Erbil 9°C شەممە 11 کانوونی دووەم 20:49

هونه‌رمه‌ند تالیب مه‌جید قادر ( ته‌له‌ ) له‌کاروانچێتییه‌وه‌ بۆ ڕادیۆى کوردى به‌غدا....!

(1915 _1978)
کوردستان TV
100%

ده‌نگخۆشیی یه‌كێكه‌ له‌و به‌هره‌ و نیعمه‌تانه‌ى په‌روه‌ردگار و سرووشت به‌مرۆڤى به‌خشیوه‌ ، ئه‌ویش ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر ئه‌و به‌هره‌مه‌نده‌ تا چه‌ند سوودى لێده‌بینێ و ده‌نگخۆشییه‌كه‌ى ده‌خاته‌ خزمه‌تى  نه‌ته‌وه‌كه‌یی و گوێگر و هه‌واداره‌كانى، به‌داخه‌وه‌ زۆر له‌و ده‌نگخۆش و به‌هره‌مه‌ندانه‌ له‌نێو  گه‌لى كورد دا بوونیان هه‌بووه‌ ،به‌ڵام لێیان بێ به‌ش بوین هۆكاره‌كه‌شى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ نه‌بوونى ده‌رفه‌ت بۆى كه‌ ده‌نگى تۆماربكرێت یان نه‌بوونى ئامڕازه‌كانى تۆماركردن ، به‌ڵام ئه‌وه‌ى جێى خۆشحاڵییه‌ له‌سه‌ره‌تاى سییه‌كانى سه‌ده‌ى پێشوو به‌هه‌وڵ و تێكۆشانى هه‌ندێك كه‌سایه‌تى خه‌مخۆر و دڵسۆز ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ خۆڕسك و ده‌نگخۆشانه‌ى بردۆته‌ به‌غدا و له‌ڕێى كۆمپانیاكانى تۆماركردن له‌سه‌ر ( قه‌وان _سه‌فحه‌) گۆرانییان تۆماركردووه‌ ، دامه‌زراندنى ڕادیۆى كوردیى  به‌غدا ئه‌وكات ده‌رفه‌تى زیاتر ڕه‌خساندوه‌ و ده‌رگاى خزمه‌تكردن و تۆماركردن ئاوه‌ڵا بووه‌ ئه‌ویش به‌هه‌وڵ و تێكۆشانى كۆمه‌ڵێك كه‌سایه‌تى و هونه‌رمه‌ندى دڵسۆز و خه‌مخۆرى هونه‌رى كوردى، ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ له‌ڕێی ڕادیۆى كوردى به‌غداوه‌ جوانترین مه‌قام و به‌سته‌یان تۆماركردووه‌ و گه‌نجینه‌ى هونه‌رى موزیك و گۆرانى ده‌وڵه‌مه‌ند كردووه‌ و بوونه‌ته‌ جێى شانازیى بۆهونه‌رى كوردى.

یه‌كێك له‌و هونه‌رمه‌نده‌  ده‌نگخۆشانه‌ ، كه‌هه‌ستى كردووه‌  ده‌نگى خۆشه‌و تواناى چڕینى به‌سته‌و مه‌قامى هه‌یه‌ و به‌ره‌و ڕادیۆى كوردى به‌غدا به‌ڕێكه‌وتووه‌و چه‌ندین به‌رهه‌مى تۆماركردووه‌ و له‌ڕادیۆى كوردى به‌غداوه‌ بڵاوكراونه‌ته‌وه‌،

 ئه‌ویش هونه‌رمه‌ند ( تالیب مه‌جید قادر ) له‌نێوه‌ندى هونه‌رى و كۆمه‌ڵایه‌تى به‌  ( ته‌له‌) ناسراوه‌ .

