Erbil 18°C ھەینی 10 کانوونی دووەم 17:47

مه‌سرور بارزانی: خوێندن بنه‌مای پێشخستنی وڵاته‌که‌مانه‌

کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ سێشەممە، لە ژێر چاودێری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان زەنگی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن لە قوتابخانەی "شەهیدی ئاڵا ئیبراهیم ناسڕ" لە شارۆچکەی شەقڵاوەی سەر بە پارێزگای هەولێر لێدرا.

مەسڕور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێوڕەسمەکەدا گوتارێکی پێشکەش کرد و لە دەستپێکی قسەکانیدا سوپاسی ڕۆڵی مامۆستایانی کرد کە سەڕەرای ئەو دۆخە نالەبارەی تەندروستی و ئابوورییە هەموو هەوڵێکیاندا بۆ ئەوەی پڕۆسەی خوێندن نەوەستێت، هاوکات سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردە و هەموو ستافی کەرتی پەروەردە کرد.

مەسڕور بارزانی ڕایگەیاند، هەوڵێکی زۆردرا بۆ ئەوەی بەشێوەی ئەلیکترۆنی خوێندن بەردەوام بێت کە ئەوەش سیمایەکی زۆر پێشکەوتوو بوو بە بەراوردکردن بە سیستەمەکانی ناوچەکەش.

مەسڕور بارزانی لە گوتارەکەیدا گوتیشی، هەوڵی زۆرمانداوە بۆ ئەوەی گرنگیێکی زۆر بە کەرتی پەروەردە بدەین بەڵام بەهۆی ئەو کێشە و گرفتانەی ڕووبەڕووی هەرێم بوونەوە وەکوو پێویست نەتوانراوە ئەوەی لە بەرنامە و پلانی ئێمە بووە جێبەجێی بکەین، ڕاشیگەیاند، قوتابیان داهاتووی گەلەکەمانن، بە پەروەردەیەکی باش دەتوانن لە داهاتوودا ڕووبەڕووی هەموو ئەو تەحەدییانە ببنەوە کە ڕووبەڕووی هەرێمی کوردستان دەبنەوە.

هەر لە گوتارەکەیدا سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوایەکی ئاراستەی نوێنه‌رانی داهاتووی هه‌رێمی كوردستان له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق کرد و گوتی، "بۆ ئه‌وه‌ی داكۆكی له‌ هه‌موو داخوازی و ئه‌و شتانه‌ بکەن كه‌ كوردستان پێویستی پێیه‌تی، ده‌بێت مافه‌كانی هه‌رێمی كوردستان پارێزراو بن، گرنگییه‌كی زۆر به‌ كه‌رتی په‌روه‌رده‌ بده‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن له‌ ئاستی فیدرالیش ئه‌و هاوكاری و پشتیوانییه‌ی پێویسته‌ دابینی بکەن."

مەسڕور بارزانی لە کۆتایی گوتارەکەشیدا بە خێرهاتنی بنەماڵەی شەهیدی ئاڵا "ئیبراهیم ناسڕ"ـی کرد، زەنگی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندنی لەو قوتابخانەیە وەک نیشاندانی وەفا و ڕێزێک بەرامبەر ئەو شەهیدە گەڕاندەوە کە لەلایەن سەرۆک بارزانییەوە وەک شەهیدی ئاڵا ناوبراوە.

 

دەقی وتاری مەسرور بارزانی:

به‌ناوی خوای گه‌وره‌ و میهره‌بان

مامۆستایانی به‌ڕێز قوتابیانی خۆشه‌ویست، پیرۆزبایی ساڵێكی نوێی خوێندن له‌ ئێوه‌ی خۆشه‌ویست ده‌كه‌م، زۆر خۆشحاڵم جارێكی دیكه‌ هۆڵه‌كانی خوێندن به‌ رووی قوتابیاندا كراونه‌ته‌وه‌، به‌داخه‌وه‌ له‌ ماوه‌ی رابردوو به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا، پرۆسه‌ی خوێندن نه‌یتوانی به‌شێوه‌یه‌كی ئاسایی به‌رده‌وام بێت، به‌ڵام نه‌شوه‌ستا، لێره‌وه‌ جێیی خۆیه‌تی من سوپاسێكی بێ پایانی مامۆستایانی خۆسشه‌ویست بكه‌م، كه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌و دۆخه‌ ناله‌بارەی ته‌ندروستی و ئابووری، به‌ڵام هه‌موو هه‌وڵێكیاندا بۆ ئه‌وه‌ی پرۆسه‌ی خوێندن به‌رده‌وام بێت، ته‌حه‌مولێكی زۆریان كرد، سوپاسێكی زۆری به‌ڕێز وه‌زیری په‌روه‌رده‌ و هه‌موو ستافی كه‌رتی په‌روه‌رده‌ ده‌كەم‌، كه‌ هه‌وڵی پێوچانیاندا، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ شێوازی جیاواز پرۆسه‌ی خوێندن به‌رده‌وام بێت.

