په‌یدابوونی هونه‌ری شانۆ به شێوازی ئه‌ورووپی له كوردستان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ره‌تای بیسته‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردوو، كه شانۆگه‌ریی سه‌ڵاحه‌دینی ئه‌یووبی له نووسینی نه‌جیب حه‌داد له‌لایه‌ن قوتابیان و مامۆستایانی قوتابخانه‌ی (ئه‌ربیل ئولا) له پاییزی ساڵی 1921 به زمانی عه‌ره‌بی نمایش كراوه. ئه‌م شانۆگه‌رییه له ژێر كاریگه‌ریی وه‌رگرتن له شانۆی موسڵ وه‌رگیراوه، كه هه‌مان ساڵ له ده‌رهێنانی ئه‌ندازیار ئهرشهدهفهندی ئهلعهمهری له‌و شاره نمایش كراوه. ئه‌وانه‌ی كه له هه‌ولێر به‌شداریی نمایشه‌كه‌یان كردووه، بریتی بوون له (عه‌بدوڵا عه‌زیز كارگه‌چی، غه‌ریب سه‌لیم، حیسامه‌دین یه‌حیا، عه‌بدولموته‌لیب سه‌ید جه‌میل، ئه‌دیب عه‌لی). شیاوی گوتنه ئه‌دیب عه‌لی ڕۆڵی ئافره‌تی له شانۆگه‌رییه‌كه‌دا بینیوه، له كاتی نمایشه‌كه‌دا شه‌ربه‌ت به‌سه‌ر بینه‌ران و ئه‌هلی بازاڕدا دابه‌ش كراوه، به بۆچوونی من نمایشكه به‌بۆنه‌ی دووه‌مین ساڵی بوونی هه‌ولێر به لیوایه‌كی سه‌ربه‌خۆ بووه، كه له 1/11/1919 بڕیاری له‌سه‌ر دراوه، ئه‌وسا پێیان ده‌گووت موتهسهڕیفیه. به‌ر له‌و نمایشه خۆماڵییه كه ئه‌مساڵ یادی سه‌ت ساڵه‌ی په‌یدابوونی هونه‌ری شانۆ له هه‌ولێر كرایه‌وه، پێشتر نمایشی شانۆی عه‌ربی و توركی هاتووه‌ته شاره‌كه، وه‌كو شانۆگه‌ریی میری دیل وه‌رگێڕانی نه‌عوم فه‌تحوڵا سه‌حار كه له‌لایه‌ن قوتابخانه‌ی ئایینی دۆمهنیكانی موسڵ له ساڵی 1905 له هه‌ولێر له كه‌نیسه نمایش كراوه. هه‌ر له‌سه‌رده‌می هاتنی ئینگلیز بۆ هه‌ولێر نمایشی شانۆیی عه‌ره‌بی و توركی هاتووه‌ته هه‌ولێر .
