Erbil 11°C دووشەممە 13 کانوونی دووەم 11:59

هونه‌رمه‌ند  گوڵبه‌هار: بولبول خۆشخوانه‌که‌ی بادینان و گۆڕ غه‌ریبه‌که‌ی نه‌جه‌ف...؟!

( 1933 _ 23/2/2010)
کوردستان TV
100%

هێمنی شاعیر له‌ هۆنراوه‌ی ( گڵێنه‌ی شاعیر ) دا فه‌رموویه‌تی  :

هونه‌ر گه‌ر خۆی په‌رێشانی نه‌بایه‌ له‌م وڵاته‌ی دا

به‌شی من بۆ ده‌بوو چاره‌ ڕه‌شی و خانه‌ خه‌رابی با

مامۆستا هێمن له‌خۆڕا ئه‌و هۆنراوه‌ی نه‌نوسیوه‌، به‌ڵكو گه‌یشتۆته‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كه‌ هونه‌ر ، هیچ كات نه‌بۆته‌ سه‌رچاوه‌ی  ژیانێكی فه‌راهه‌مكراو بۆ هونه‌رمه‌ند، به‌ڵكو بۆته‌ سه‌رچاوه‌ی كێشه‌و گرفت و زۆرجاران به‌دبه‌ختی و خانه‌ خه‌رابی، له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو كێشه‌و له‌مپه‌ر و ده‌رده‌سه‌ریی بۆ هونه‌رمه‌ندانی كورد له‌سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی پێشوو وه‌،به‌ڵام بوێرانه‌ و خۆنه‌ویستانه‌ هه‌وڵ و كۆششیان به‌رده‌وام بووه‌ بۆمه‌به‌ستی گه‌یشتن به‌ئاواته‌كانیان و ئه‌و هونه‌ره‌ی له‌ناخیان و له‌سینه‌یاندا په‌نگی خواردۆته‌وه‌ به‌ئه‌مانه‌ته‌وه‌ بیگه‌یه‌ننه‌ دوا هه‌وار، باس و خواسمان له‌سه‌ر خانمه‌ هونه‌رمه‌ندێكی ده‌نگخۆش و ده‌نگ زوڵاڵه‌، له‌بواری سترانچڕیندا به‌ ڕچه‌ شكێن و داهێنه‌ر له‌بواری گۆرانیدا دێته‌ ئه‌ژمار ، ئه‌ویش هونه‌رمه‌ند ( گوڵبه‌هار) ه‌، كه‌ ژیانی لێوان لێوه‌ له‌هه‌ورازو نشێو.1

ئه‌م خانمه‌ هونه‌رمه‌نده‌ له‌ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی پێشوو ده‌ركه‌وت و گه‌شه‌ی كرد ، به‌ڵام نابێت  خانمه‌ هونه‌رمه‌ندانی پێش گوڵبه‌هار له‌یاد بكه‌ین ، كه‌ئه‌وانیش ڕۆڵیكی به‌رزو به‌نرخییان هه‌بوو له‌زیندوكردنه‌وه‌ی فۆلكلۆری ناوچه‌ جیاجیاكانی كوردستان و تۆماركردنیان له‌سه‌ر قه‌وان و ڕادیۆ ، خانمه‌ هونه‌رمه‌ندان ( دایكی جه‌مال ، نه‌سرین شیروان ، مریه‌م خان ، نازدار و ئه‌سمه‌ر فه‌رهاد ،ئایشه‌شان،  ژیان ئه‌حمه‌د ، فه‌وزیه‌ محه‌مه‌د،ئه‌ڵماس محه‌مه‌د و له‌ڕۆژهه‌ڵات یش مه‌نیج حه‌یران  و ...تاد )

هه‌ریه‌ك له‌و خانمه‌ هونه‌رمه‌ندانه‌ له‌سه‌رده‌می خۆیاندا له‌پاڵ ئه‌و پاڵه‌په‌ستۆ دژواره‌كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ی كۆمه‌ڵی كورده‌واری كه‌له‌سه‌ریان بووه‌، درێغی یان نه‌كرد و بره‌ویان به‌ هونه‌ره‌كه‌یان داو به‌رپه‌رچی هه‌موو ئه‌و تانه‌و ته‌شه‌ره‌یان داوه‌ته‌وه‌ كه‌ خراونه‌ته‌ پاڵیان و  ، چه‌ندین به‌ر‌هه‌می ناوازه‌یان تۆماركرد و ئه‌مڕۆ به‌ده‌نگ و ئاوازی سه‌ر‌ده‌می زێڕینی هونه‌ری موزیك و گۆرانی كوردی ناوده‌برێن.

