كنوت هامسونى نووسەر و شاعیر بە یەك لە كۆڵەگە تۆكمەكانی ئەدەبی نەرویجی دادەنرێت. له رێگەی رۆمانه‌كانی ده‌یه‌ویست بێهوده‌یی ژیان بسه‌لمێنێ و ئازاره‌كانی مرۆڤیش بخاتە بەردیدە. ستایلێكی وه‌هاشی بۆ نووسین گرته‌به‌ر كه زیاتر خۆرسكی و نوێخوازی بوو. ساڵی 1889 كە لە ئۆسلۆی پایته‌خت نیشته‌جێبوو, بینی برسیه‌تی ژیانی به‌شێكی زۆری دانیشتوانی خستۆته مه‌ترسی و به هۆیه‌وه كاره‌ساتی نامۆ رووده‌دات. ئه‌و بارودۆخه بووە هه‌وێن بۆ نووسینی رۆمانێكی كاریگه‌ر بە ناوی (برسییه‌تی).
پاش ئه‌وه‌ی به شێوه‌ی زنجیره ناوهرۆكەكەی خستبە به‌ر دیده، ساڵی دواتر له شێوه‌ی كتێب بڵاوی كرده‌وه. ئەو رۆمانە به‌یه‌ك له رۆمانه به‌راییه‌كانی رێچكەی نوێخوازی و یه‌ك له شاكاره ئه‌ده‌بییه جیهانییه‌كان داده‌نرێت. ئه‌و په‌یامه‌ی له‌ناویدا هامسون پێشكه‌ش به خوێنه‌رانی كردووە، له كاره‌كانی دواتریشی بینرا كه بریتییه له ریسواكردنی ئه‌و جۆره ئایدیایه‌ی كه ژیانی ئاده‌میزاد به‌ره‌و تاریكی و لیخنی ده‌بات. هه‌روه‌ها هێرشی كردۆته سه‌ر شارستانی ماددی، به هه‌موو ئه‌و روخسارانه‌ی كه ژیان پیس ده‌كه‌ن. ره‌خنه‌گران ئه‌و رۆمانه به جوانترین نووسراو داده‌نێن كه توانی هاوسه‌نگی مرۆڤایه‌تی له ئه‌وروپا سه‌راوژێر بكات، هه‌ر بۆیه بۆ زۆربه‌ی زمانه‌كانی جیهان وه‌رگێڕدرا. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له‌ناویدا هامسون ئازاره‌كانی مرۆڤی له ژیانی سه‌خت نیشانداوه. هاوكات دهروازهیهكیشه بۆ روانین له ژیانه سه‌خته‌كه‌ی خۆی. چیرۆكخوێنی ناو ئه‌و رۆمانه، له شاری كریستیانای نهرویژە. تابخنی ناوه رۆژنامه‌نووسه. به نووسینی وتار، بژێوی رۆژانه‌ی دابینده‌كات به‌ڵام چ گوزه‌رانێك. به‌رده‌وام بێ پاره و برسی. به هۆی جله شڕه‌كانی به‌ری، وه‌ك مرۆڤێكی كڵۆڵ دەهاته پێش چاو. جگه له قه‌ڵه‌م و كاغه‌ز و توانستی گه‌ش له نووسین، هیچ شتێكی دیكه‌ی شك نەدەبرد. ژووره‌كه‌شی له ته‌ختێكی شڕی نووستن چی دیكه‌ی تێدانەبوو. كرێی ژووره‌كه‌ش له‌وێ بوه‌ستێ. رۆژه‌كانی له بازنه‌یه‌ك ده‌چێت كه به‌ئازار و ده‌ربه‌ده‌ری و برسیه‌تی پڕ كراوە. ئه‌و برسیه‌تییه‌ی كه شه‌و و رۆژ هاوڕێیەتی. وه‌هاش ته‌نگی پێههڵچنبوە، گه‌ده‌ی تێكداوە.