هونه‌ری شانۆ له هه‌ولێر
له مانگی دوازده‌ی 1928 ئۆرتۆغراڵ سه‌عدوڵا و قهرهتوخانم كه دوو ئه‌كته‌ری دارولبهدائیعی هونه‌ر بوون، له ئه‌سته‌نبوڵ هاتوونه‌ته هه‌ولێر و نمایشی شانۆییان كردووه، له سه‌ره‌تای ساڵی 1929 مامۆستایان و قوتابیانی سانهویهی هه‌ولێر به‌سه‌رپه‌رشتیی مامۆستا فوئاد ڕه‌شید به‌كر شانۆگه‌رییه‌كیان له‌باره‌ی دابوڕهوشت به زمانی كوردی نمایش كردووه و، 212 ڕوپییهیان بۆ قوتابخانه‌كه كۆكردووه‌ته‌وه، به‌پێی گۆڤاری زاری كرمانجی ناوی نمایشه‌كه (وێنه‌تی) بووه، له ساڵی 1930 مامۆستا عه‌بدولمه‌جید حه‌سه‌ن له قوتابخانه‌ی سانهویهی هه‌ولێر بۆ جاری دووه‌م شانۆگه‌ریی سه‌ڵاحه‌دینی ئه‌یوبیی نمایش ده‌كات، كه یه‌كه‌مین شانۆگه‌رییه كه وێنه‌ی هه‌یه، هه‌ر له سنووری پارێزگای هه‌ولێر له ساڵی 1931 مامۆستا فوئاد ڕه‌شید به‌كر شانۆگه‌ریی (نیرۆن) له نووسینی محه‌مه‌د لوتفی جومعه له ڕواندز نمایش ده‌كات، له‌و به‌رهه‌مه‌دا به‌هره‌ی مامۆستا جه‌واد ڕه‌سوڵ ناجی به‌دیار ده‌كه‌وێت، له شانۆگه‌ریه‌كه‌دا سه‌ری به نووكی شمشێر زامدار ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌و شانۆگه‌رییه‌كه ڕا ناگرێت. شانۆگه‌ریی كچی كوردستان وه‌كو یه‌كه‌مین ده‌قی كوردی له ساڵی 1931 له كۆیه نمایش كراوه، پاشان له هه‌ولێر دووباره كروه‌ته‌وه، شانۆگه‌ریی سه‌ڵاحه‌دینی ئه‌یوبیش له ساڵی 1935 له كۆیه نمایش كراوه. قوتابخانه‌كانی پارێزگای هه‌ولێر چ ئه‌وانه‌ی ناوشار، یان شارۆچه‌كه‌كان ڕۆڵێكی گرنگیان له بزاڤی شانۆی شاره‌كه‌دا هه‌بووه، قوتابخانه‌ی شه‌وانی هه‌ولێر له 1933 شانۆگه‌ریی (به‌زه‌یی تاوانبار)ی نمایش كردووه و قوتابخانه‌ی ناوه‌ندیی كوڕانیش بۆ یه‌كه‌م جار له 1934 شانۆگه‌ریی (بازرگانی ڤینیسیا)ی شێكسپیری نمایش كردووه، له ساڵی 1939 بۆجاری سێیه‌م شانۆگه‌ریی سه‌ڵاحه‌دینی ئه‌یوبی به زمانی كوردی نمایش كراوه و، دووه‌مین شانۆگه‌رییه كه وێنه‌ی چه‌ند ئه‌كته‌رێكی هه‌یه، كه نیگاركێش و ده‌رهێنه‌ر مامۆستا دانیال عوزێر قه‌ساب كاری ده‌رهێنانی بۆ شانۆگه‌ریه‌كه كردووه و، دواتر ڕۆڵێكی گرنگی له بزاڤی شانۆی شاره‌كه‌دا بینیوه، تا دواتر هه‌ر له سه‌ر ده‌ستی ئه‌ویش (مامۆستا جواد ڕه‌سول ناجی) وه‌ك ئه‌كته‌ر و ده‌رهێنه‌ر گه‌شه ده‌كات، كه له په‌نجاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوو