌ ، كوردم شه‌ڕ ناڤه‌م) ، له‌ ئاهه‌نگه‌كاندا ، له‌چوارچێوه‌ی چرینی ستران و مه‌قامه‌كانیدا، به‌رده‌وام رۆڵی قاره‌مانێتی و خه‌بات و تێكۆشانی كه‌سایه‌تیه‌ نه‌مره‌كانی گه‌له‌كه‌مانی له‌یاد نه‌كردووه‌ و هه‌میشه‌ به‌رزنرخاندوونی  وه‌ك ( سه‌لاحه‌دینی ئه‌یوبی ، شێخ سه‌عیدی پیران ، پێشوا قازی محه‌مه‌د  و بارزانی نه‌مر ) له‌وڵاتی لوبنان سترانێكی تایبه‌تی بۆ (بارزانی) گوتووه‌ به‌ناوی ( كێ دنیا هه‌ژاند ، كێ دۆلاب گه‌ران ، ئه‌و باروانی پاك ڕابوو شول شكاند) . هونه‌رمه‌ند سه‌عید یوسف دوای ئه‌و هه‌موو ئاواره‌یی و ده‌ربه‌ده‌رییه‌ له‌زێدو خاكه‌كه‌ی، به‌ڵام هه‌موو كات هه‌ست و سۆزو خۆشه‌ویستی بۆگه‌وره‌یی زێده‌كه‌ی ( قامیشلۆ) هه‌بووه‌و له‌یه‌كێك له‌سترانه‌كانیدا نازناوی پێ به‌خشیوه‌ ( قامیشلۆ باژێڕی ئه‌ڤینی ) له‌و گۆرانییه‌دا كه‌بۆ قامیشلۆی خوێندووه‌ به‌و شێوه‌یه‌ هه‌ست و سۆزی خۆی ده‌ربڕیوه‌ ( قامشلۆ باژارێ ئه‌ڤینی جییێ گۆڤه‌ند و جڤینی ، ئه‌گه‌ر تۆ ئه‌ڤینداری ل وێیه‌ ده‌رمانێ برینی) .  

سێیه‌م : بواری كۆمه‌ڵایه‌تی ...له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هونه‌رمه‌ند هه‌ست و بیر و هزری سیاسی نزیكی پارتی كۆمنیستی سوریا  و پارته‌ كوردییه‌كانی سوریا بووه‌، هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندی پته‌وی له‌گه‌ڵ شاعیر ( جگه‌ر خوێن) دا هه‌بووه‌ ، هه‌موو كات خواستی بووه‌ كه‌ نه‌ته‌وه‌كه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی زانستی پێشبكه‌وێت ، له‌وباره‌یه‌وه‌ له‌شێوه‌ی ( مه‌نه‌لۆج) ڕه‌خنه‌ی له‌و داب و نه‌ریته‌ كۆنانه‌ گرتووه‌ وه‌ك ( ئه‌ڤ ژی ژنه‌ ئاگر كه‌تیا مالا منا ، ئاخ ژ ده‌ردێ باڤ و برا ، خه‌سوێ خه‌ڵكی ته‌ڤده‌ هه‌نه‌ نه‌ ب عه‌جێبا خه‌سوا منا ) ،

 هونه‌رمه‌ند به‌شێویه‌كی ڕوون و ئاشكرا له‌ڕێی هونه‌ریه‌كه‌یه‌وه‌  پشتگیری له‌دۆزی ئافره‌ت و ژنی كورد كردووه‌ له‌باره‌ی پرسی خوێندن و ڕۆشنبیریی و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ پیاودا بۆبه‌ده‌ستهێنانی مافه‌ زه‌وتكراوه‌كانی وئازادی ڕاده‌ربڕین، سترانه‌كانی وه‌ك ( ئه‌زنه‌بووم خاتونا ل سه‌ر ته‌ختا بووم كه‌چه‌ك ب سۆز و به‌ختا _ وامه‌نجێ وا ڕێحانێ وا سۆسنێ _ ژنێ ژنێ _ گه‌لی ته‌یرێ ل ئاسمانا گه‌ر هۆن چوون كوردستانێ لاوكێ من شۆرشڤانا ئه‌و كاغه‌ز بدانێ)

چواره‌م : بواری چینایه‌تی ... هونه‌رمه‌ند ته‌نها گۆرانیبێژ و سترانچڕێكی سۆزو خۆشه‌ویستی نه‌بووه‌ ،  به‌ڵكو هه‌ست و هۆش و به‌شێكی هونه‌ره‌كه‌ی بۆ چه‌وساندنه‌وه‌ی چینایه‌تی ته‌رخان كردووه‌ ، له‌وپێناوه‌شدا به‌هه‌رمی خوڵقاندووه‌ وه‌ك ( ئه‌ز خورتم دلێم ختیاره‌ چما گه‌لی عاقل دارا نه‌زانم ژ ده‌ردێ مالێ دنێ یان ژ ده‌ردێ ڤان دۆست و یارا _زێڕو  په‌را دكه‌ن توردا ژن خوشكا دهن درودا فه‌قیر كه‌ڤر دبن ئوردا ژن برچینا دكا هه‌وارا).

