Erbil 7°C ھەینی 17 کانوونی دووەم 23:44

ڕاگه‌یه‌نراوێک له‌ مه‌کته‌بی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان‌

کوردستان TV
100%

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ سه‌رپه‌رشتی سه‌رۆك بارزانی كۆبووه‌وه‌.

كۆبوونه‌وه‌كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ قۆناغی كۆتاهاتنی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی پێشوەختەی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، پاش كۆبوونه‌وه‌كه‌ش مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕاگه‌یه‌نراوێكی بڵاوكرده‌وه‌

ئه‌مه‌ش ده‌قی ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌یه‌:-

بەسەرپەرشتی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی، كۆبوونه‌وه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی بە ئاماده‌بوونی هه‌ڤاڵانی له‌ رێكه‌وتی 14ی 10ی 2021 ئه‌نجام درا كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ قۆناغی كۆتایی هاتنی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی پێشوەختەی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق.
لە سەرەتادا کۆبوونەوە پیرۆزبایی له‌ خه‌ڵكی كوردستان به‌ گشتی کرد، بۆ بەشداری شارستانییانه‌یان لە پرۆسه‌كه‌ كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی دیموكراسیانه‌ و ئاشتیانه‌ به‌ڕێوه‌چوو.

ھاوکات به‌ چاوكراوه‌یی و رێزگرتن له‌ پارێزه‌رانی به‌رژه‌وه‌ندییە‌ باڵاكانی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی، متمانه‌یان به‌خشیه‌ كاندید و لایه‌نه‌كان و پاڵپشتییان له‌و ئاڕاسته‌یه‌ كرد كه‌ له‌ ڕابردوودا خه‌مخۆری به‌ده‌ستهێنانی مافه‌كانیان بووه‌ و له‌ ئێستا و له‌ ئاینده‌شدا دەستکەوت و مافەکانیان ده‌پارێزێ و دیدوبۆچوونی واقعبینانه‌ی هه‌یه‌ بۆ حوكمڕانی عێراق لەسەر پرنسیپەکانی شه‌راكه‌ت و سازان و هاوسه‌نگی، هه‌روه‌ها له‌ به‌دیهێنانی ئامانجی‌ پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یی و ئایینیەکان و جێبه‌جێكردنی تەواوی ده‌ستوور و دابینكردنی ژیانێكی شایسته‌ له ‌ڕووی ئیداری و ئابووری و ئه‌منییه‌وه‌.

لەم روانگەیەشەوە پارتی هه‌نگاوه‌ پێویستەکانی داھاتووی بۆ هه‌ماهه‌نگی و لێك تێگه‌یشتن و هاوپه‌یمانیه‌تییه‌كان دیراسه‌ ده‌كات، به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ له‌ خزمه‌تی هاووڵاتییانی عێراق به ‌گشتی و كوردستان به‌تایبه‌تی دابێت. كۆبوونه‌وه‌ سوپاس و پێزانینی تایبەتی خۆی دەربڕی بۆ جه‌ماوه‌ر و كادیر و ئه‌ندامان و خەڵکی خۆڕاگری سنووری كه‌ركووك، شه‌نگال، خانه‌قین، مه‌خمور، زوممار، ده‌شتی نه‌ینه‌وا و ته‌واوی ناوچه‌ كوردستانیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی له‌بەرامبەر پاڵپشتی گەورەیان و متمانه‌ بەخشینیان بە كاندیده‌كانی پارتیمان.

