Erbil 22°C یەکشەممە 24 تشرینی دووەم 15:13

هونه‌رمه‌ند "جه‌وهه‌ر محه‌مه‌د عومه‌ر": سروشتی کوردستان کاریگه‌رێکی زۆری له‌سه‌ر تابلۆکانم دا هه‌یه‌

هیچ كات و ساتێك نیه‌  لای من بۆ وێنه‌ كێشان
کوردستان TV
100%

دیدار/ كامه‌ران حاجی ئه‌لیاس

هونه‌رمه‌ندی شێوه‌كار "جه‌وهه‌ر محه‌مه‌د عومه‌ر" یه‌كێكه‌ له‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی كه‌جێ په‌نجه‌ی له‌ نێو هونه‌ری شێوه‌كارانی كوردستان دیاره‌ له‌ نه‌وه‌ی ساڵانی حه‌فتاو و هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردووه‌ هه‌رده‌م سروشته‌ جوانه‌كه‌ی كوردستان هه‌وێنی تابلۆكانی بووه‌ خاوه‌ن ستایلێكی تایبه‌ته‌  به‌شداری له‌ چه‌ندین پیشه‌نگه‌ی تایبه‌تی و هاوبه‌ش له‌ نێوخۆی و ده‌ره‌وه‌ی كوردستان كردوه‌ بۆ زیاتر ئاشنا بوون به‌ ئه‌زموون و كاروبه‌رهه‌مه‌كانی به‌ چه‌ند پرسیارێك به‌سه‌رمان كرده‌وه‌.

*  سه‌ره‌تا پێمان باشه‌ باس له‌كورته‌یه‌ك له‌ ژیانی هونه‌ری خۆت بكه‌یت؟

 - وه‌كو زۆبه‌ی هونه‌رمه‌ندانی شێوه‌كار هه‌ر له‌ مناڵیه‌وه‌ خولیای ڕه‌سم كردنم هه‌بوو ، وه‌ ئاشنا بوونم به‌ ڕِه‌نگ و نیگه‌رگه‌ (مه‌رسه‌م) و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ قوتابخانه‌ی سه‌ره‌تایی له‌ شاری  به‌عقوبه‌ كه‌ نیگه‌رگه‌ی تایبه‌تی هه‌بوو  له‌و قوتابخانه‌یه‌ كوڕێك به‌ ناوی (عۆفی)  لێ بوو له‌ڕه‌سم كردن به‌ڕه‌نگی ئاوی و زه‌یتی زۆر باش بوو بۆیه‌ كاریگه‌ری هه‌بوو له‌سه‌رم ، به‌ڵام وه‌ك سه‌ره‌تا بۆ هاتنم بۆ ناو دونیای هونه‌ری وێنه‌ كێشان ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ قۆناغی ناوه‌ندی ساڵی 1976 له‌ خوێندن لای مامۆستای به‌ڕێزم خوا لێخۆشبێت (محه‌مه‌دمه‌ولود قادر) كۆیی مامۆستاو هانده‌رێكی باشم بوو هه‌ر له‌رێگه‌ی ئه‌و مامۆستا به‌رێزه‌وه‌ وه‌ به‌شداری زۆربه‌ی پیشانگاكانم ده‌كرد له‌شاری  به‌غدا كه‌ چالاكی قوتابخانه‌كان پێی هه‌ڵده‌ستا ، له‌ هه‌مان كاتدا به‌ هۆی  ئه‌وه‌ی كه‌ هونه‌رمه‌ند" دارا محه‌مه‌د عه‌لی" دراوسێمان بوو ئه‌ویش له‌ په‌یمانگای هونه‌ره‌ جوانه‌كانی به‌غدای ده‌خوێند كاریگه‌ری هه‌بوو به‌سه‌ر منه‌وه‌ سودێكی زۆرم لێ وه‌رگرتووه‌  به‌تایبه‌تی له‌ وه‌رگرتنی كتابی هونه‌ری و زانیاری هونه‌ری شێوه‌كاری .

ktv

* كه‌ی هه‌ستت به‌وه‌ كرد تۆ به‌هره‌ی هونه‌ری شێوه‌كاریت هه‌یه‌؟

- هه‌ر وه‌كو پێشتر باسم كرد له‌ مناڵیه‌وه‌ زۆرم حه‌ز به‌ وێنه‌ كێشان كردووه‌ ، به‌ڵام كاتێ قوتابی بووم له‌ قۆناغی ناوه‌ندی زیاتر به‌ ته‌واوی هه‌ستم كرد كه‌ به‌هره‌ی وێنه‌ كێشانم هه‌یه‌.

