Erbil 9°C پێنجشەممە 16 کانوونی دووەم 20:46

نێچیرڤان بارزانی: هه‌مووان براوه‌ن، هه‌موومان یه‌کڕیز، ته‌با و پێکه‌وه‌ بین

کوردستان TV
100%

نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان په‌یامێكی به‌بۆنه‌ی سه‌ركه‌وتنی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقه‌وه‌ بڵاوكرده‌وه‌.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان:
په‌یامی به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان به‌بۆنه‌ی سه‌رکه‌وتنی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراقه‌وه‌:

هاووڵاتییانى خۆشه‌ویست،

هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان له‌ هه‌رێمى كوردستان و عیراق

پیرۆزباییى سه‌ركه‌وتنى هه‌ڵبژاردنى گشتیى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران له‌ هه‌موو لایه‌ك ده‌كه‌م. ئیتر عیراق و هه‌رێمى كوردستان له‌ قۆناغێكى تازه‌دان‌ و ئه‌نجامه‌كانى كۆتایى هه‌ر چۆن یه‌كلایى ببنه‌وه‌، هه‌مووان براوه‌ن، هه‌موومان پێكه‌وه‌ ده‌بێ خۆمان بۆ ئه‌رك و به‌رپرسیاریه‌تیى هاوبه‌ش و ته‌حه‌دییه‌كانى قۆناغى داهاتوو، ئاماده‌ بكه‌ین.

یه‌كڕیزى، ته‌بایى و پێكه‌وه‌یى، كلیلى سه‌ركه‌وتنمانه‌ كه‌ ده‌سته‌به‌رى مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان ده‌كات، ده‌سكه‌وته‌كان و سیستمى فیدراڵى و قه‌واره‌ سیاسییه‌كه‌ى ده‌پارێزێت. ئه‌ركى هه‌موو هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه كوردستانییه‌كانه‌ پێكه‌وه‌، ته‌با و یه‌كڕیز، كار بۆ ئێستا و داهاتوویه‌كى باشتر بۆ هه‌رێمى كوردستان و عیراق بكه‌ین، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش له‌گه‌ڵ هێز و لایه‌نه‌ عیراقییه‌كان هاوكار بین.

ئه‌ركى هه‌موومان له‌ هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى عیراق ئه‌وه‌یه‌ به‌ ڕوانگه‌ و خوێندنه‌وه‌ و تێگه‌یشتنێكى تازه‌ و واقعبینییه‌وه‌، به‌ سوودوه‌رگرتن له‌ ئه‌زموون و هه‌ڵه‌كانى ڕابردوو، له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور كێشه‌كانى وڵات چاره‌سه‌ر بكه‌ین. كار بۆ عیراقێكى سه‌قامگیر و خۆشگوزه‌ران بكه‌ین كه‌ تیایدا مافه ده‌ستوورییه‌كانى هه‌موو پێكهاته‌كان مسۆگه‌ر و پارێزراو بن، متمانه‌، پێكه‌وه‌یی، هاوچاره‌نووسی، هاریکاریی هاوبه‌ش، به‌رژه‌وه‌ندیى گشتیى وڵات، هاوبه‌شیی ڕاسته‌قینه‌، سازان و یه‌کسانی، هه‌موومان كۆبكاته‌وه‌.

سوپاسى هاووڵاتییان، هه‌موو هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان، داموده‌زگا ئیداری و ئه‌منییه‌كان، میدیا و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی ده‌كه‌م كه‌ له‌ سه‌رخستنى هه‌ڵبژاردندا هاوكار بوون. سوپاس و ده‌ستخۆشى بۆ ئه‌رك و ماندووبوونى كۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كانى عیراق، بۆ چاودێرانى ناوخۆیى و بیانى و تیمه‌كانى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان به‌تایبه‌تی سه‌رۆک و تیمی یوونامی له‌ عیراق و یه‌كێتیى ئه‌ورووپا و كۆمكاری عه‌ره‌بی كه‌ چاودێریى پرۆسه‌ى ده‌نگدانیان كرد و پرۆسه‌كه به‌ ئارامى به‌ڕێوه‌ چوو. ئه‌مه‌ هه‌نگاوێكى گرنگه‌ له‌سه‌ر ڕێگه‌یه‌گى ڕاست. به‌شداریمان له‌ هه‌ڵبژاردنى نوێنه‌رانمان له‌ به‌غدا، پابه‌ندیمانه‌ به‌ بنه‌ماكانى دیموكراسییه‌وه‌.

له‌ لایه‌كى دیكه‌وه‌ ڕێژه‌ى به‌شدارى له‌ ده‌نگداندا په‌یامێكى ڕوونى هاووڵاتییانه‌ كه‌ چاویان له‌ ژیان و گوزه‌ر‌ان و خزمه‌تگوزاریى زیاتره و مافى خۆیانه‌‌. ئه‌مه‌ بۆ هه‌موومان له‌ حكوومه‌ت و هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى عیراق و هه‌رێمى كوردستان، ده‌بێ په‌ند و وانه‌یه‌ك بێت بۆ پێداچوونه‌وه‌ى جددى و بنیاتنانه‌وه‌ى متمانه‌، هه‌روه‌ها ببێته‌ هانده‌رى كار و خزمه‌تى زیاتر.

ئیتر كاتى ئه‌وه‌یه‌ پێكه‌وه‌ كار بكه‌ین بۆ دامه‌زراندنی حکوومه‌تێکی نیشتمانیی فیدراڵى که‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی خواست و‌ چاوه‌ڕوانییه‌کانی هاووڵاتی بێت، ده‌ستوور جێبه‌جێ بكات، دامه‌زراوه‌كانى ده‌وڵه‌ت به‌هێز بكات، گرووپ و هێزه‌ چه‌كداره‌كانى ده‌ره‌وه‌ى یاسا كۆنترۆڵ بكات‌، له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور و هاوبه‌شیى هه‌موو پێكهاته‌كانى عیراق، پرۆسه‌ى سیاسى ڕاست بكاته‌وه و به‌ره‌و داهاتوویه‌كى باشتر بۆ هه‌مووان، وڵات به‌ڕێوه‌ ببات.

هیواى سه‌ركه‌وتن بۆ هه‌مووان ده‌خوازم.

نێچیرڤان بارزانى

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

2021/10/12

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.