هه‌روه‌ك ده‌زانن هه‌وڵێكی زۆریاندا بۆ ئه‌وه‌ی به‌شێوه‌ی ئه‌لیكترۆنی خوێندن به‌رده‌وام بێت، كه‌ ئه‌وه‌ش سیمایه‌كی زۆر پێشكه‌وتوو بوو به‌ به‌راوردكردن به‌ سیسته‌مه‌كانی ناوچه‌كه‌ش، توانیان (ئی وانه‌) دروست بكه‌ن كه‌ ئه‌مه‌ش وایكرد قوتابیان بتوانن به‌ شێوه‌یه‌كی ئه‌لیكترۆنی به‌رده‌وامی به‌ خوێندنی خۆیان بده‌ن.

راسته‌ ئه‌م دۆخه‌ سه‌خته‌ی به‌سه‌رماندا تێپه‌ڕی، كێشه‌ و گیروگرفتی زۆری هێنایه‌ ئاراوه‌، به‌ڵام خۆشحاڵم كه‌ ده‌بینین جارێكی دیكه‌ قوتابخانه‌كان ده‌كرێنه‌وه‌، قوتابییه‌ خۆشه‌ویسته‌كانمان ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ هۆڵی خوێندن، ئێمه‌ هه‌وڵێكی زۆرمانداوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی گرنگییه‌كی زۆر به‌ كه‌رتی په‌روه‌رده‌ بده‌ین، به‌داخه‌وه‌ له‌به‌ر ئه‌م هه‌موو كێشه‌ و گرفتانه‌ی رووبه‌ڕووی هه‌رێم بوونه‌وه‌، چ له‌ رووی ئابوورییه‌وه‌ چ له‌ رووی ته‌ندروستییه‌وه‌، وه‌كو پێویست نه‌مانتوانیوه‌ ئه‌وه‌ی له‌ به‌رنامه‌ی ئێمه‌دا بووه‌ جێبه‌جێ بكه‌ین، به‌ڵام هیوادارم بتوانین له‌ قۆناغه‌كانی داهاتوودا گرنگییه‌كی زیاتر به‌ په‌روه‌رده‌ بده‌ین، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش ئێمه‌ درێغیمان نه‌كردووه‌ له‌وه‌ی كه‌ بۆ ته‌رخانكردنی بڕه‌ پاره‌ی پێویست له‌ نۆژه‌ندكردنه‌وه‌ی قوتابخانه‌كان یان دابیكردنی كه‌ره‌سته‌ی خوێندن بۆ قوتابییه‌كان له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ به‌رده‌وام له‌سه‌ر خه‌ت بووین.

ئێمه‌ توانیومانه‌ شتێكی وا بكه‌ین هیچ نه‌بێت ئه‌و قوتابیانه‌ی له‌ خوێندن دابڕاون، زیاتر له‌ 13 هه‌زار قوتابی بگه‌ڕێنینه‌وه‌ بۆ خوێندن، هیوامان وایه‌ هیچ قوتابییه‌ك دانه‌بڕێت هه‌موویان بتوانن فرسه‌تی ئه‌وه‌یان هه‌بێت درێژه‌ به‌ خوێندنی خۆیان بده‌ن، له‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی قوتابخانه‌كان، چه‌ندین قوتابخانه‌ نۆژه‌كراونه‌ته‌وه‌ و هەندێکی نوێش دروستکراون.

له‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی كوردستان،‌ ئێمە وه‌كو پێشمه‌رج داوامان كردووه‌ هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی نیشته‌جێبوون كه‌ دروست ده‌كرێت، پێویسته‌ قوتابخانه‌یه‌كی نوێشی له‌گه‌ڵ دروست بكرێت، ئومێدمان وایه‌ بتوانین قوتابخانه‌ له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی پێشكه‌وتوو دروست بكه‌ین.