ڕۆلێكی گرنگ ده‌بینێت و هونه‌ری شانۆش باشتر گه‌شه ده‌كات. مامۆستا سه‌فوه‌ت جه‌ڕاح كه له ساڵی 1952 به‌شداریی له شانۆگه‌ریی ئۆتێلۆ كردووه، ئیتر ئه‌و هونه‌ره كاری لێ كردووه و وه‌كو یه‌كه‌مین قوتابیی هه‌ولێر چووه‌ته په‌یمانگه‌ی هونه‌ره جوانه‌كانی به‌غدا و له‌وێ بڕوانامه‌ی دبلۆمی له هونه‌ری شانۆ وه‌رگرتووه، كه گه‌ڕاوه‌ته‌وه شاره‌كه‌ش، بره‌وی به هونه‌ری شانۆ داوه و كاریگه‌ریی له‌سه‌ر قوتابیان داناوه، له‌وانه‌ش مامۆستا سه‌باح عبدڕهحمان، دواتر چووه‌ته په‌یمانگه‌ی هونه‌ره جوانه‌كان و له‌ساڵی 1967 بڕوانامه‌ی دبلۆمی له هونه‌ری شانۆ وه‌رگرتووه، له پاڵ مامۆستا سه‌فوه‌ت ڕۆلێكی كاریگه‌ریان بینیوه له دامه‌زراندنی شانۆی ئه‌كادیمی له هه‌ولێر. له ساڵی 1966 نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ند مامۆستا ته‌ڵعه‌ت سامان و فه‌رهاد شه‌ریف چوونه‌ته ئه‌كادمیای هونه‌ره جوانه‌كانی به‌غدا، دواتر زوهێر عهبدلمهسیح چووه‌ته ئه‌و كۆلێژه، ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه كاتێ كه ده‌گه‌ڕێنه‌وه شاری هه‌ولێر ڕۆلێكی كاریگه‌ر ده‌بینن له دامه‌زراندی شانۆی ئه‌كادیمی له شاره‌كه‌دا و ڕوخساری هونه‌ری شانۆ به‌ره‌و ئاستێكی هونه‌ریی به‌رز ده‌به‌ن. هونه‌رمه‌ندان (سه‌عدون یونس و فه‌تاح خه‌تاب) وه‌ك دوو ده‌رهێنه‌ر و (په‌یمان به‌گۆك و ساڵح عومه‌ر) وه‌ك دوو ئه‌كته‌ر په‌یمانگه‌ی هونه‌ره جوانه‌كانیان ته‌واو كردووه كه ڕۆڵی كاریگه‌ریان له شانۆی شاره‌كه‌دا بینیوه. هونه‌رمه‌ند هاشم زه‌ینه‌ڵ له سه‌ره‌تای حه‌فتاكان له كه‌ركووك گوازروه‌ته‌وه هه‌ولێر و به‌شداریی له دامه‌زراندنی شانۆی ئه‌كادیمی هه‌ولێر كردووه، له ناوه‌ڕاستی هه‌شتاكان جارێكی دیكه گهڕوهتهوه كه‌ركووك. سه‌باح عه‌بدڕه‌حمان به هاوكاریی ژماره‌یه‌ك له هونه‌رمه‌ندانی مۆسیقی تیپی هونه‌ریی هه‌ولێر یان دامه‌زراندووه، ته‌ڵعه‌ت سامانیش كۆمه‌ڵه‌ی هونهروێژهی كوردی و دواتر تیپی هونه‌ریی نوێی دامه‌زاندووه. له حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوو تیپی شانۆی لادێ و له هه‌شتاكان تیپی شانۆی ڕۆشنبیری و تیپی نواندنی هه‌ولێری دامه‌زراندووه كه سه‌ر به ده‌زگه‌ی سینه‌ماو شانۆی به‌غدا بوو، ڕۆڵێكی گرنگیان بینی له به‌رزكردنه‌وه‌ی هونه‌ری شانۆدا گێڕاوه.