خانمه‌ هونه‌رمه‌ند گوڵبه‌هار ، له‌ ده‌ڤه‌ری جوله‌مێرگه‌ وه‌ بۆ به‌غدا...!

وڵاتی كوردان به‌هۆی ئه‌و پێگه‌ جوگرافیایه‌وه‌كه‌ هه‌یه‌تی و دابه‌شكردنی به‌سه‌ر چوار وڵاتی داگیركه‌ری ناوچه‌كه‌و، كێشه‌و گرفته‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی و ڕامیاری ، هه‌میشه‌ بوونه‌ته‌ هۆی كۆچكردن و هه‌ڵكه‌ندنی هه‌ندێك خانه‌واده‌و بنه‌ماڵه‌ ، له‌سه‌ر ئاو خاكی زێدی باب و باپیرانیان،خانه‌واده‌ی خانمه‌ هونه‌رمه‌ند یه‌كێكن له‌و خانه‌وادانه‌ له‌سه‌رزێدی باب و باپیرانیان كۆچیان كردووه‌ و ڕوویان له‌باكوری كوردستان كردووه‌. 

خانمه‌ هونه‌رمه‌ند گوڵبه‌هار باس له‌شوێنی به‌دنیاهاتنی خۆی به‌و شێوه‌یه‌ ده‌كات ( باوكی من له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌ی (حاجی شه‌عبان ئاغا ) ی مه‌زنی ئامێدی ، كۆچ ده‌كه‌ن بۆ باكوری كوردستان ، كوردستانی توركیا، دوای كوشتنی حاكمی ئینگلیز له‌ ئامێدی له‌ شه‌ڕی ( گه‌لیی مزیركا ) له‌ساڵی (1920) ، من له‌ گوندی ( كۆچانس) ی مار شه‌معونی ئاشووری له‌ ده‌ڤه‌ری  (جوله‌ مێرگ) له‌ساڵی (1933) له‌دایكبوومه‌) (1)

 هونه‌رمه‌ند  هێشتا ته‌مه‌نی (3) ساڵان بووه‌ كه‌ ماڵباته‌كه‌یان باكوری كوردستان به‌جێدێڵن و  له‌ساڵی (1936) ده‌گه‌رێنه‌وه‌ (ئامێدی ) و نیشته‌جێ ده‌بن ، باوكی به‌پیشه‌ی ( دارتاش ) یه‌وه‌ سه‌رقاڵ ده‌بێت و بژێوی ژیانی ڕۆژانه‌ی په‌یدا ده‌كات.

دیاره‌  ناوی گوڵبه‌هار ، نازناوی هونه‌رییه‌تی ، هونه‌رمه‌ند ناوی ته‌واوی ( فاتیمه‌ محه‌مه‌د ئه‌حمه‌د) ه‌. قۆناغه‌كانی ته‌مه‌نی منداڵی  له‌ ئامێدی به‌سه‌ر بردووه‌، گه‌ڕانی زۆرم به‌داوی سه‌رچاوه‌ له‌سه‌ر ژیانی خانمه‌ هونه‌رمه‌ند گوڵبه‌هار، به‌داخه‌وه‌ چه‌ند دیدار و دیمانه‌یه‌كی له‌گه‌ڵدا كراوه‌و ، له‌هیچ یه‌كێك له‌و دیدارانه‌دا ، پرسیاری ئه‌وهه‌ستی ستران خوێندنه‌ له‌ كوێوه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه ، لێی نه‌كراوه‌، به‌ڵام جوانترین و به‌نرخترین ژینگه‌ بۆ هه‌نگاونانی هونه‌رمه‌ند بۆ نێو دنیای موزیك و گۆرانی ، ژینگه‌ جوان و هه‌ست بزوێنه‌كه‌ی ئامێدی و ده‌نگی خۆشی سترانبێژ و لاوك بێژانی ناوچه‌كه‌ بووه‌.

5

له‌ئامێدییه‌وه‌ بۆ به‌غدای پایته‌خت ...!