بێگومان هامسون ده‌یه‌ویست به‌و كاره‌ی، نایه‌كسانی كۆمه‌ڵایه‌تی و گه‌نده‌ڵی به‌ڕێوه‌بردنمان پێبناسێنێ، ئه‌گینا شارێكی وه‌ك كریستیانه (ئۆسلۆ) به‌تایبه‌تی و وڵاتێكی وه‌ك نه‌رویژ به‌گشتی، سامان و ده‌ستهاتی گشتی هێنده كه‌م نییه كه تێیدا مرۆڤ وه‌ها كڵۆڵ و سه‌رگه‌ردان بێت، بەڵام ئەو لە دیدێكی دیكە دەیڕوانییە ژیان، وەك ئەوەی له‌و شاكاره به دیمه‌نێك ئاشنامان دەكات، ئه‌ویش خواردنی ورده ته‌خته‌یه، تاكو كه‌مێك له ئازاری برسییه‌تی تابخنی بڕه‌وێته‌وه. له‌و ساته‌دا گوێمان له خودی تابخن ده‌بێت كه ده‌ڵێت : "له راستیدا ژیان به‌و شێوه‌یه گه‌لێك زه‌بوونه. سوێند به‌ئازاره‌كانی حه‌زره‌تی مه‌سیح، ناتوانم هه‌موو ئه‌و ئازارانه بێنمه پێش چاو كه به‌سه‌رم داده‌بارێن! له پڕ به خهیاڵمدادێت وا چاكه ببم به مرۆڤێكی شه‌ڕانی و تاوانبار". به‌ڵام تابخنی دڵپاك و بێگه‌رد هەر كاتێك بتوانێت یارمه‌تی كه‌سانی دیكه بدا، ئه‌وسا چێژی خۆش له ژیانی خۆی ده‌بینێ. له‌و كاته‌دا هه‌ست به رازیبوون و دڵشادی ده‌كات، بۆیه به‌و جۆره قسه له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌كات، : "من قوڵهیهكی سپیم له ناوه‌ڕاستی ده‌ریای لێڵی مرۆڤایه‌تی!" كاتێك خه‌ونیشی ده‌بینی، خه‌ونه‌كه‌ی له‌وه زیاتر نەبوو كه گه‌ده‌ی پڕ بێت له خواردن. هه‌روه‌ك له شوێنێكی دیكه‌ی ئه‌و رۆمانه گوێمان لێیده‌بێت كه ده‌ڵێت : "له قووڵایی خه‌ودابووم پۆلیسێك به ئاگای هێنام و رایچلهكاندنم، هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی به توندی بۆ ژیان و كه‌ساسی نێردرابم. سه‌ره‌تا هه‌ستم به سه‌رسامی كرد، كه خۆم له چۆڵه‌وانی دۆزیه‌وه، به‌ڵام هێنده‌ی پێنه‌چوو بێهیوا بوومه‌وه، بۆیه ده‌ستم به گریان كرد و خه‌فه‌تم ده‌خوارد لەوەی هێشتا له ژیاندا ماوم. له كاتی نووستنم باران دایكرد و جله‌كانم ته‌ڕبوو. هه‌ستم به ساردی و سه‌رمابردوویی كرد و تاریكایش باڵەكانی خۆی درێژكردبوو، بۆیه به زه‌حمه‌ت توانیم ئه‌و پۆلیسه ببینم كه له‌سه‌ر سه‌رم وه‌ستابوو".
كاتێك برسیه‌تیش زیاتر ته‌نگ به تابخنی پاڵه‌وانی ئه‌و رۆمانه هه‌ڵده‌چنێ، لاواز و زه‌بوونی وه‌های لێدەكا فه‌لسه‌فییانه له‌گه‌ڵ خۆیدا بڵێت : "ئه‌گه‌ر به‌خت یاوهرمبوایه به هه‌وڵ و ماندووبوون پێنج كرۆنم دهستكهوتبا، ده‌متوانی وه‌ك جاران بژیه‌م، به‌ڵام ئاخ، چه‌ند حه‌ز ده‌كه‌م بزانم بۆچی وه‌ها بۆ من نووسراوه كه رۆژێكی گه‌ش نه‌بینم. ئایا منیش وه‌ك هه‌ر مرۆڤێكی دیكه مافی ژیانم نییه؟ ئه‌ی منیش تێنهكۆشاوم، تاكو بگه‌م به وه‌زیفه‌یه‌ك؟ ئه‌ی گوێم له موحازهرهكانیش نه‌گرت و وتاریشم بۆ رۆژنامه‌كان نه‌نووسی؟ شه‌و و رۆژیش، به‌سه‌رسوڕمانی درێژه‌م به خوێندن نه‌دا؟ هیوا ده‌خوازم مردبام و هیچ شوێنهوارێكم جێنه‌هێشتبا و كه‌سیش به ئازاره‌كانی نهزانیبام".
