Erbil 30°C یەکشەممە 29 ئەیلوول 10:24

مه‌سرور بارزانی: شۆڕشی مه‌زنی ئه‌یلوول چەندین دەستکەوتی نەتەوەیی و نیشتمانیی بەدەستهێنا

پارتی دیموکراتی کوردستان بەردەوامە لە ڕۆڵی پێشەنگانەی خۆی لە ڕێبەرایەتیکردنی گەلی کوردستان
کوردستان TV
100%

مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ شه‌سته‌مین ساڵیادی شۆڕشی مه‌زنی ئه‌یلوولدا په‌یامێكی بڵاوككرده‌وه‌ و تیایدا ڕایگه‌یاند: یادکردنەوەی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول، یادكردنەوەی مێژووی بەرگری و تێکۆشان و قوربانیدان و داکۆکیکردنی گەلی کوردستانە لە بوون و ناسنامەی نەتەوەیی و مافە ڕەواکانی.

هه‌روه‌ها ڕاشیگه‌یاندووه‌: ئەمڕۆ لە کاتێکدا یادی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول دەکەینەوە، پارتی دیموکراتی کوردستان، بەردەوامە لە ڕۆڵی پێشەنگانەی خۆی لە ڕێبەرایەتیکردنی گەلی کوردستان و پارێزگاریکردن لە دەستکەوت و مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان. پارتی دەیان ساڵە، هەمیشە چاوگەی هیوا و پارێزەری ڕاستەقینەی دەستکەوت و مافەکانی خەڵکی کوردستانە و فاکتەرێکی بەهێزی دڵنیایی و ئارامی و ئاوەدانییە.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی مه‌سرور بارزانی:

ئەمڕۆ لە شەستەمین ساڵیادی هەڵگیرسانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بەڕێبەرایەتیی بارزانیی نەمر، بەڕێز و پێزانینەوە یادی هەموو ئەو پێشمەرگە قارەمان و تێکۆشەرانەی کوردستان دەکەینەوە، کە لە پێکهاتە جیاوازەکانی گەلی کوردستانەوە، بەشداربوون لەو شۆڕشە سەرتاسەریەی کوردستان، کە چەندین دەستکەوتی نەتەوەیی و نیشتمانیی بەدەستهێنا.

یادکردنەوەی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول، یادكردنەوەی مێژووی بەرگری و تێکۆشان و قوربانیدان و داکۆکیکردنی گەلی کوردستانە لە بوون و ناسنامەی نەتەوەیی و مافە ڕەواکانی. هەرچەندە گەلی کوردستان، هەمیشە لە گەڵ ڕێگەچارەی ئاشتییانە و گفتوگۆ بووە بۆ بەدەستهێنانی مافە نەتەوەییەکانی، بەڵام بە ئیرادەیەکی بەهێزیشەوە، بەرگری لە مافەکانی کردووە، کە سەرەنجام بەهۆی خۆڕاگری خەڵکی کوردستانەوە، یەکێک لە دەستکەوتە گرنگەکانی شۆڕشی ئەیلوول، ڕێککەوتننامەی مێژوویی یازدەی ئادار بوو، کە ڕژێمی بەعس ناچاربوو دان بە هەندێک لە مافە نەتەوەییەکانی گەلی کوردستاندا بنێت.

ئەمڕۆ لە کاتێکدا یادی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول دەکەینەوە، پارتی دیموکراتی کوردستان، بەردەوامە لە ڕۆڵی پێشەنگانەی خۆی لە ڕێبەرایەتیکردنی گەلی کوردستان و پارێزگاریکردن لە دەستکەوت و مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان. پارتی دەیان ساڵە، هەمیشە چاوگەی هیوا و پارێزەری ڕاستەقینەی دەستکەوت و مافەکانی خەڵکی کوردستانە و فاکتەرێکی بەهێزی دڵنیایی و ئارامی و ئاوەدانییە.

بۆیە لە سەروەختی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق، دڵنیاین خەڵکی کوردستان متمانەی بەهێزی خۆیان بە پارتی و پەیامە نەتەوەیی و نیشتمانییەکەی دووپات دەکەنەوە، تا درێژە بە کاروانی ڕابەرایەتیکردنی گەلی کوردستان بدات، لە پێناو بەدەستهێنانی دەستکەوتی زیاتر و ئایندەیەکی گەش و کوردستانێکی بەهێزدا.

سڵاو و دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدانی شۆڕشی ئەیلوول و سەرجەم شەهیدانی کوردستان.

مەسرور بارزانی

11ی ئەیلوولی 2021

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.