دوای ته‌واوبوونی جه‌نگی دووه‌می جیهانی (1945) ، گوڵبه‌هار له‌گه‌ڵ خوشكی گه‌وره‌ی ( عائیشه‌‌ محه‌مه‌د 1926 _ 1992  ، ناسراو به‌  فه‌وزیه‌ محه‌مه‌د) پێكه‌وه‌ ڕوو ده‌كه‌نه‌ شاری به‌غدا ، ئاشكرایه‌ كه‌ هۆكارێك هه‌یه‌ كه‌ هه‌ردوو خوشك خانه‌واده‌و زێده‌كه‌یان به‌جێ بهێڵن و ڕوو بكه‌نه‌ شارێك ئه‌سته‌مه‌، كه‌ هه‌موو شتێك به‌وان نامۆیه‌، هه‌ر له‌ فه‌رهه‌نگ و كه‌لتوور و زمانه‌وه‌، ئه‌و هه‌سته‌ هونه‌رییه‌ له‌ناخی هه‌ردوو خوشكدا بوونی هه‌بووه‌ و ، بێشك كاریگه‌ری ده‌نگی خۆشی خانمه‌ هونه‌رمه‌ندانی پێش هه‌ردوو خوشك كه‌پێشتر له‌شاری به‌غدا له‌ڕێی كۆمپانیاكانی گرامه‌فۆن و ڕادیۆ وه‌ ده‌نگیان بڵاوبۆته‌وه‌،  له‌نێو كۆمه‌ڵی كورده‌واریدا له‌و سه‌رده‌مه‌ دوو كیژ له‌خانه‌واده‌یه‌ك كه‌ ته‌مه‌نی هه‌ردوو كیان (  فه‌وزیه‌ 19 ساڵ و فاتیمه‌ 12 ساڵ) بووه‌، ماڵ به‌جێ بهێڵن و ڕوو بكه‌نه‌ غه‌ریبی بۆ هه‌رمه‌به‌ستێك بووبێت ، كارێكی دژوار و قورسه‌ له‌باری كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌ له‌نگ و زه‌حمه‌ت و شوره‌یی بووه‌ بۆ خانه‌واده‌كه‌یان، هه‌ردوو خوشك تێكه‌ڵاو به‌ و فه‌رهه‌نگه‌ هونه‌رییه‌ی ‌شاری به‌غدا ده‌بن و ، دوو بواری هونه‌ری هه‌ڵده‌بژێرن،  فه‌وزیه‌ محه‌مه‌د له‌به‌ر ده‌نگخۆشیی و توانای سترانچرینی ده‌ڤه‌ری بادینانی هه‌بووه ، چۆته‌ ڕادیۆی كوردی به‌غدا و، ‌ خانمه هونه‌رمه‌ندی سترانبێژ فه‌وزیه‌ محه‌مه‌د ، له‌ماوه‌ی ژیانیدا كه‌ چۆته‌ شاری به‌غدا، دووجار ژیانی هاوسه‌ری پێكهیناوه‌ ،  ( جاری یه‌كه‌م ساڵی (1945) و جاری دووه‌م (1952) ، ئه‌م خانمه‌ هونه‌رمه‌نده‌ له‌نێوان ساڵی (1951 بۆ 1952) چه‌ند قه‌وانێكی كوردی له‌ كۆمپانیای  ( كۆلۆمبیا) تۆماركردووه‌ (2)

له‌رێگای ڕادیۆی كوردی به‌غداوه‌ چه‌ندین گۆرانی فۆلكلۆری تۆماركردووه‌و، په‌یوه‌ندییه‌كی فراوانی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی ئه‌وسه‌رده‌مه‌ی ڕادیۆ په‌یداكردووه‌، ئه‌وتێكه‌ڵاوبوونه‌وه‌ی خانمه‌ هونه‌رمه‌ند له‌ڕێی هونه‌ره‌كه‌یه‌وه‌ ته‌نها هونه‌رمه‌ندانی گۆرانبیێژی نه‌گرتۆته‌وه‌، به‌ڵكو هونه‌رمه‌ندانی بواری شانۆ و دراماو سینه‌مای عیراقیشی گرتۆته‌وه‌، ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ ده‌بێته‌ سه‌ره‌تایه‌ك بۆ هه‌نگاونان و تێكه‌ڵاوبوونی خانمه‌ هونه‌رمه‌ند ( فاتیمه‌) ی خوشكی واته‌ ( گوڵبه‌هار) ‌له‌ساڵی (1949) وه‌ك یه‌كه‌م كچه‌ كورد چۆته‌ سه‌ر شانۆ، وه‌ك ئه‌كته‌رێكی خۆڕسك به‌بێ ئه‌وه‌ی ده‌رچووی هیچ ئه‌كادیمیایه‌كی هونه‌ری بووبێت ڕۆڵی له‌چه‌ندین شانۆ دا بینیوه‌له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی عه‌ره‌بی ئه‌و سه‌رده‌مه‌، وه‌ك ( فه‌وزی موحسین ئه‌لئه‌مینی ، وه‌جیه‌ عه‌بدولغه‌نی ، ئه‌سعه‌د عه‌بدولڕه‌زاف، زیا‌و ئه‌لبه‌یاتی و یه‌حیا فایه‌ق) ، له‌ساڵی (1956) كه‌ته‌له‌فزیۆنی عێراقی له‌به‌غدا ده‌ستی كردووه‌ به‌په‌خشكردنی به‌رنامه‌كانی، خانمه‌ هونه‌رمه‌ند گوڵبه‌هار هه‌ربه‌رده‌وام بووه‌ له‌سه‌ر كاری هونه‌ری و ، له‌ساڵی (1957) وه‌ك كچه‌ ئه‌كته‌رێكی به‌توانا ڕۆڵی له‌سێ فیلمدا به‌سه‌ركه‌وتوویی به‌زمانی عه‌ره‌بی بینوه‌ وه‌ك ( و‌رده‌ ، اراده‌ الشعب و عروس الفرات).