په‌روه‌رده‌ سیمای ئایینده‌ی وڵاته‌كه‌مان ده‌ستنیشان ده‌كات، ئێمه‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌ ده‌ده‌ین بۆ ئه‌وه‌ی قوتابییه‌ خۆشه‌ویسته‌كانی ئێمه‌ به‌ باشترین شێوه‌ په‌روه‌رده‌ بكرێن، بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ له‌ داهاتوودا نه‌وه‌یه‌كی ته‌ندروست و نیشتماندۆست و ژینگه‌دۆستمان هه‌بێت، ئێوه‌ی خۆشه‌ویست ئایینده‌ی‌ گه‌له‌كه‌مانن، ئێوه‌ به‌ په‌روه‌رده‌ و زانستی چاك، به‌ خۆشه‌ویستی بۆ وڵات، به‌ خۆشه‌ویستی بۆ یه‌كتر ده‌توانن وڵاتێكی به‌هێزتر و ئاوه‌دانترمان بۆ بنیات بنێن، ده‌توانن رووبه‌ڕووی گه‌نده‌ڵی ببنه‌وه‌، ده‌توانن رووبه‌ڕووی هه‌موو ئاسته‌نگێك ببنه‌وه‌ كه‌ دێنه‌ به‌رده‌م وڵاته‌كه‌مان.

به‌ڕێزان خۆشه‌ویستان.. هیوادارم گرنگییه‌كی زۆر به‌ خوێندن بده‌ن، چونكه‌ خوێندن بنه‌مای پێشخستنی وڵاته‌كه‌مانه‌، من جارێكی دیكه‌ش ده‌ڵێم سوپاسی مامۆستا به‌ڕێزه‌كان ده‌كه‌م، ته‌حه‌مولێكی یه‌كجار زۆریان هه‌بوو، رێز و پێزانینم هه‌یه‌ بۆ هه‌موو مامۆستایان له‌ سه‌رتاسه‌ری كوردستان، هیوادارم به‌رده‌وام بن له‌وه‌ی كه‌ ئه‌مساڵ به‌ شێوه‌یه‌كی ئاسایی خوێندن به‌رده‌وام بێت، به‌ڵام لێره‌شدا پێویسته‌ هه‌مووتان پابه‌ندی رێنماییه‌ ته‌ندروستییه‌كان بن، خۆتان بپارێزن، داوا له‌ مامۆستایان ده‌كه‌م ڤاكسین وه‌ربگرن، بۆ پاراستنی خۆیان و پاراستنی منداڵە خۆشه‌ویسته‌كانمان. داوایه‌كیشم له‌ نوێنه‌رانی داهاتووی هه‌رێمی كوردستان له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق هه‌یه‌، بۆ ئه‌وه‌ی داكۆكی له‌ هه‌موو داخوازی و ئه‌و شتانه‌ بکەن كه‌ كوردستان پێویستی پێیه‌تی، ده‌بێت مافه‌كانی هه‌رێمی كوردستان پارێزراو بن، گرنگییه‌كی زۆر به‌ كه‌رتی په‌روه‌رده‌ بده‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن له‌ ئاستی فیدرالیش ئه‌و هاوكاری و پشتیوانییه‌ی پێویسته‌ دابین بكه‌ن.

لێره‌دا من جارێكی دیكه‌ من سوپاسی خۆڕاگری ئێوه‌ ده‌كه‌م، سوپاسی خۆڕاگری مامۆستایان ده‌كه‌م، هیوادارم قوتابیان هه‌موو سه‌ركه‌وتووبن، ساڵێكی خۆشتان له‌ پێش بێت، هه‌مووتان له‌ وانه‌كانی خۆتان ئینشاڵڵا سه‌رده‌كه‌ون، ده‌ستخۆشیتان لێ ده‌كه‌م.

من لێره‌دا داوا له‌ ئێوه‌ی به‌ڕێز ده‌كه‌م، به‌ یه‌كه‌وه‌ به‌خێرهاتنی بنه‌ماڵه‌ی شه‌هیدی ئاڵا كاك ئیبراهیم ناسر بكه‌ین، كه‌ لێره‌ وه‌ستاوین، هاتنی ئێمه‌ بۆ ئه‌و قوتابخانه‌یه‌ وه‌فایه‌ك و رێز و پێزانین بووه‌ بۆ ئه‌و شه‌هیده‌ سه‌ربه‌رزه‌، كه‌ له‌لایەن جه‌نابی سه‌رۆك بارزانییه‌وه‌ وه‌كو شه‌هیدی ئاڵا پێناسه‌ كرا، بۆیه‌ من داوا ده‌كه‌م، هه‌ردوو ئازیزی خۆشه‌ویست، ئێواره‌ خان و كاكه‌ ئاوێر به‌ یه‌كه‌وه‌ له‌گه‌ڵم به‌شداربن له‌ لێدانی زه‌نگی ئه‌مساڵی خوێندن.

سوپاستان ده‌كه‌م

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.