Erbil 14°C سێشەممە 26 تشرینی دووەم 11:47

هونه‌رمه‌ند (د.که‌یفی ئه‌حه‌مه‌د): ئه‌مرۆی شانۆمان له‌ دوێنێ باشتره‌

په‌یمانگای هونه‌ره‌جوانه‌كانی شه‌هید جه‌عفه‌ر رۆڵێكی ئه‌رێنی باشی بینیوه‌ له‌ هه‌موو بواره‌كانی هونه‌ردا (مۆسیقا، شانۆ و شێوه‌كاری)
کوردستان TV
100%

دیدار: كامه‌ران حاجی ئه‌لیس

 هه‌رده‌م كۆیه‌ شاری مه‌ڵبه‌ندی شارستانیه‌ت و رۆشنبیر بووه‌ شاری هونه‌ر و ئه‌ده‌ب ، شاری حاجی قادر و سامی عه‌وداڵ و عه‌ونی و مه‌لای گه‌وره‌ ئه‌م شاره‌ كوردستانیه‌ هه‌رده‌م رۆڵی خۆی له‌سه‌رجه‌م بواره‌كانی سیاسی و هونه‌ری بگره‌ له‌ رووی ئابوریش بینیووه‌ به‌هۆی هه‌ڵكه‌وتووی شار به‌هۆی بوونی چه‌ندین دیمه‌نی له‌ چیاو دۆڵ تاڤگه‌ ئه‌مانه‌ هه‌مووی بۆته‌ هه‌وێنی داهێنانی هونه‌رمه‌ندان و ئه‌دیبان ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستمانه‌ گفتۆگۆی له‌سه‌ر بكه‌ین بواری شانۆیه‌ له‌م شاره‌ بۆیه‌ به‌ باشمان زانی دیدارێكی شانۆیی له‌ گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند دكتۆر كه‌یفی ئه‌حه‌مه‌د ساز بكه‌ین:  

ktv

هونه‌رمه‌ند (د.كه‌یفی ئه‌حه‌مه‌د عبدولقادر) له‌دایكبوو و دانیشتووی شاری كۆیه‌، له‌ ساڵی 1984 ده‌ستی به‌ كاری هونه‌ری شانۆ كردووه‌، یه‌كه‌م نمایش شانۆیی (فایلی 67) بووه‌،  له‌ ده‌رهێنانی جوانه‌مه‌ر (سامان تاهیر)، ئیتر له‌و ساوه‌ بۆ ئه‌مرۆ به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام كاری كردووه‌ و بۆ یه‌ك رۆژیش دانه‌بڕاوه‌، وه‌كو نواندن به‌شداری زیاتر له‌ 70 كاری شانۆیی كردووه‌، وه‌كو نوسین و ده‌رهێنان و ئاماده‌كار و سیناریۆ و به‌رێوه‌به‌ری به‌رهه‌م و شانۆ و هونه‌ری و وێنه‌گرتن و مۆنتاج كاری له‌ ده‌یان كاری هونه‌ری كردووه‌، له‌ چه‌ندین(فیلم و كورته‌ فیلم و دراما و زنجیره‌ی ته‌له‌فزیۆنی به‌رنامه‌ی هونه‌ریی ته‌له‌فزیۆنی )دا به‌شداربووه‌، خه‌ڵاتی باشترین ئه‌كته‌ر 1989 له‌ فیستڤاڵی لاوانی كوردستان و خه‌ڵاتی باشترین ئه‌كته‌ری دووه‌م 2018 فیستڤاڵی شانۆی شه‌قامی به‌غدادی نێوده‌وڵه‌تیی و خه‌ڵاتی دادوه‌رانی فیستڤاڵی شانۆی شه‌قامی سه‌قزی نێوده‌وڵه‌تی (دبلۆمی شانازی) و ده‌یان خه‌ڵاتی رێزلێنانی دیكه‌ی وه‌رگرتووه‌، شانبه‌شانی كاری هونه‌ریی وه‌كو ئیداره‌ش له‌ 1987 تاكو ئه‌مرۆ كاری كردووه‌ وه‌كو به‌ڕیوه‌به‌ری چه‌ند تیپێك و ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری تیپه‌كان و یه‌كێتی هونه‌رمه‌ندان و رێكخراوی هونه‌رمه‌ندان و سه‌ندیكای هونه‌رمه‌ندان، له‌ نوسینیشدا زیاتر له‌ بیست ساڵه‌ له‌و بواره‌ به‌رده‌وامه‌.