لاپه‌ڕه‌كانى ژیانى  هونه‌رمه‌ند هه‌ڵده‌ده‌ینه‌وه‌ و بزانین هه‌گبه‌ى هونه‌رى هونه‌رمه‌ند چى تێدایه‌ ....؟

هونه‌رمه‌ند تالیب مه‌جید قادر ( ته‌له‌) له‌یه‌كێك له‌گه‌ڕه‌كه‌ كۆنه‌كانى شارى سلێمانى ( سابونكه‌رانله‌خانه‌واده‌كه‌یه‌كى هه‌ژار و زه‌حمه‌تكێش له‌ساڵى (1915) له‌دایكبووه‌، باوك و باپیرى له‌بنه‌ڕه‌تدا خه‌ڵكى ناوچه‌ى شارباژێڕى سه‌ربه‌پارێزگاى سلێمانین،له‌سه‌ره‌تاى سه‌ده‌ى بیست هاتوونه‌ته‌ شارى سلێمانى و نیشته‌جێى ئه‌و شاره‌ بوون ، هونه‌رمه‌ند  له‌به‌ر هه‌ژارى  و بارى سه‌خت و ژیانى  ڕۆژگارى خانه‌واده‌كه‌ى نه‌توانراوه‌ بخرێته‌ به‌ر خوێندن و فێرى خوێندنه‌وه‌و نووسین ببێت ، له‌ته‌مه‌نى مێردمنداڵیی  و هه‌رزه‌كاریدا شانى داوه‌ته‌ به‌ركاركردن له‌گه‌ڵ باوكیدا، له‌كانه‌به‌رده‌كانى شاخى گۆیژه‌ به‌ردییان هه‌ڵكه‌ندووه‌ وده‌ریانهێناوه‌ ودواتر  هێناوییانه‌ بۆ شارى سلێمانى فرۆشتوویانه‌، ئه‌و به‌ردانه‌ بۆ مه‌به‌ستى بیناسازى له‌وسه‌رده‌مه‌دا به‌كارهاتووه‌ ، له‌سه‌ر ئه‌م كاره‌ى به‌رده‌وام بووه‌  تا ته‌مه‌نى زیاتر هه‌ڵكشاوه‌و هه‌ستى به‌بوونى خۆى كردووه‌ ، ئه‌و كاره‌ى گۆڕیووه‌  و ڕووى كردۆته‌ كاروانچێتى ( قه‌تارچى ) له‌ڕێی ئه‌م كاره‌ نوێیه‌وه‌ ده‌رگاى زیاتر بینینى ژیان له‌به‌رده‌میدا ئاوه‌ڵا ده‌بێـت و تێكه‌ڵاوى له‌گه‌ڵ خه‌ڵكیدا زۆرتر ده‌بێت.

كارى كاروانچێتى له‌شارى سلێمانى یه‌وه‌ بۆ شاره‌كانى ڕۆژهه‌ڵات  بۆ شارى بانه‌و له‌وێوه‌ بۆ مه‌هاباد ، به‌م كاره‌ نوێیه‌ى هه‌لى زیاتر له‌به‌رده‌م ئه‌م به‌هره‌مه‌نده‌ دا ده‌ڕه‌خسێت و له‌شاره‌كانى ڕۆژهه‌ڵات تێكه‌ڵاو به‌ كۆڕو به‌زم و زه‌ماوه‌ند و چین و توێژه‌كانى ئه‌وشارانه‌ ده‌بێت ، ئاشنا ده‌بێت به‌كۆڕى هونه‌رى و ده‌نگخۆشان و به‌یتبێژانى ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆحى ئاشنا ده‌بێ به‌ گۆرانى و مه‌قامى ڕه‌سه‌ن و  ( به‌ند و به‌یت) ه‌ كوردییه‌كان  وفێرى شێوازى گۆرانى خوێندن ده‌بێت و  له‌سینه‌یدا ده‌یانپارێزێت .

كاتێك له‌ و گه‌شته‌ كاروانچێتییه‌ى له‌ڕۆژهه‌ڵاته‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ شارى سلێمانى ، هه‌ست به‌بوون و ده‌نگخۆشیی و تواناى چڕینى گۆرانى ده‌كات ، تێكه‌ڵاو به‌خه‌ڵكى ده‌بێ و به‌شدارى ئاهه‌نگ و بۆنه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌كات و گۆرانیی ده‌خوێنێ.