هه‌روه‌ها كۆبوونه‌وه‌ سوپاس و پێزانینی هه‌بوو بۆ به‌رپرس و كادیر و ئه‌ندام و جه‌ماوه‌ری سنووری گشت ئۆرگانه‌كانی پارتیمان له‌ ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارێزگاكان، لقه‌كان، لیژنه‌ی ناوچه‌كان، رێكخراوه‌كان، بنكه‌كان و ڕێكخراوه‌ جه‌ماوه‌ری و پیشه‌ییه‌كان كه‌ به‌وپه‌ڕی دڵسۆزی و ماندوونه‌ناسانه‌ هه‌وڵیان دا بۆ سه‌رخستنی پرۆسه‌كه‌ و سه‌ركه‌وتنی كاندیده‌كانیان.
كۆبوونه‌وه‌ سوپاسی دڵسۆزی و هه‌وڵه‌كانی ته‌واوی هه‌ڤاڵانمانی كرد، لە سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و حكوومه‌ت و په‌ڕله‌مان و پێشمەرگە قارەمانەکان و دامودەزگا ئەمنییەکان كه‌ بە ره‌چاوكردنی رێنماییه‌كانی كۆمسیۆنی سەربەخۆی هه‌ڵبژاردنەکان، هاوكاری باشی سه‌رخستنی پرۆسه‌كه‌ بوون و دڵسۆزانه‌ كاریان بۆ سه‌ركه‌وتنی كاندیده‌كان كرد. ھاوکات كۆبوونه‌وه‌ سوپاس و دەستخۆشی گەرمی ھەبوو بۆ هه‌ڤاڵانی لیژنه‌ی باڵای هه‌ڵبژاردن و لیژنە فەرعیەکان و ئۆرگانه‌كانی پارتیمان لە مەکتەبەکانی رێكخستن، پەیوەندییەكان، کارگێڕی و دارایی، دیراسات و تۆژینەوە و ئەكادیمیای پارتی، دەزگای هەڵبژاردن، دەستەی رێكخراوە جەماوەری و پیشەییەكان، دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندن بە هەموو كەناڵەكانی رادیۆ و تەلەفزیۆن و رۆژنامە و گۆڤار و ماڵپەڕەکانەوە و، کادیر و ھەڤاڵانی خوێنگەرمی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و سۆشیال میدیا و، یەکە یەکەی بەربژێرەکانی پارتیمان، ھەروەھا سوپاسی چاوكراوەیی و خەمخۆری چاودێرانی سەرسندوقەكان و ویستگەکانی دەنگدان و. سوپاس یەك بەیەكی خانەوادەی سەربەرزی شەھیدان و ئەو جەماوەرە بەئەمەك و وەفادارەی کرد کە بە هەر جۆرێك بەشداربوون لە بەدیهاتنی ئەم سەركەوتنە مەزنەدا.

هه‌ڤاڵانی تێکۆشەر، هاوڵاتیانی به‌ڕێز... عێراق به‌ قۆناغێكی هه‌ستیاردا تێده‌په‌ڕێ و پارتیمان بڕوای وایه‌ حوكمڕانی عێراقی فیدراڵ پێویستی به‌ رێكخستنه‌وه‌یه‌كی سه‌رده‌میانه‌ هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ له‌ ئاست ویست و خواستی هه‌موو پێكهاته‌كانی دابێ و، كێشه‌ هه‌ڵواسراوه‌كان چاره‌سه‌ر بكات، چاره‌سه‌ری كێشه‌كانیش له‌ڕوانگه‌ی ده‌ستوورەوە ده‌بێته‌ هۆی سه‌قامگیری و ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی، به‌تایبه‌تیش جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 140ی ده‌ستوور و یەکلاکردنەوەی ته‌واوی كێشه‌ چاره‌سه‌رنه‌كراوەکانی نێوان حكومه‌تی فیدڕاڵ و حكومه‌تی هه‌رێم، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش یه‌كڕیزی و ته‌بایی ناوخۆی كوردستان پێویسته‌ و، پێكه‌وه‌ كاركردن و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییە باڵاکانی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیمان و به‌دیهێنانی مافه‌ به‌دی نه‌هاتووەکان ئه‌ركی‌ هه‌مووانه‌.

 دووباره‌ سوپاس بۆ دڵسۆزانی كوردستان.
مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان 14ـی 10ـی 2021

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.