* به‌رێزتان زیاتر له‌ رێبازی سروشتی كار ده‌كه‌ن ئه‌مه‌ بۆچی ده‌گه‌رێته‌وه‌ ؟ ده‌كرێت باس له‌ یه‌كه‌م پیشانگای به‌رێزت بكه‌یت؟ 

له‌ ساڵی  1983  وه‌ك مامۆستا له‌ قه‌زای چۆمانی سه‌ر به‌ پارێزگای هه‌ولێر دامه‌زرام پاشان له‌ ناوچه‌ی برادۆست له‌ گوندی شیوان له‌ ناحیه‌ی سیده‌كان ، جوانی سروشتی كوردستان و چیاو دۆل و گونده‌كانی ئه‌و ناوچه‌یه‌ كاریگه‌رێكی زۆری له‌سه‌ر دروست كردم بۆیه‌ له‌م ساڵه‌وه‌ تاوه‌كو ئێستا من ته‌نیاو ته‌نیا سروشت وێنه‌ ده‌كێشم وه‌ تایبه‌تمه‌ندیه‌كی تایبه‌تم هه‌یه‌ كه‌ ستایلێكه‌ كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ خۆم ، ئه‌م شوێنانه‌ بۆ من وه‌ك په‌یمانگاو ئه‌كادیمای هونه‌ره‌ جوانه‌كان وابوو ئه‌وه‌نده‌ سوودم لێ وه‌رگرتووه‌ وا شاره‌زای سروشته‌كه‌ بووم كه‌ من سروشت به‌ هه‌وێنی هه‌موو شته‌ جوانه‌كان داده‌نێم  ، له‌ ساڵی 1978 یه‌كه‌م پیشانگه‌ی تایبه‌تیم كرده‌وه‌ كه‌ نه‌قابه‌ی هونه‌رمه‌ندانی عێراقی لقی هه‌ولێر پێی هه‌ڵسا له‌ هۆلی ئه‌یبوبیه‌ی كچان له‌ هه‌ولێر كه‌ ئه‌وسا ته‌نها ئه‌م هۆڵه‌ هه‌بوو بۆ كردنه‌وه‌ی پیشانگا . 

ktv

* له‌ چ كاتێك  تابلۆ كانت ده‌كێشیت؟ كاتێكی دیار كراوت هه‌یه‌ بۆ وێنه‌ كێشان(نیگار كردن)؟ 

هیچ كات و ساتێك نیه‌  لای من بۆ وێنه‌ كێشان هه‌رده‌مێك ئاره‌زووی وێنه‌ كێشانم هه‌بێت وێنه‌ده‌كێشم ، جاری واهه‌یه‌ چه‌ند مانگێك ده‌ست له‌ فرچه‌و چه‌قۆی ره‌سم كردن ناده‌م جاری واش هه‌یه‌ ماوه‌یه‌كی باش به‌بێ پچڕانه‌وه‌ تابلۆ له‌ دوای تابلۆ ده‌كێشم. 

*په‌یوه‌ندی تۆ له‌گه‌ڵ تابلۆدا چۆنه‌؟

- ئاساییه‌ ، تابلۆكانم خۆش ده‌وێت تاسنورێك ، مانای وا نیه‌ كه‌ لای من پیرۆزبێت و خه‌تی سوور بێت ، چونكه‌ هه‌موو كات شتی گرنگ هه‌بووه‌ به‌ڵام گرنگتریش هه‌یه‌ .  

* تابلۆكانت له‌چییه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرن؟

هه‌موو تابلۆكانم سه‌رچاوه‌كانی سروشته‌ به‌گشتی جا هه‌رشوێنێك بێت یان هه‌روه‌رزێك بێت.

ktv

* ئاستی هونه‌ری شێوه‌كاری له‌ كوردستان چۆن ده‌بینی؟

- من واده‌بینم ئه‌و گه‌رم و گوڕه‌یه‌ی جاران هونه‌ری شێوه‌كاری هه‌بوو به‌تایبه‌تی له‌ ساڵانی حه‌فتاكان و هه‌شتاكان هه‌ر چه‌ند هونه‌رمه‌نده‌كان به‌ په‌نجه‌ی ده‌ست ده‌ژمێردران به‌ڵام ئێستا وا نیه‌ هه‌رچه‌نده‌ هونه‌رمه‌ندان له‌م بواره‌ زۆرن .

*ره‌خه‌نه‌گری شێوه‌كاریمان هه‌یه‌؟ ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ چۆنی پێناسه‌ ده‌كه‌یت؟

- تا ڕاده‌یه‌ك لێره‌و له‌وێ هه‌یه‌ كه‌ ڕه‌خنه‌ی هونه‌ری ده‌نووسن به‌تایبه‌تی له‌ بواری هونه‌ری شێوه‌كاری ئه‌وانیش له‌ چه‌ند كه‌سێك تێپه‌ڕناكات .

 * زۆر سوپاس بۆ ئه‌وه‌ی ده‌رفه‌ته‌ی به‌ئێمه‌ت به‌خشی

-منیش زۆر سوپاستان ده‌كه‌م بۆ ئه‌و به‌سه‌ركردنه‌وه‌یه‌ هیوای سه‌ركه‌وتنتان بۆ ده‌خوازم.

كوردستان تیڤی/ كامران  

شێوه‌کاری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.