 - كێن ئه‌وانه‌ی هاوكاری تۆیان كردوه‌ ؟

  * دیاره‌ هه‌موو كه‌سێك كۆمه‌ڵێك خه‌ڵك هاوكار و پشتیوانی بوونه‌ له‌ سه‌ره‌تای هاتنه‌ نێو بوارێك له‌ بواره‌كانی رۆشنبیریی ، هونه‌ریی ، ئه‌ده‌بی، یان رێكخراوه‌ییه‌ و...هتد، منیش له‌و یاسایه‌ به‌ده‌ر نه‌بوومه‌ ، سه‌ره‌تا خێزانه‌كه‌م (دایك و باوكم) و هه‌ردوو هونه‌رمه‌ندی كۆچكردوو (مه‌عرو شێخانی و سامان تاهیر) له‌ قۆناغی سه‌ره‌تا و ده‌سپێكدا، له‌ دوایی له‌ قۆناغی درێژه‌دان و به‌رده‌وامبوون هاوسه‌ره‌كه‌هم و هه‌ندێ له‌ هاورێ و هونه‌رمه‌نده‌كان رۆڵیان هه‌بووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر كار و چالاكییه‌ هونه‌رییه‌كان به‌رده‌وامبم و په‌ره‌یان پێیده‌م.

ktv

- به‌رێزتان ره‌وشی شانۆی كوردی له‌ ئیستادا چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنێت ؟ پێتان وایه‌ له‌ قه‌یران دایه‌؟

* دیاره‌ ره‌وشی شانۆی كوردی له‌و چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا زۆرباش نه‌بووه‌ و به‌هۆی كۆمه‌ڵێك كێشه‌ و هۆكاره‌وه‌، كه‌ له‌لای هه‌موومان روون و ئاشكران، به‌ڵام له‌ ئێستادا ده‌توانم بڵێم ، گۆرانكاری به‌سه‌رداهاتووه‌ و تۆزێك باشتر بووه‌ و ئاهێكی هاتۆته‌وه‌ به‌ر و دڵمان پێی خۆشه‌، ئه‌وه‌ش هه‌ر له‌ خۆڕا ناڵێین، به‌ڵگه‌ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ له‌ شاره‌كان چالاكی شانۆیی به‌ ڕێژه‌ی جودا جودا  به‌رچاو ده‌كه‌ون، هه‌روه‌ها  له‌ ماوه‌ی چه‌ن مانگی رابردوودا كۆمه‌ڵێك فیستڤاڵی شانۆیی و دیداری شانۆیی له‌ شاره‌كانی كوردستان ئه‌نجامدراون، به‌و هۆیه‌وه‌ ده‌ڵێم ئه‌مرۆی شانۆمان له‌ دوێنێ باشتره‌ له‌ڕووی جووڵه‌ و چاڵاكییه‌وه‌.

بۆ مه‌سه‌له‌ی قه‌یران زۆر گوتراوه‌ و قسه‌ی زۆر له‌ روانگه‌ی جیاوازه‌وه‌ كراوه‌، من ده‌پرسم چ بوارێكی ژیانی ئه‌مرۆمان له‌ قه‌یران دانییه‌و تا شانۆ له‌و نێوانه‌ ساغ و سه‌لامه‌ت و بێوه‌ی بێت، به‌ڵێ وه‌كو هه‌موو بواره‌كانی دیكه‌ی ژیانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ ئه‌ویش له‌ قه‌یراندایه‌، دیاره‌ قه‌یرانه‌كانیش هه‌مه‌ لایه‌ن و هه‌مه‌جۆرن، هه‌ندێكیان هونه‌رمه‌ندان لێی به‌رپرسیارن و هه‌ندێكی دیكه‌یان ره‌وشه‌ گشتییه‌كه‌ خه‌تاباره‌ و ئه‌وانی دیكه‌ بۆ بینه‌ران و جه‌ماوه‌ری شانۆ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌، كه‌ ماڵه‌كه‌یان فه‌رامۆش كردووه‌ و ده‌سباریان وه‌كو پێویست له‌گه‌ڵ شانۆكاراندا نه‌گرتووه‌ و به‌نه‌نیا له‌نێو كێشه‌كه‌دا جێان هێڵاون و سه‌ردانی كاره‌ هونه‌رییه‌كانیان ناكه‌ن و هۆڵه‌‌كانیان بێناز و سه‌ردوسوڕ و چۆڵ كردووه‌، به‌وه‌ش قه‌یرانه‌كه‌ مه‌ترسیدارتر ده‌بێت، چونكه‌ بینه‌ر ره‌گه‌زێكی هه‌ره‌ گرنگی نمایشی شانۆییه‌، بۆیه‌ ده‌بێت به‌خۆماندا بێینه‌وه‌ و  هه‌ردوولامان ئاشت بینه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر ته‌نگژه‌كاندا زاڵبین.

ktv

-له‌ بواری نووسین له‌سه‌ر ره‌وتی شانۆ به‌گشتی و به‌تایبه‌تیش شانۆی كۆیه‌ هه‌وڵێكی باشت هه‌یه‌ ده‌كرێت ئاماژه‌ی پێبده‌ت؟