له‌شار و له‌نێو خه‌ڵكیدا ده‌ناسرێت و له‌به‌ر ئه‌وه‌ى خۆشیی كه‌سێكى كۆمه‌ڵایه‌تى بووه‌  هاوڕێیه‌تى له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانى ئه‌و كاتى شارى سلێمانیدا په‌یدا ده‌كات وه‌ك ( ئه‌حه‌ى ناسر ،  مه‌لا كه‌ریم ، ڕه‌شۆڵ ، حه‌مه‌ى به‌كر ، ئیبراهیم حه‌زین و حه‌مه‌ ساڵه‌ح دیلان )

هونه‌رمه‌ند و نووسه‌ر و شاعیر ( عوسمان شارباژێڕى ) واى نوسیوه‌ كه‌ هونه‌رمه‌ند تالیب مه‌جید له‌ساڵى ( 1943) چۆتهڕادیۆى كوردى به‌غدا و چه‌ند گۆرانییه‌كى تۆماركردووه‌ (*1)

به‌ڵام بۆچوون و زانیارییه‌كى دیكه‌ هه‌یه‌ ئه‌ویش نووسه‌ر و پێشكه‌شكار و ڕۆشنبیر ( كه‌مال ڕه‌ووف محه‌مه‌د ) ده‌بێژێت

( له‌نێوانى ساڵانى (1949 تا 1951) له‌سه‌ر ڕادیۆى كوردیی به‌غداد نۆ سترانى به‌مه‌قام و به‌سته‌وه‌ چڕیوه‌ ،یه‌كه‌مین سترانێك له‌سه‌ر شیعرى ( شێخ نورى شێخ ساڵح ) لسه‌ر مه‌قامى (ئورفه‌ ) بووه‌ به‌ناوى ( خۆت بپارێزه‌ له‌ ئاهى دڵ برندارانى شه‌و ) (*2) 

 هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به‌یه‌كه‌م چوونى هونه‌رمه‌ند تالیب مه‌جید بۆ به‌غدا و به‌مه‌به‌ستى تۆماركردنى به‌رهه‌مه‌كانى له‌ڕادیۆ ، هونه‌رمه‌ند و نووسه‌ر مامۆستا ( باكوورى ) نوسیویه‌تى  ( له‌ساڵى (1947) له‌ گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندان  ( ڕه‌فیق چالاك و ئیبراهیم  حه‌زین) چوونه‌ت ئیزگه‌ى كوردى و چه‌ند گۆرانییه‌كیان تۆماركردووه‌، (*3) .

به‌هه‌رحاڵ گرنگ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ نه‌خوێنده‌واره‌ ، ئه‌و ڕێبواره‌ ماندووه‌ى كاروانى هونه‌رى موزیك و گۆرانى  ئه‌و ڕێگایه‌ى گرتۆته‌ به‌ر و ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ى له‌ڕادیۆ تۆماركردووه‌ و ئه‌مڕۆ وه‌ك ئه‌رشیف ماونه‌ته‌وه‌و ده‌نگ و به‌رهه‌مه‌كانى نه‌فه‌وتاوون ، هه‌رچه‌نده‌ زۆر به‌رهه‌مى هه‌بووه‌و له‌كۆڕو كۆبوونه‌وه‌كاندا گۆرانى خوێندووه‌ ، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ تۆمارنه‌كراوون و ته‌نها ئه‌و گۆرانییانه‌ى ڕادیۆى كوردى به‌غدا ئێستا بوونیان هه‌یه‌و بوونه‌ته‌ ئه‌رشیف له‌گه‌نجینه‌ى هونه‌رى موزیك و گۆرانى كوردیدا.

