Erbil 18°C یەکشەممە 29 ئەیلوول 06:31

کۆشکى سپى:لە 8ی تشرینی دووەمەوە پێدانی ڤاکسین بە منداڵانى تەمەن 5-11 ساڵان بە تەواوەتی دەستپێدەکات

کوردستان TV
100%

کۆشکی سپی، ئەوەی راگەیاند کە پرۆگرامی کوتانی گرووپی منداڵانی تەمەن 5-11 ساڵان، لە 8ی تشرینی دووەمەوە بە تەواوەتی دەستپێدەکات.
بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کۆشکی سپی، جێف زینتس، لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، ھەڵسەنگاندنی بۆ دوایین پێشھاتەکانی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا کرد.

زینتس، ئەوەی ئاشکرا کرد کە سەدا 80ی پێگەیشتووەکانی وڵاتەکە لانیکەم یەک دۆز و سەدا 70ش دوو دۆز ڤاکسینیان وەرگرتووە و ئەوەی وەبیرھێنایەوە کە ھەفتەی رابردووە فەرمانگەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکا (FDA)، رەزامەندی لەسەر پێدانی ڤاکسین بە گرووپی منداڵانی تەمەن 5-11 ساڵان دەرکردووە.

جێف زینتس، ئاماژەی بەوەش کرد کە پێش چەند رۆژێک لە پەسەندکردنەکەی FDA، دەستیان بە وەرگرتنی راسپاردەی ڤاکسین لە لایەن دەرمانخانەکان و ناوەندە کۆمەڵایەتییەکانەوە کردووە و گوتی: "رۆژی ھەینی، پاش چەند خولەکێک لە رەزامەندییەکەی FDA، دەستیان بە دابەشکردنی ١٥ ملیۆن دۆز ڤاکسینی فایزەر کردووە."
زینتس، ئەوەشی وەبیرھێنایەوە کە لە ئەگەری پەسەندکردنی ڤاکسینەکە لەلایەن ناوەندی رێگرتن لە نەخۆشییەکانی ئەمریکا (CDC)، 28 ملیۆن منداڵ لە گرووپی منداڵانی تەمەن 5-11 ساڵان مافی وەرگرتنی ڤاکسینیان پێدەدرێت و گوتی: "لە ھەفتەی 8ی تشرینی دووەمەوە، پرۆگرامی پێدانی ڤاکسین بەم گرووپی تەمەنە بە تەواوەتی ئامادە دەبێت. دایکان و باوکان دەتوانن کات بۆ کوتانی منداڵەکانیان وەربگرن".

 ڤاکسینەکە لە گرووپی تەمەن 5-11 ساڵان نزیکەی سەدا 91 کاریگەر دەبێت.

فەرمانگەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکا (FDA)، لە 22ی تشرینی یەکەم لە رێگەی ماڵپەڕی فەرمیی خۆی ئەوەی راگەیاندبوو کە ڤاکسینی کۆمپانیای فایزەر-بایۆنتەک بۆ گرووپی تەمەن 5-11 ساڵان بە رێژەی سەدا 90،7 کاریگەری ھەیە.
لە ئەمریکا، نزیکەی 28 ملیۆن منداڵ ھەیە کە تەمەنیان لە گرووپی 5-11 ساڵان بێت.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.