7

له‌ساڵی (1960) وه‌رچه‌رخاندنێك له‌ ژیان و كاره‌ هونه‌رییه‌كانیدا ڕوو ده‌دات و مه‌یل و عه‌شق و سۆزی  بۆلای ستران و لاوكی نه‌ته‌وه‌كه‌یی و ده‌ڤه‌ره‌كه‌ی په‌لكێشی ده‌كاته‌وه‌، به‌ره‌و دنیای گۆرانی و ستران هه‌نگاو هه‌ڵده‌گرێت و زیاتر كاریگه‌ری هونه‌رمه‌ندانی ده‌نگخۆشیی ئه‌و كاتی ڕادیۆ به‌هۆی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ دۆستانه‌و هاورێیانه‌ی هه‌یبوه‌ له‌گه‌ڵیاندا ، ڕووده‌كاته‌ ڕادیۆ و ده‌نگی تاقی ده‌كه‌نه‌وه‌و ، به‌ ده‌نگبێژێكی نوێی ڕادیۆ ده‌رده‌گیرێت،  به‌ڵام جیاواز له‌ خانمه‌ هونه‌رمه‌ندانی پێشووی ڕادیۆ ، گوڵبه‌هار به‌كاری نوێ و ئاوازی هونه‌رمه‌ندان له‌سه‌ر هۆنراوه‌ی شاعیران ده‌ستپێكی هونه‌ری خۆی ده‌ست پێده‌كات، یه‌كه‌م سترانی خانمه‌ هونه‌رمه‌ند گوڵبه‌هار گۆرانییه‌كه‌ له‌ڕادیۆ تۆماری ده‌كات به‌ناوی ( كوڕێ گوندی به‌ژن دارێ حه‌یزه‌ران) له‌ هۆنراوه‌ی  ( مامۆستا محه‌مه‌د ئه‌مین عوسمان) و ئاوازی هونه‌رمه‌ندی عودژه‌ن( ئه‌حمه‌د خه‌لیل) به‌م كاره‌ هونه‌رییه‌ی گوڵبه‌هار ده‌بێته‌ پێشه‌نگی خانمه‌ هونه‌رمه‌ندان له‌ سترانی نوێدا و دوور له‌لاسایی و دووپاته‌ كردنه‌وه‌ی سترانه‌ فۆلكلۆرییه‌كان.

 له‌دوای تۆماركردنی ئه‌و به‌رهه‌مه‌ و په‌سه‌ندكردنی ده‌نگ و توانای چرینی ستران  له‌لای هاوڕێ هونه‌رمه‌نده‌كانی و خه‌ڵكه‌وه‌ ، ده‌رگای ڕۆچوونه‌ نێو دنیای ئاواز و ستران له‌به‌رده‌م خانمه‌ هونه‌رمه‌ند زیاتر كرایه‌وه‌ و له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌ پێوه‌ندی ده‌كات  به‌ شاعیرانه‌وه‌ تا به‌هۆنراوه‌كانیان هاوكاری بن و ئاواز له‌سه‌ر تێكسته‌كانیان دابنێت  ، ئه‌و هۆزانڤانانه‌ی له‌و سه‌رده‌مه‌دا كه‌ خانمه‌ هونه‌رمه‌ند پێوه‌ندی پێوه‌كردن هۆنراوه‌ی گۆرانی بۆ دابنێن وه‌ك (حافز مائی ، مه‌عسووم مائی ، به‌درخان سندی ، سه‌گڤان عه‌بدولحه‌كیم و فه‌خره‌دین دۆسكی ) ، هه‌روه‌ها ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ موزیكژه‌نانه‌ ئاوازیان له‌سه‌ر تێكسته‌كان داناوه‌و  خانمه‌ هونه‌رمه‌ند گوڵبه‌هار خوێندوونی ،( ئه‌حمه‌د خه‌لیل ، یاسین ئه‌لشێخلی ، سه‌میر زاخۆیی ، نازم نه‌عیم ، به‌شار زاخۆیی ، باكووری ، جه‌مال جه‌لال و محه‌مه‌د قه‌دری )

گوڵبه‌هاری ده‌نگ به‌سۆز و ده‌نگ ناسك و هه‌ست بزوێن، له‌گه‌ڵ تۆماركردن و بڵاوكردنه‌وه‌ی سترانه‌كانی ، هاوكات یارمه‌تیده‌رو ئه‌ندامی كۆرسی ڕادیۆی كوردی به‌غداش بووه‌.

