سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی رایگەیاند کە ھەڵبژاردنەکانی 10ی ئەم مانگە، دەرفەتێکی مێژووییە بۆ گۆڕانکاریی و راستکردنەوەی رێڕەوەکان.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ئەمڕۆ دووشەممە، مستەفا کازمی بەمەبەستی ئاگاداربوون لە دوایین تاقیکردنەوەی ئامێرەکانی دەنگدان، سەردانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی کردووە.
بەپێی راگەیەندراوەکە سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی لە میانی سەردانەکەی بۆ کۆمیسیۆن رایگەیاندووە کە ئەمە پێنجەمجارە، بەسەرکەوتوویی ئامێرەکانی دەنگدان لەلایەن کۆمیسیۆنەوە تاقی دەکرێنەوە، ئەمەیش بەڵگەیە لەسەر تەواوی ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و شەفاف کە گوزارشت لە خواستیی داھاتووی عێراقییەکان بکات.
باس لەوەشکراوە کە ھەروەھا مستەفا کازمی جەختیکردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە بەڵێنەکانیان بەرامبەر بە گەلی عێراق جێبەجێکردووە و ھەموو رێوشوێنێکیشیان بە ئامانجی ئاسانکارییکردن بۆ کارەکانی کۆمیسیۆن و پتەوترکردنی ئەزموونی دیموکراسیی پێشکەشکردووە و گوتی: ھەڵبژاردنەکانی 10ی ئەم مانگە دەرفەتێکی مێژووییە بۆ گۆڕانکاریی و راستکردنەوەی رێڕەوەکان.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەیش خراوەتەڕوو کە سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی جەختیشی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە بەتوندی مامەڵە لەگەڵ ھەر کەسێک دەکرێت ئەگەر ھەوڵی ساختەکاریی بدات لە ھەڵبژاردنەکاندا و رێگایش نادرێت ھەوڵی لەو جۆرە بدرێت و داواشی کردووە کە بەردەوام بەدواداچوون بۆ ئەو سەرپێچی و پێشێلکارییانە بکرێت کە لەلایەن کاندیدان و پارتەکانەوە ئەنجام دەدرێن و گوتی: بەپێی یاسا لەلایەن کۆمیسیۆنەوە مامەڵە لەگەڵ سەرپێچی و پێشێلکارییەکاندا، دەکرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.