هونه‌ری شانۆ له هه‌ولێر
له‌سه‌ره‌تای حه‌فتاكان ئافره‌ت له شانۆی هه‌ولێر به ئاستێكی هونه‌ریی به‌رز چوونه‌ته سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ، له‌وانه (شه‌قییه شه‌وكه‌ت، قانیعه، سوهام، ئاشتی عه‌بدولكه‌ریم و ئازاده جه‌لال و دواتر ئاواز مه‌حمود، رۆژهه‌ڵات مه‌حمود، سه‌میره عهبدۆك) كه ڕۆڵێكی مه‌زن ده‌بین له بره‌ودانی شانۆی شاره‌كه. له حهفاكان چه‌ندین ئه‌كته‌ری به‌توانا په‌یداده‌بوون له‌وانه (چه‌تۆ حه‌سه‌ن، مه‌حموود بێوه‌ی، فه‌یسه‌ڵ محه‌مه‌د ساڵح، خه‌لیل یابه، عه‌بدولڕه‌زاق شه‌مسه‌دین، واحید مه‌رجان، سه‌لام كۆیی، سوبحی كۆیی، هۆشیار سه‌ید ئه‌حمه‌د، سابیر عه‌بدولڕه‌حمان، شوكروڵا شێخانی، شێرزاد پۆلیس. زاهیر عه‌بدوڵا، موئه‌یه‌د فه‌قێ، ئه‌نوه‌ر شێخانی، ئیبراهیم حه‌كیم). له هه‌ولێر سێ هۆڵی شانۆی هه‌یه، هۆڵی گه‌ل ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ره‌تای شه‌سته‌كان، ئێستا له‌ژێر نۆژه‌نكردنه‌وه‌دایه. هۆڵی ڕۆشنبیری بۆ حه‌فتاكان و هۆڵی میدیا بۆ هه‌شتاكان كه دوو هۆڵی شایسته‌ن بۆ نمایشی شانۆیی گه‌ر كه‌موكوڕییه‌كان چاره‌سه‌ربكرێن. له بواری نووسینی شانۆیی وه‌كو ده‌ق و ڕه‌خنه‌و به‌دواداچوون، نوسه‌ران (حه‌مه كه‌ریم هه‌ورامی، ته‌ڵعه‌ت سامان و، ڕه‌خنه‌گران حه‌یده‌ر عه‌بدولڕه‌حمان و كه‌مال غه‌مبار و سه‌باح هورمز و موحسین محه‌مه‌د، رۆژنامه‌نووس مه‌غدید حاجی) له قۆناغی به‌ر له ڕاپه‌ڕین ڕۆڵیان له بره‌ودانی هونه‌ری شانۆی شاره‌كه‌دا كاریگه‌ر بووه. له دوای ڕاپه‌ڕین و له سه‌رده‌می دامه‌زراندنی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا، په‌یمانگه‌ی هونه‌ره جوانه‌كانی هه‌ولێر دامه‌زرا، دواتر كۆلێژی هونه‌ر، كه ژماره‌یه‌كی زۆر له قوتابیان له‌و دوو خوێندنگه‌یه‌دا بڕوانامه‌ی شانۆییان به‌ده‌ست هێناوه، هاوكات به‌ڕێوبه‌رایه‌تیی هونه‌ری شانۆ دامه‌زرا، كه چه‌ندین تیپی هونه‌ریی شانۆیی دیكه دامه‌زران وه‌كو، گرووپی گه‌نج بۆ شانۆ، تیپی شانۆی ڕۆژ، تیپی نواندنی هه‌ولێر، تیپی شانۆڤانی كورد. ساڵانه له هه‌ولێر ڤیستیڤاڵی شانۆیی نێوده‌وڵه‌تی سازده‌كرێت و تیپه شانۆییه‌كان به‌شداری له ڤیستیڤاڵه شانۆییه‌كانی كوردستان و ده‌ره‌وه ده‌كه‌ن، به‌گشتی هونه‌ری شانۆ له هه‌ولێر له ڕووی چه‌ندایه‌تییه‌وه گه‌شه‌ی كردووه، به‌ڵام له ڕووی چۆنایه‌تییه‌وه ئاستی هونه‌ری و پیشه‌یی دابه‌زیوه، ئێستا به‌ده‌گمه‌ن شانۆگه‌ری به پلیت نمایش ده‌كرێت، ڕۆژانی نمایش له حه‌وت ڕۆژی حه‌فتاكان و هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردووه‌وه بووه به سێ ڕۆژ و به خۆڕایی نمایش ده‌كرێت.
موحسین محه‌مه‌د
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.