 *من له‌ نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی رابردووه‌وه‌ ده‌ستم به‌ نووسین له‌سه‌ر شانۆ كردووه‌، تائێستا به‌ده‌یان بابه‌ت و وتاری ره‌خنه‌یی و شیكارییم له‌سه‌ر نمایشه‌ شانۆییه‌كانی  به‌گشتی و شاری ‌ كۆیه‌ به‌تایبه‌تی نووسیوه‌، ئه‌و بابه‌تانم له‌ گۆڤاره‌كانی (كه‌كۆن و رامان) و رۆژنامه‌كانی (كوردستانی نوێ و چاودێر و خه‌بات و پاشكۆهونه‌ریی و ئه‌ده‌بییه‌كانیان)دا بڵاوكردونه‌ته‌وه‌، نامه‌ی ماسته‌ره‌كه‌م له‌سه‌ر شانۆیه‌، به‌ناوی (ریالیزم له‌ شانۆی كوردیدا)، كه‌ له‌ ساڵی (2013) وه‌كو كتێب چاپ و بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، ماوه‌یه‌ك پێش ئێستا دوو كتێبم له‌سه‌ر شانۆ له‌سه‌ر ئه‌ركی خۆم بڵاو كردوونه‌ته‌وه‌، به‌ناوی ( شانۆ و شانۆی منداڵان) و ( هونه‌ری شانۆ له‌ شاری كۆیه‌ 1980 – 2008)، لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كم له‌سه‌ر شانۆی كۆیه‌ له‌ گۆڤاری زانكۆی كۆیه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، هه‌روه‌ها له‌ كۆنفراسێكی زانكۆی كۆیه‌ به‌شداربوومه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كم له‌سه‌ر قه‌یرانی بینه‌رانی شانۆ ئه‌نجامداوه‌، دوای كۆنفراسه‌كه‌، چه‌ند لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك  په‌سندكران و هه‌ڵبژێردران بۆ ئه‌وه‌ی بكرێن به‌ زمانی ئینگلیزی و له‌ كتێبێكدا بڵاوبكرێنه‌وه‌، یه‌كێك له‌و لێكۆڵینه‌وانه‌ لێكۆڵینه‌وه‌كه‌ی من بوو. ئێستاش به‌رده‌وام له‌سه‌ر شانۆییه‌كان ده‌نووسم له‌ رۆژنامه‌ی خه‌بات و كوردستانی نوێ بڵاویان ده‌كه‌مه‌وه‌.

ktv

-پرۆژه‌ی نوێت هه‌یه‌؟

*به‌ڵێ پرۆژه‌ی نوێم هه‌یه‌ له‌ هه‌ردوو بواری نووسین و نمایشی شانۆییدا، وه‌ك نمایش و نواندن بۆ ئه‌م ساڵ وه‌كو گروپی شانۆ بۆ شانۆی شه‌قام و تیپی شانۆی كۆیه‌ خۆمان بۆ  به‌شداریكردن له‌ چه‌ند فیستڤاڵێكی نێوده‌وڵه‌تی ئاماده‌كردووه‌، له‌وانه‌ قیستڤاڵی شانۆی شه‌قامی كه‌ركوك، به‌غداد، ده‌ربه‌ندیخان و مه‌ریوان و هه‌ندێكی دیكه‌) له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدانی نمایشی دیكه‌ له‌ كۆیه‌ و ده‌ره‌وه‌ی كۆیه‌، له‌ بواری نووسینیش  لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كم په‌سندكراوه‌ بۆ كۆنفراسی ئه‌م ساڵی زانكۆی كۆیه‌ له‌سه‌ر مێژووی شانۆی كۆیه‌، كه‌ وه‌كو سیمینار و پاشان له‌ گۆڤاری زانكۆ بڵاو ده‌كرێته‌وه‌، كتێبێكم له‌سه‌ر شانۆی شاقام نووسیوه‌ و پێشكه‌شی فیستڤاڵی پێنجه‌می شانۆ شه‌قامی كه‌ركوكی نێوده‌وڵه‌تی كردووه‌، كه‌ به‌نیازن له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدانی ڤیستڤاڵه‌كه‌ له‌سه‌ر ئه‌ركی خۆیان  چاپی بكه‌ن و بڵاوی بكه‌نه‌وه‌، كتێبێكم ئاماده‌یه‌ بۆ چاپ به‌ناوی مێژووی سه‌د ساڵه‌ی دراما و هونه‌ری شانۆ له‌ كۆیه‌ و ده‌وروبه‌ری، ئه‌گه‌ر كه‌سێك هاوكارمان بێت بڵاوی ده‌كه‌ینه‌وه‌. چه‌ند كتێبكی دیكه‌ش له‌سه‌ر رۆمان و داستان و شانۆ ئاماده‌ی چاپن، به‌ڵام به‌هۆی نه‌بوونی سپۆنسه‌ر بۆ بڵاوكردنه‌وه‌یان جارێ له‌سه‌ر ره‌فه‌ی كتێبخانه‌كه‌م دانراون.