خانمه‌ هونه‌رمه‌ند دوای گونجاندن  له‌گه‌ڵ ئه‌و ژیانه‌ی له‌به‌غدا و تێكه‌ڵاوبون و ناوبانگ ده‌ركردن ، ژیانی هاوسه‌ری پێك دێنێت له‌گه‌ڵ كوڕێكی به‌غدایی، ده‌بنه‌ خاوه‌نی كچێك ناوی ده‌نێن ( بێریڤان) ، هه‌روه‌ها ئه‌م خانمه‌ ناسك و جوان و شۆخ و شه‌نگه‌ی سترانی كوردی ، كه‌سێكی ساده‌و هه‌میشه‌ حه‌زی به‌هاوكاری و یارمه‌تیدانی ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی بووه‌ ، مامۆستا باكووری نوسیویه‌تی ( گوڵبه‌هار ، زۆر هێمن و له‌سه‌ر خۆ بوو، ئه‌گه‌ر مانگی گۆرانییه‌كی باشی تۆمار بكردایه‌ ، ئه‌وا زۆر دڵخۆش ده‌بوو، زۆر سه‌خی ته‌بیعه‌ت بوو ، حه‌زی له‌یارمه‌تیدان بوو، ئه‌و زه‌مانه‌ی كه‌باسی ده‌كه‌م له‌دوا دوا په‌نجاكاندا بوو، دوای شۆڕشی 14 ی ته‌مموزی 1958 ه‌وه‌  تا حه‌فتاكان ، باخه‌ڵی هه‌میشه‌ پڕ پاره‌و خێرو به‌ره‌كه‌ت بوو ، ژیانێكی باشیی به‌سه‌رده‌برد) (3) .

6

گه‌شته‌كانی خانمه‌ هونه‌رمه‌ند بۆ ده‌ره‌وه‌ی كوردستان ..!

 له‌ژیانی هونه‌ریدا  گوڵبه‌هار له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی هاوڕێی گه‌لێك گه‌شتی هونه‌ری به‌ جل و به‌رگ و ئاڵاو واڵای كوردییه‌وه‌ بۆ ئه‌وروپاو ئه‌مریكا كردووه‌ ، به‌داخه‌وه‌ له‌و كاتانه‌دا له‌ژێر ناوی هونه‌ری عێراقییه‌وه‌ ئه‌وگه‌شتانه‌ی كردووه و به‌شداری فیستڤاڵه‌ هونه‌رییه‌كان بووه‌‌،ئه‌وه‌ش یه‌كێكه‌ له دیارده‌كانی‌ نه‌بوونی ده‌وڵه‌تی كوردی ، خانمه‌ هونه‌رمه‌ندێك له‌گه‌ڵ چه‌ند هونه‌رمه‌ندێكی به‌توانای گه‌له‌كه‌ی گه‌شت بكات بۆ وڵاتانی ده‌ره‌وه‌و ناساندنی هونه‌ری نه‌ته‌وه‌كه‌ی نه‌توانێت به‌ئازادانه‌ خۆیی و هونه‌ره‌كه‌ی بناسێنێت،

له‌ساڵی (1973) بۆیه‌كه‌مجار خانمه‌ هونه‌رمه‌ند گوڵبه‌هار به‌یاوه‌ری هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند ( محه‌مه‌د عارف جزیری  و عیسی به‌رواری)  گه‌شتێكى هونه‌رى  بۆ شاری (قامیشلۆ)  و ( حه‌له‌ب)  ئه‌نجام ده‌ده‌ن ، به‌بۆنه‌ی جه‌ژنی نه‌ورۆزه‌ وه‌ ئاهه‌نگ ده‌گێڕن و دواتر به‌ره‌و وڵاتى ( لوبنان) له‌گه‌ڵ وه‌فدى هونه‌رى عێراقى ،له‌   گه‌وره‌ترین هۆڵى شاری به‌یروت ( ڕیڤۆڵى به‌یروت) ئاهه‌نگ  بۆكورده‌كانى  لوبنان ده‌گێڕن وپێشوازییه‌كی گه‌رمییان لێده‌كرێت و  هه‌رسێ هونه‌رمه‌ند به‌ستران و لاوكه‌ خۆشه‌كانیان دڵخۆشیی ده‌به‌خشنه‌ گوێگرو ئاماده‌بوانی ئاهه‌نگه‌كه‌.