پێنجه‌م : بواری ئه‌ڤینی .. هونه‌رمه‌ند ده‌ریایه‌كی مه‌زنه‌ له‌هه‌ست و سۆزی ئه‌وینداریی، زۆر له‌ئاواز و سترانه‌كانی ئه‌ڤینداری و دڵداری له‌ناو گه‌لی كورددا له‌سه‌رانسه‌ری كوردستاندا له‌ڕێی هونه‌ره‌كه‌یه‌وه‌ ناساندووه‌، سترانه‌كانی له‌و بواره‌دا گه‌ڵیك زۆرن وه‌ك ( ئه‌مان جیهان ، چاوا تێ هه‌رێ ، مالا مه‌ لێ جه‌م مالڵا وه‌یا ، ئۆی فه‌له‌ك ، ئه‌ز گه‌له‌ك تێشم ، ل نا گوڵا ، ب ته‌را ل هه‌ڤ نایه‌م ، من دڵه‌ك گرت ، بوكێ سێڤا سوكێ ، چاڤێن ته‌ خۆش چاڤن خه‌زالێ ) .(7)

دوای نیوسه‌ده‌ له‌ به‌خشش به‌ هونه‌ری مۆسیقاو گۆرانی نه‌ته‌وه‌كه‌ی و ، مانه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌و هه‌ڵوێست و ڕێبازه‌ی خۆی باوه‌ڕی پێ بوو ئه‌ویش خزمه‌تكردن به‌ گه‌ل و نیشتمانه‌كه‌یی و ڕێبازه‌ پیرۆزه‌كه‌ی كوردایه‌تی ، هونه‌رمه‌ند سه‌عید یوسف كۆمه‌ڵێك به‌رهه‌می ئه‌وینداری و نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی و شۆڕشگێڕی خسته‌ سه‌رخه‌رمانی هونه‌ری كوردی ، هونه‌رمه‌ند له‌م ساڵانه‌ی دواییدا به‌هۆی ئازاری ده‌ست و په‌نجه‌كانیه‌وه‌ ده‌یناڵاند ، بۆمه‌به‌ستی چاره‌سه‌كردن ڕووی له‌وڵاتی توركیا كردبوو، به‌داخه‌وه ( میری ته‌مبوور ) ‌ له‌یه‌كێك له‌نه‌خۆشخانه‌كانی ئه‌سته‌نبوڵ  له‌ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ له‌ڕێكه‌وتی (26/2/2020) بۆهه‌میشه‌ چاوه‌كانی لێكنا و ماڵئاوایی له‌ژیان و ئامێره‌ شیرینه‌كه‌ی ( ته‌مبوور) ه‌كه‌یی و هونه‌رمه‌ندان و ئازیزان و زێده‌ شیرینه‌كه‌ی ( قامیشلۆ) كرد.

ته‌رمی هونه‌رمه‌ند له‌ڕێی (زاخۆ)  وه‌ ده‌گاته‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان و له‌وێشه‌وه‌ به‌ئاماده‌بوونی گه‌لێك له‌ هونه‌رمه‌ندان و ڕۆشنبیران و كه‌سایه‌تی ده‌ڤه‌ره‌كه‌  به‌ڕێ ده‌كرێت به‌ره‌و شاری قامیشلۆ ، له‌سه‌ر وه‌سیه‌تی هونه‌رمه‌ند سه‌عید یوسف ، به‌مه‌راسیمێكی شایسته‌و ئاماده‌بوونی جه‌ماوه‌رێكی زۆری شاری قامیشلۆ له‌ گۆڕستانی (قه‌دور به‌گ) به‌خاكی كوردستانی ده‌سپێرن ، له‌كاتی مه‌راسیمی ناشتنی هونه‌رمه‌ند له‌لایه‌ن ئاماده‌بووانه‌وه‌ به‌گۆرانییه‌كانی هونه‌رمه‌ند ئه‌سپه‌رده‌كه‌ی خاكی ده‌كه‌ن، دروود و سڵاو بۆگیانی پاكی هونه‌رمه‌ندی گۆرانیبێژ و مه‌قامبێژ و سروود بێژ و ژه‌نیاری ته‌مبوور ( سه‌عید یوسف) ڕۆحی شاد و بۆهه‌میشه‌ ناو ناوبانگ و هونه‌ره‌به‌رزه‌كه‌ی له‌نێو دڵ و هه‌ست و نه‌ستی نه‌ته‌وه‌كه‌یدا به‌پیرۆزی ده‌مێنێته‌وه‌.

جه‌مالی ده‌لاك  ( 15/9/2021)

سه‌رچاوه‌ : (1 و 2 و3  و 7)  هونه‌رمه‌ند سه‌عید یوسف ،، نوسینی ( كامیران ئیبراهیم) ، گۆڤاری چلاواز ، ژماره‌ ( 25و 26) ژماره‌ی تایبه‌ت ، نیسانی 2008 ، لاپه‌ڕه‌ ( 20)

(4 و 5)  پوخته‌ی دوو دیمانه‌ له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندناوداری ڕۆژئاوای كوردستان سه‌عید یوسف ،،، ( ڕه‌زوان محه‌مه‌د ئه‌مین ) گۆڤاری چلاواز ،،،ژماره‌ (49) له‌ (ئاداری 2010) لاپه‌ڕه‌ (36)

(6) سایتی ..الوگن ، سوری ، دحام السلگان.. 27/2/2020

 

کوردستان بناسە

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.