له شوێنێكی دیكه‌ی ئه‌و رۆمانه، نووسه‌ر تینی برسیه‌تی تابخنی پاڵه‌وانه‌كه‌مان وه‌ها بۆ باس ده‌كات هه‌وڵی ئه‌وه دەدات دوگمەكانی چاكه‌ته‌كه‌ی بفرۆشێ و قهسابێكیش هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنێ به‌وه‌ی داوای ئێسقانی لێبكات بۆ سه‌گه‌كه‌ی كه له راستیدا بۆ خۆی بوو. ئه‌و مرۆڤه وه‌ها لێڵ و بێهیوایه هه‌وڵه‌كانی سوودی نابێت تا پشتی كوڕ ده‌بێت و قاچه‌كانیشی ده‌ئاوسێ. به‌رده‌وامیش له‌به‌ر تینی برسییه‌تی، ئازار ده‌كێشێ. دوای ئه‌وه‌ی هه‌موو ده‌رگاكانیش به داخراوی ده‌بینێ، بۆ ساویلكه‌یی خۆی ده‌گریه‌ت. به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ شتێك له‌گه‌ڵ خۆی به‌رێت و له هیچ كه‌سێكیش ماڵئاوایی بكات، روو له نیشتیمان وهردهسوڕێنێت و له سه‌ره‌تای سپێده‌یه‌كی نوێ، شاری كریستینا جێده‌هێلێ و له‌سه‌ر كه‌شتییه‌كی خه‌ڵوز هه‌ڵگر، ده‌كه‌وێته‌ڕێ. به‌ڵام به‌بێ ئه‌وه‌ی ئاگاداربێت بۆ چ لایه‌ك ده‌ڕوات.
دوای بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و شاكاره, هامسون لە ئۆسلۆی پایتەخت و چەند شارێكی دیكەی نەروێژ، چەندان كۆڕ و موحازەرەى تایبەت بەو بەرهەمە پێشكەشكرد كه لە ناویاندا داكۆكی لەوە دەكرد، ماددییەتی كۆمەڵگە سەرمایەدارییەكان دژی مرۆڤ و دژی سروشت و دیموكراتیشە. دیموكراتییەكەشی رووكەش و سەختەیە.
كنوت هامسون لە ستوونی تەمەندا
* كنوت هامسون رۆژی 4 ئابی ساڵی 1859 له گوندی لومی نزیكی شارۆچكه‌ی گودبراندسدالی هاته‌بوون. هێنده‌ی پێنەچوو له‌به‌ر برسیه‌تی خێزانه‌كه‌یان گواستییانەوە بۆ هامسون.
* ساڵی 1877 یه‌كه‌م رۆمانی بەناوی (پیاوه ئاڵۆزه‌كه) و ساڵی دواتر رۆمانی (بیوگر) ی بڵاوكرده‌وه.
* ساڵی 1882 به مه‌بەستی كاركردن، دوو ساڵ له ولایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ماوه، به‌ڵام له‌به‌ر دووچاربوون به‌نه‌خۆشی، ناچار بوو بگه‌ڕێته‌وه وڵات.
* ساڵی 1886 جارێكی دیكه چۆوه ئه‌مه‌ریكا. ئەو جارەش دوو ساڵ تێیدا ماوه.
* ساڵی 1889 كتێبه‌كانی (ژیانی روحی له ئه‌مه‌ریكای نوێ) و (ژیانی نه‌ستی گیان) ی بڵاوكرده‌وه.
- ساڵی 1892 رۆمانی (رازه‌كان) و ساڵی دواتر رۆمانی (خاكی قوڕاوی) بڵاوكرده‌وه.
- ساڵی 1894 رۆمانی (پان) ی بڵاوكرده‌وه .
- ساڵی 1898 رۆمانی (ڤیكتۆریا) ی بڵاوكرده‌وه.
- ساڵی 1902 رۆمانی (مونكین ڤیندت) و ساڵی دواتر رۆمانی (له زه‌وی سه‌رسوڕهێنه‌ردا) و
- ساڵی 1904 رۆمانی (خه‌وبینه‌كان) و ساڵی 1906 رۆمانی (له‌ژێر ئه‌ستێره‌ی پایزدا) ی بڵاوكرده‌وه.
- ساڵی 1908 رۆمانه‌كانی (بینۆنی) و (رۆزا) و ساڵی دواتریش رۆمانی (گه‌ڕیده‌یه‌ك ئامێره بێده‌نگه‌كان ده‌ژه‌نێ) ی بڵاوكرده‌وه
- ساڵی 1912 رۆمانی (دوا خۆشی) و ساڵی دواتریش رۆمانی (منداڵانی سه‌رده‌م) ی بڵاوكرده‌وه.
