بریكاری وهزارهتی پلاندانان ڕایگهیاند، ئهمڕۆ پێنجشهم لە شاری هەولێر بەشداربووین لە مەڕاسیمی دەستپێکردنی سێ پرۆژەی گرینگ لە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆك.
ڕاشیگهیاند: پڕۆژهكه به پشتگیری دارایی یەکێتی ئەوروپا بە گوژمەی 6 ملیۆن دۆلار و پاڵپشتی تەکنیکیی ڕێکخراوی (UNDP) جێبەجێ دەکرێن.
زاگرۆس فهتاح بریكاری وهزارهتی پلاندانان ڕایگهیاند: پڕۆژهكان لە بواری کارەبان و بە شێوازی نوێ جێبەجێ دەکرێن و ژینگە دۆستن و سوود لە وزەی خۆر وەردەگیرێت، هاوکات ئەم هەنگاوە کردنەوەی دەرگایەکی نوێ دەبێت بۆ دەرفەتی کاری نوێ و کەمکردنەوەی بارگرانیشە لەسەر ئەو شێوازەی کە ئێستا لە بەرهەمهێنانی کارەبادا بەکار دەهێنرێ.
بریكاری وهزارهتی پلاندانان پڕۆژەکانی ڕگهیاند كه بریتین لە دابینکردنی کارەبا لە ڕێگەی وزەی خۆرەوە بهمشێوهی خوارهوه:
- دروستکردنی وێستگەیەکی ووزەی خۆر (سۆلار پەنێڵ) بۆ دابینکردنی کارەبا بۆ زانکۆی دهۆك.
- دابینکردن و دامەزراندنی پەمپی ئاو کە بە وزەی خۆر کار دەکات بۆ (45) ناوچە لە (5) گوندی شاری هەولێر.
- گۆڕینی گڵۆپە ئاساییەکانی سێ ناوچەی شاری سلێمانی بۆ گڵۆپی (LED) بۆ ئەم مەبەستە (2,455) گڵۆپی (LED) و (1,412) ڕووناكی تازە دادەنرێن.
زاگرۆس فهتاح بریكاری وهزارهتی پلاندانان ههروهها ڕایگهیاند: ئامانج لەم پڕۆژانە دابینکردنی ژینگەیەکی خاوێنە بە کەمترین (CO2) و بەرهەمهێنانی کارەبا لە ڕێگەی وزەی خۆرەوە و هەروەها یارمەتی جوتیاران دەدات تا بە شێوەیەکی کاریگەرتر و تێچوویەکی کەم ئاو دابین بکەن بۆ پڕۆژە کشتوکاڵیەکانیان و کەمکردنەوەی لۆد لەسەر کارەبای نیشتیمانی.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.