Erbil 19°C دووشەممە 30 ئەیلوول 06:40

فەڕەنسا هاوکاری و پشتیوانی خۆی بۆ پەرلەمانی کوردستان نیشاندەدا

کوردستان TV
100%

لێژنەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان بەمەبەستی پتەوکردنی هەماهەنگی و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوانیان، سەردانی لێژنەی یاسایی ئەنجوومەنی نیشتیمانی لە پەرلەمانی فەڕەنسایان کرد، و لەلایەن یێل رۆن پیڤێ سەرۆکی لێژنەیی یاسایی ئەنجوومەنی نیشتیمانی لە پەرلەمانی فەرەنسا و ژون ژاک بریدێ ئەندامی لێژنەیی یاسایی و سەرۆکی دۆستایەتی عێراقی - فەرەنسی، پێشوازییان لێکرا.

لە ڕاگەیاندراوێکدا پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت،  بە سەرۆکایەتی د. بژار کۆچەر سەرۆکی لێژنەی یاسایی و بە یاوەری ژمارەیەک لە ئەندامان و ڕاوێژکارانی لێژنەکە، سەردانی لێژنەی یاسایی ئەنجوومەنی نیشتیمانی لە پەرلەمانی فەڕەنسایان کرد و کۆبوونەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، کۆبوونەوەیەک لە هۆڵی فەرمی کۆبوونەوەکانی لێژنەی یاسایی ئەنجوومەنی نیشتیمانی پەرلەمانی فەڕەنسا بەڕێوەچوو،  باس لە کاری پەرلەمانی و هەنگاوەکانی یاسادانان و شێوازی جێبەجێکردنیان کرا، و جەخت لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوانیان کرایەوە، هاوکات سەرۆکی لێژنەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان، بەناوی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان سوپاسی پەرلەمان و حکوومەت و گەلی فەڕەنسای کرد، بۆ سەرجەم ئەو هەڵوێستە جوانانەی کە هەمیشە لە ڕۆژە سەختەکاندا بەرامبەر بە حکوومەت و خەڵکی هەرێمی کوردستان نواندوویانە، لەپێشخستنی دیموکراسییەتی هەرێمی کوردستان و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە ناوچەکەدا.

ڕاشیدەگەیەنێت، هەر لەکۆبوونەوەکەدا، لێژنەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان جەختی لە دبلۆماسییەتی پەرلەمانی کوردستان کردەوە، بۆ ئەم مەبەستەش لەلایەن لێژنەی یاسایی ئەنجوومەنی نیشتیمانی لە پەرلەمانی فەڕەنسا پێشوازی لەو پێشنیازە کراو بڕیارە لەگەڵ جێگری سەرۆکی پەرلەمانی فەڕەنسا بۆ کاروباری پەیوەندییە نێوەدەوڵەتییەکان تاوتوێی بکەن.

پەرلەمانی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، لێژنەی یاسایی ئەنجوومەنی نیشتیمانی لە پەرلەمانی فەڕەنسا ئامادەیی خۆیان نیشاندا بۆ هاوکاری و پشتیوانی پەرلەمانی کوردستان بۆ هەر پرسێکی تایبەت بەپێشخستنی کاری یاسایی، بۆ ئەم مەبەستەش بەڵێنیاندا لە کاتی پێویستدا تیمی ڕاوێژکاری تایبەت بۆ پەرلەمانی کوردستان ئامادەبکەن.

شایانی باسە، لەماوەی سەردانەکەیاندا بۆ پاریس بڕیارە  چەندین دیدار و  کۆبوونەوەی تر لەگەڵ لێژنە و ئەندامان و ڕاوێژکارانی ئەنجوومەنی نیشتیمانی لە پەرلەمانی فەڕەنسا ئەنجامبدەن و کار بۆ هەماهەنگی و لێکنزیک بوونەوەی زیاتر بکەن.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.