له‌ساڵانى  شه‌سته‌كانى سه‌ده‌ى پێشوو به‌هۆى هونه‌ره‌كه‌یه‌وه‌ ، ده‌بێـته‌ هاوڕێی هونه‌رمه‌ندان ( حه‌سه‌ن زیره‌ك،  ئه‌وكات كه‌له‌شارى سلێمانى دا ژیاوه‌  و،  هونه‌رمه‌ند ئه‌حمه‌د شه‌ماڵ ) ،  تالیب مه‌جید به‌هۆى پیشه‌كه‌یه‌وه‌ كه‌ كاروانچى بووه‌ ، له‌شارى بانه‌ خاتوو ( شه‌مسه‌ محه‌مه‌د كه‌ریم ) ده‌خوازێت و له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌یهێنێته‌وه‌ بۆ شارى سلێمانى و ده‌بنه‌ خاوه‌نى (3) كوڕ ، كه‌ ئێستا ته‌نیا یه‌ك كوڕییان له‌ژیاندا ماوه‌ به‌ناوى ( هه‌ڤاڵ)

به‌رهه‌مه‌ هونه‌رییه‌كانى هونه‌رمه‌ند تالیب مه‌جید ( ته‌له‌) كه‌به‌ده‌نگه‌ خۆش و ڕه‌سه‌نه‌كه‌ى تۆمارى كردوون  بریتین له‌  :

( پێم لێنێ پێم لێ مه‌نێ ، مه‌گرى مه‌گرى  ، زێنه‌بێ ، سه‌ڵته‌نه‌ ، هه‌ى خانم خانم خانمۆڵێ ، بۆت دێنم ، بارانه‌ ، ڕێحانه‌ و مه‌قامى شه‌و له‌سه‌ر مه‌قامى ( ئورفه‌)  

ئه‌وه‌ى جێى پرسیاره‌  هونه‌رمه‌ند تالیب مه‌جید له‌دواى ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ى كه‌له‌ ڕادیۆى كوردى به‌غدا تۆمارى كردوون ، له‌ ناوه‌ڕاستى سه‌ده‌ى پێشوو ، به‌ڵام  له‌شارى سلێمانى تیپى مۆسیقاى مه‌وله‌وى له‌ساڵى (1955) وه‌هه‌روه‌ها تیپى مۆسیقاى سلێمانى له‌ساڵى (1967) دامه‌زراون و كارو چالاكى هونه‌رییان ئه‌نجامداوه‌، ناو و  به‌رهه‌مى هونه‌رى تالیب مه‌جید له‌هیچ یه‌كێك له‌كاره‌ هونه‌رییه‌كانى ئه‌و تیپانه‌دا نییه‌و به‌رهه‌مى بۆتۆمارنه‌كراوه‌ ؟؟؟؟

به‌هۆى دووچاربوون به‌نه‌خۆشیی و هه‌ڵكشانى ته‌مه‌ن ، هونه‌رمه‌ند له‌ته‌مه‌نى (63) ساڵیدا ، له‌ڕێكه‌وتى ( 10/1/1978) كۆچى دوایی ده‌كات وله‌گردى سه‌یوانى شارى سلێمانى ته‌رمه‌كه‌ى ده‌نێژرێت.

دروود و سڵاو بۆ كه‌سایه‌تى و هونه‌رى تالیب مه‌جید ( ته‌له‌) ڕۆحى شاد و گڵكۆكه‌ى هه‌میشه‌ چراخان بێـت.

جه‌مالى ده‌لاك  23/3/2021 ‌

سه‌رچاوه‌ ( *1) كتێبى  به‌سته‌و مه‌قام  و كۆمه‌ڵێك گۆرانیبێژ /به‌شى یه‌كه‌م 1979 _ عوسمان شارباژێڕى  ، لاپه‌ڕه‌ (23)

(*2) كتێبى  مێژووى ڕادیۆى كوردیی به‌غداد 1939_1958 به‌رگى یه‌كه‌م  _ كه‌مال ڕه‌ووف محه‌مه‌د ، لاپه‌ڕه‌ (606)

(*3) كتێبى گۆرانیبێژه‌ نه‌مره‌كان  _باكوورى _ به‌شى دووه‌م  لاپه‌ڕه‌ ( 149)

 

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.