3

جارێكی دیكه‌ خانمه‌ هونه‌رمه‌ند گوڵبه‌هار  به‌ یاوه‌ری هونه‌رمه‌ند عیسی به‌رواری ، له‌ساڵی (1976)  پێكه‌وه‌ ده‌چنه‌ وڵاتی به‌ریتانیا، به‌پۆشاكی جوانی كوردییه‌وه‌ ، له‌فیستڤاڵی كولتووری جیهانی له‌له‌نده‌ن به‌شداری ده‌كه‌ن، دواتر له‌ساڵی (1978) هونه‌رمه‌ند گوڵبه‌هار له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند عیسی به‌رواری، له‌گه‌ڵ شاندێكی كولتووری عێراقی به‌سه‌رۆكایه‌تی هونه‌رمه‌ند و مامۆستا (مونیر به‌شیر ) بۆمه‌به‌ستی سازدانی ئاهه‌نگ ده‌چنه‌ ( پاریس و ڤییه‌ننا، ) له‌م گه‌شته‌یدا هونه‌رمه‌ند له‌لایه‌ن ( عومده‌ی پاریس – جاك شیراك ) خه‌ڵات ده‌كرێت و  هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند ( گوڵبه‌هار و عیسی به‌رواری ) وه‌ك باڵوێزی سترانی كوردی جیهانی ده‌ناسرێن، دوای ئه‌و گه‌شتانه‌ی بۆ وڵاتانی ئه‌وروپا ، بۆمه‌به‌ستی گه‌یاندنی ده‌نگ و سترانه‌كانی  به‌خه‌ڵك له‌ ولایه‌ته‌كانی ئه‌مریكا ، له‌ساڵی (1981) به‌گه‌شتێكی هونه‌ری ده‌چێته‌ ئه‌مریكا و چه‌ندین ئاهه‌نگ سازده‌كات، سه‌باره‌ت به‌ خوێندنه‌وه‌ی بۆ ئه‌و گه‌شته‌ هونه‌رییه‌ خانمه‌ هونه‌رمه‌ند گوڵبه‌هار ده‌ڵێت ( گومان نینه‌، من نوێنه‌راتیا وڵاتێ خویێ دایك كوردستان دكر  و هنكی ئه‌ز چویمه‌ ده‌ڤه‌رێ عیراقێ ، جلكێت  من كراس و فستانێت كوردی بوون و گه‌له‌ك پسیار  ژ من دهاته‌ كرن لسه‌ر هونه‌رێ كوردی و دوزا كورد ) (4)

جیا له‌و نازناوه‌ی كه‌له‌ئه‌وروپا پێی به‌خشراوه‌ ، خانمه‌ هونه‌رمه‌ند دوو نازناوی تری هه‌یه‌و پێی ده‌ناسرێته‌وه‌ ، ئه‌وانیش ( فه‌یروزی كوردان  و بولبوله‌كه‌ی بادینان)

8

یه‌كێك له‌و سترانه‌ ناوداره‌كانی خانمه‌ هونه‌رمه‌ند كه‌له‌ڕێی ڕادیۆی كوردیی به‌غداوه‌  زۆربه‌ی كات بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ و كاریگه‌ری ئه‌و ده‌نگه‌ خۆشه‌ی گوڵبه‌هار ، به‌خشینی ئارامیی به‌هه‌ست و نه‌ستی گوێگر و بیسه‌ر سترانی ( كه‌وا سپێدێ بخوینه‌) له‌ هۆنراوه‌ی  ( حافز مائی ) له‌ڕێی ئه‌م گۆرانییه‌وه‌ به‌ فه‌یروزی كوردان  ناوی ده‌ركردووه‌.

گوڵبه‌هاری سترانبێژ و ده‌نگخۆش له‌سه‌ره‌تای ده‌ستپێك و تۆماركردنی به‌رهه‌مه‌ هونه‌رییه‌كانی تا ئه‌و كاته‌ی ڕادیۆ به‌جێ دێڵیت ، گۆرانییه‌كانی ده‌گاته‌ نزیكه‌ی (275) ستران ، له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی ده‌نگخۆش  و به‌توانا پێكه‌وه‌ گۆرانی خوێندووه‌  وه‌ك ( عیسی به‌رواری  ، محه‌مه‌د عارف جزیری ، نه‌سرین شێروان ، ته‌حسین ته‌ها ، سه‌میر زاخۆیی، به‌شار زاخۆیی ، فه‌خری بامه‌ڕنی ، جه‌مال جه‌لال ، محه‌مه‌د ته‌یب تاهیر ، محه‌مه‌د قه‌دری و عوسمان شارباژێڕی )  

به‌شێك له‌سترانه‌كانی خانمه‌ هونه‌رمه‌ند  گوڵبه‌هار :