- بوونی په‌یمانگای هونه‌ره‌جوانه‌كان له‌ شاری كۆیه‌ تا چه‌ند كاریگه‌ری باشی هه‌بووه‌ له‌سه‌ر شانۆی كۆیه‌ ؟

ktv

*بێگومان په‌یمانگای هونه‌ره‌جوانه‌كانی شه‌هید جه‌عفه‌ر رۆڵێكی ئه‌رێنی باشی بینیوه‌ له‌ هه‌موو بواره‌كانی هونه‌ردا (مۆسیقا، شانۆ و شێوه‌كاری)، پێش كردنه‌وه‌ی ئه‌و په‌یمانگایه‌ كاره‌كانی شانۆ له‌شاری كۆیه‌ به‌شێوه‌یه‌كی نا ئه‌كادیمی و له‌لایه‌ن كه‌سانی ئاره‌زوومه‌ند و ئه‌ماتۆر ئه‌نجامدراون، هه‌تا كردنه‌وه‌ی په‌یمانگای شه‌هید جه‌عفه‌ر هیچ ده‌رهێنه‌ر و ئه‌كته‌رێكی ئه‌كادیمی له‌ كۆیه‌ كاری نه‌كردووه‌، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی ئه‌و په‌یمانگایه‌ كرایه‌وه‌، بووه‌ ده‌روازه‌ و هێزێكی له‌بننه‌هاتووی ئه‌نجامده‌ری نمایشه‌ شانۆییه‌كانی كۆیه‌، ده‌رچووانی به‌نێو تیپه‌كانی شانۆدا بڵاوبوونه‌وه‌ و ده‌ستیانكرد به‌كاری نواندن و ده‌رهێنان و كاره‌كانی هونه‌ریی شانۆییه‌كان، به‌وه‌شدا بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت، كه‌ په‌یمانگای هونه‌ره‌جوانه‌كانی شه‌هید جه‌عفه‌ر  تا چه‌ند كاریگه‌ری ئه‌رێنی هه‌بووه‌ له‌سه‌ر بواری شانۆ له‌ شاری كۆیه‌ و ده‌وروبه‌ریدا.

-گرفتی ئێوه‌ی شانۆكاران له‌شاری كۆیه‌ له‌ چیدیایه‌؟

ktv

* شانۆكاران و بواری هونه‌ری شانۆ له‌ كۆیه‌ چه‌ندین ئاربشه‌ و گرفت رووبه‌روویان بۆته‌وه‌ و به‌ده‌ستییه‌وه‌ ده‌ناڵێنن، وه‌كو نه‌بوونی بوودجه‌ و نه‌سریه‌ی تایبه‌ت بۆ تیپه‌ شانۆییه‌كان و كاری شانۆیی، دیاره‌ پێشتر بودجه‌یه‌كی تایبه‌تی بۆ تیپه‌كان هه‌بوو، هه‌ر بۆیه‌ش چالاكی شانۆیی  زۆر له‌ كۆیه‌ ئه‌نجامده‌درا، به‌ڵام به‌هۆی بڕانی ئه‌و بودجه‌یه‌ بواره‌كه‌ تووشی قه‌یرانی لایه‌نی ماددی بۆته‌وه‌، هه‌روه‌ها نه‌بوونی هۆڵێك بۆ نمایشه‌ شانۆییه‌كان گرفتێكی دیكه‌یه‌، هۆڵه‌كه‌ به‌نێوه‌ چڵی جێهێڵراوه‌و ته‌واونه‌كراوه‌، به‌هۆی قه‌یرانی دارییه‌وه‌، هه‌روه‌ها له‌ كۆیه‌ به‌هۆی ساردبوونه‌وه‌ی بینه‌ر بۆ نمایشه‌ شانۆییه‌كان تیپه‌كان ناتوانن بژێوی خۆیان به‌هۆی كاره‌كانیان ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن و بلیت بفرۆشن، كه‌سیش هاوكارییان ناكات. بچووكردنه‌وه‌ی به‌رێوه‌به‌رایه‌تی هونه‌ر بۆ به‌ش، كه‌ ئه‌وانیش ده‌ستیان به‌ستراوه‌وه‌ كاره‌كانیان سنوردار كراون و توانای سه‌رفیان نه‌ماوه‌، ئه‌وه‌ش هه‌ر گرفت بوو بۆ شانۆ و بواره‌كانی دیكه‌ی هونه‌ر و ئه‌ده‌ب له‌كۆیه‌.

كوردستان تیڤی/ كامران

شانۆ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.