- ساڵی 1915 رۆمانی (سێگالفۆس) و ساڵی 1917 رۆمانی (گه‌شه‌ی خاك) بڵاوكرده‌وه.
- ساڵی 1920 رۆمانی (ژنانی سه‌ر په‌مپه‌كه) ی بڵاوكردەوە و خه‌ڵاتی نۆبڵی پێبەخشرا.
- ساڵی 1923 رۆمانی (دوا به‌ش) و ساڵی 1927 رۆمانی (ده‌ربه‌ده‌ره‌كان) و ساڵی 1930 رۆمانی (ئوگست) و ساڵی 1933 رۆمانی (رێگا نیشانده‌ر) و ساڵی 1936 رۆمانی (زه‌نگه‌كه داخراوه) ی بڵاوكرده‌وه.
- ساڵی 1939 له‌دژی ئه‌و گه‌مارۆ دێرینه‌ی كە هێزه به‌ریتانییه‌كان له دوای شه‌ڕه‌كانی ناپلیۆنه‌وه به‌سه‌ر كه‌ناره‌كانی نه‌رویج سه‌پاندبوویان، دژایه‌تی ئینگلیزه‌كانی كرد. لە كاتی جەنگی دووەمی جیهانیش لایەنگیری بۆ نازییەكان دەربڕی. لەو بڕوایەش بوو هیتلەر دەتوانێت لە وڵاتی ئەڵمانیادا كۆمەڵگەیەكی نوێ دابمەزرێنێ. له‌سه‌ر ئه‌و هه‌ڵوێسته‌شی به‌رده‌وامبوو، ته‌نانه‌ت دوای داگیركردنی وڵاته‌كه‌شی له‌لایان نازییه‌كان. سه‌رسامبوونی ئه‌و به هیتله‌ر گه‌یشته ئه‌و ئاسته‌ی سه‌ردانی ماڵه‌كه‌ی بكات له باڤاریا و خه‌ڵاته نۆبڵهكهشی پێشكه‌شبكات. له‌سه‌ر ئه‌و بۆچوونه‌شی، ئازار و ناخۆشی زۆری چێژت، چونكه دوای وەستانی جەنگ حكومه‌تی نوێی نه‌رویج زۆر به‌توندی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سانه كرد كه هاوكاری نازییه داگیركه‌ره‌كان بوون. هامسون كه ئه‌وسا ته‌مه‌نی 86 ساڵ بوو به نۆكه‌ر ناوزه‌دكرا و حوكمدرا و خرایە ناو به‌ندیخانه. دواتریش شێتخانە. ماوه‌ی سێ ساڵی له‌كونجی زیندانی به‌سه‌ربرد. دادگە بڕیاری له‌سێداره‌دانی بۆ ده‌ركرد، ھێنده‌ی نه‌مابوو ساڵی 1947 بڕیاره‌كه به‌جێبگه‌یه‌نرێت ئه‌گه‌ر ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ی رۆماننووسان نه‌با كه له‌سه‌رتاسه‌ری جیهان ده‌نگیان بهرزكردبۆوە.
- ساڵی 1949 له زیندان ئازاد كرا. ئه‌وسا هامسون زۆر به‌توندی رووبه‌ڕووی بڕیاری كۆتایی دادگە بۆوه، بۆچوونه‌كه‌ی خۆشی پێ دروست بوو. بۆ رهتكردهوهی پاساوه‌كانی پارێزه‌ره‌كه‌شی، هه‌ر ئه‌و ساڵه كتێبێكى بەناوی (له ژێر داڵانەكان) بڵاوكرده‌وه كه تێیدا سه‌لماندی هێشتا عه‌قڵ و هۆشی ته‌واوه.
- لە دوا ساڵەكانی تەمەن بەتەنیایی و گۆشەگیری ژیا، تا له‌رۆژی 19 شوباتی ساڵی 1952 مرد. دواتر خۆڵه‌مێشه‌كه‌ی له باخچه‌ی ماڵه‌كه‌ی نێژرا.
- جگه له‌و به‌رهه‌مانه‌ی ئاماژه‌مان پێدان, هامسون كۆمه‌ڵێك كتێبی دیكه‌ی جۆراوجۆری ئه‌ده‌بی بڵاوكردۆته‌وه.
ئاكۆ عەبدوڵا
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.