7

( كوڕێ گوندی به‌ژن دارێ حه‌یزه‌ران ، زه‌مبیل فرۆش ، بلا بلا ، كه‌وا سپێدی بخوینه‌ ، دلو ، من تو دڤی ، ئه‌ز گولم ، شڤان و بێری ، چه‌لی به‌رچه‌لا ، بلبلۆ بخینه‌ بوهاره‌ ، وه‌ی لۆ لۆ ، نازدار چاڤێن، خال خالۆكێ ، ئه‌زم یارا لاوێ ده‌لال  ، ئه‌ز كچم كچا كوردانم  و  ماسی فرۆش و بمبووره‌ مه‌ڕۆ (به‌شێوه‌ی دیالۆگ له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د قه‌دری)  و   ...تاد ) .

دوای ئه‌و ماوه‌ دوور و درێژ و پڕ خزمه‌ت و به‌خششه‌ هونه‌رییه‌، هونه‌رمه‌ند  گوڵبه‌هار له‌ساڵی (1987) خانه‌نشین ده‌كرێت و به‌ته‌نیا له‌گۆشه‌یه‌كی ماڵه‌كه‌یدا ده‌مێنێته‌وه‌، تا گه‌نج و شۆخ و شه‌نگ جوان بوو، هه‌موو كات ده‌وری پڕ بوو له‌ هونه‌رمه‌ندان و هونه‌ردۆستان، له‌هه‌ر شوێنێك ئاهه‌نگ و به‌زمی شادی  هه‌بوایه‌  خانمه‌ هونه‌رمه‌ند گوڵبه‌هار گوڵی  كۆڕو كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو ، به‌ده‌نگه‌ خۆشه‌كه‌یی و به‌سترانه‌كانی هه‌ستی ئاماده‌بووانی بۆلای خۆی ڕاده‌كێشا ،به‌ڵام كاتێك ته‌مه‌ن هه‌ڵده‌كشێت و ئه‌و شۆخ و شه‌نگیی  و ناز و لار و له‌نجه‌و ده‌نگی به‌سۆزی وه‌ك جاران نامێنێ ، ده‌وروپشتی چۆڵ و بێ یار و یاوه‌ر ده‌مێنێته‌وه‌، له‌و ژیانه‌ لێوانلێوه‌ له‌ خۆشیی و كه‌یف و سه‌فایه‌ ، هونه‌رمه‌ندێك كه‌بۆ هونه‌ری نه‌ته‌وه‌كه‌ی ژیا،له‌دواین ساڵه‌كانی ژیانی له‌گه‌راجێكی وه‌ستانی ئۆتۆمبێلدا، به‌ته‌خته‌ كوخێك دروست بكات و تێیدا بژی و چاوه‌ڕێی كۆتا ڕۆژه‌كانی ژیانی بێت ، ئای هونه‌رمه‌ندی كورد چ به‌دبه‌ختی، هونه‌رمه‌ند ناسری ڕه‌زازی له‌به‌شێكی هۆنراوه‌یه‌كیدا به‌ناوی (وه‌سیه‌ت) دا ، كه‌ خوێندنه‌وه‌یه‌كه‌ بۆ ژیانی هونه‌رمه‌ندانی كورد و  به‌ژیانی ئه‌م خانمه‌ هونه‌رمه‌نده‌وه‌ گوڵبه‌هار ، نوسیویه‌تی (

له‌لای ئێمه‌ هونه‌روه‌ر تاكو ده‌مرن

ته‌نێ بۆ به‌زم و شادی ڕێزی ده‌گرن

كه‌ساس و بێ كه‌س و بێ پشتیوانن

بۆدایم هه‌ڵگری ده‌رد و خه‌مانن

به‌دڵ خه‌مخۆری خه‌ڵك و نیشتمانن

له‌كوێ كۆڕێك هه‌بێ ، كۆڕگێڕی وانن

هه‌تا ماون له‌دنیادا چ كه‌سیان

نییه‌ ده‌ستێكی دڵسۆز بگرێ ده‌ستیان ) (5)

خانمه‌ هونه‌رمه‌ند گوڵبه‌هار ، له كاتی خۆرئاوابوونی ته‌مه‌نیدا بێكه‌س و بێ لانه‌ له‌ به‌غدایه‌ك كه‌ هه‌موو جوانیه‌كانی ژیانی تێدا گوزه‌راند ماوه‌ته‌وه‌ و هه‌ناسه‌ ده‌دات، كه‌سێك نییه‌ وه‌ك جاران له‌ده‌رگای بدات و شه‌وانی كه‌یف و خۆشیی و خه‌نده‌و لێوڕیژ له‌ حه‌یران و لاوك و سترانی له‌گه‌ڵدا به‌ش بكات، 

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ڕۆشنبیری و هونه‌ری دهۆك ، بۆمه‌به‌ستی ڕێزگرتن له‌ ئه‌زموون و ژیانی هونه‌ری خانمه هونه‌رمه‌ند گوڵبه‌هار بانگهێشت ده‌كه‌ن بۆ شاری دهۆك و ماوه‌ی دوو ڕۆژ ( 17 و 18/3/2005) له‌هۆڵی  هونه‌رمه‌ند ( محه‌مه‌د عارف جزیری ) مه‌راسیمی ڕیزلێنانی بۆ سازده‌كه‌ن به‌ئاماده‌بوونی جه‌ماوه‌رێكی زۆر شاری دهۆك ،

ڤیان مائی ، خانمه‌ ڕاگه‌یاندنكار سه‌باره‌ت به‌هاتنه‌وه‌ی گوڵبه‌هار بۆ شاری دهۆك ده‌ڵێت ( هاتنه‌وه‌ی گوڵبه‌هار بۆ كوردستان ، ئه‌و ته‌نیا پێنج مانگ له‌ دهۆك نیشته‌جێ بوو، ئامانجی ئه‌وه‌بوو له‌كوردستان خزمه‌تی بكه‌ین ، له‌ماوه‌ی  ئه‌و پێنج مانگه‌دا ته‌نیا هونه‌رمه‌ند ( سه‌میر زاخۆیی) سه‌ردانی گوڵبه‌هاری كرد، هه‌موو كات ده‌یگوت بۆچی هونه‌رمه‌ندێك نایێ سه‌ردانم بكات ، زۆر حه‌ز ده‌كه‌م بیان بینم ، له‌كاتێكدا هه‌موو هونه‌رمه‌ندێكی ئه‌م كوردستانه‌ ده‌یانزانی ئێستا گوڵبه‌هار له‌دهۆك ده‌ژی ) (6)

 هونه‌رمه‌ند گوڵبه‌هار به‌گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ كوردستان و له‌ناو خه‌ڵك و هاوزمانه‌كانی خۆیدا ، چه‌ند دڵخۆشه‌ به‌و گه‌ڕانه‌وه‌یی ، ئه‌وه‌نده‌ش له‌ناخه‌وه‌ نیگه‌ران بووه‌ كه‌ له‌لایه‌ن  هونه‌رمه‌ندانه‌وه‌ ئه‌و بایه‌خه‌یان پێ نه‌داوه‌ ،  دوای ئه‌و ماوه‌یه‌ له‌كوردستان به‌ نائومێدی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ هه‌واره‌ خاڵییه‌كه‌ی له‌به‌غدا،

دوای چه‌ندسالێك به‌هۆی نه‌خۆشیه‌كی درێژخایه‌نه‌وه ‌ده‌ناڵێنێ ، تا ڕێكه‌وتی ( 23/2/2010) له‌یه‌كێك له‌نه‌خۆشخانه‌كانی شاری به‌غدا كۆچی دوایی ده‌كات، ته‌رمی ئه‌وخانمه‌ هونه‌رمه‌نده‌ گوڵبه‌هار له‌گۆڕستانی شاری (نه‌جه‌ف)  به‌خاك ده‌سپێردێت..؟  و گۆڕ غه‌ریب ده‌بێت.

ڕۆحی شاد و یادی به‌خێر ، گڵكۆكه‌ی هه‌میشه‌ چراخان بێت.

جه‌مالی ده‌لاك  16/7/2021

سه‌رچاوه‌ : (1 و 3 و 4) سترانبێژه‌ ڕه‌سه‌نه‌كانی كورد ( گوڵبه‌هار)  ، باكووری  ، گۆڤاری ڕامان ، ژماره‌ ( 51)  5/9/2000 ، لاپه‌ڕه‌ ( 249 ، 250 ، 251)

(2) مێژووی ڕادیۆی كوردیی به‌غداد (1939 _1958) به‌رگی یه‌كه‌م _ جزمی یه‌كه‌م ، لاپه‌ڕه‌  (699)

(5)  كتێبی نه‌داری  ، گۆرانییه‌كانی ناسری ڕه‌زازی ، به‌رگی دووه‌م ، ئاماده‌كردنی جه‌مالی ده‌لاك ، لاپه‌ڕه‌ (412)

(6) له‌ساڵیادی مردنیدا ،،گولبه‌هاره‌كان له‌به‌هار و پایزی ته‌مه‌نیاندا ،،، تۆفیق كه‌ریم  ،،فه‌یسبوك

ڕۆژنامه‌ی كۆمه‌ڵ ژماره‌ 416. شه‌مه‌ 27/3/2010

 

 

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.