Erbil 21°C یەکشەممە 24 تشرینی دووەم 13:37

ڕکابه‌رییه‌کانی پاڵه‌وانێتی تێنسی ئه‌مه‌ریکا له‌ هه‌ردوو ئاستی خانمان و پیاوان گه‌یشته‌ قۆناغی چاره‌گی کۆتایی

کوردستان TV
100%


                                               
له‌ ڕكابه‌ریيه‌كانی قۆناغی چواره‌می پاڵه‌وانێتی نێوده‌وڵه‌تی كراوه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ یاری تێنسی سه‌رزه‌وی له‌ ئاستی خانمان كه‌ دوایین پاڵه‌وانێتی ئه‌م وه‌رزه‌ی گراندسلامه، ئارینا سابالێنكای بیلاڕوسی و پۆلێنكراوی دووه‌می ڕیزبه‌ندی كچه‌ تێنسزانانی جیهان به‌ دوو كۆمه‌ڵه‌ی بێ به‌رامبه‌ر له‌ ئێلیسی مێرتێنزی به‌لجیكی و پۆلێنكراوی شازده‌می ڕیزبه‌ندی جیهانی برده‌وه‌و گه‌یشته‌ قۆناغی چاره‌گی كۆتایی، ئه‌نجامی كۆمه‌ڵه‌كانی یاریه‌كه‌ش شه‌ش چوار، شه‌ش یه‌ك بوو.
 له‌ قۆناغی هه‌شتدا، سابالێنكا ڕووبه‌ڕووی باربۆرا كرێچیكۆڤای چیكی و پۆلێنكراوی نۆیه‌می ڕیزبه‌ندی جیهان ده‌بێته‌وه، له‌ یاریه‌كی دیكه‌ی قۆناغی چواره‌می هه‌مان پاڵه‌وانێتی، كچه‌ یاریزانی لاوی كه‌نه‌دی، له‌یلا فێرناندیز هاوكات له‌گه‌ڵ ئاهه‌نگی نۆزده‌مین ساڵیادی له‌دایك بوونی، به‌ دوو كۆمه‌ڵه‌ به‌رامبه‌ر به‌ كۆمه‌ڵه‌یه‌ك سه‌ركه‌وتنی له‌به‌رامبه‌ر ئه‌نجێلیك كێربێری ئه‌ڵمانی و پۆلێنكراوی حه‌ڤده‌می ڕیزبه‌ندی جیهان تۆماركردو خۆی گه‌یانده‌ قۆناغی چاره‌گی كۆتایی، ئه‌نجامی كۆمه‌ڵه‌كانی ئه‌م یاریه‌ش چوار شه‌ش، حه‌وت شه‌ش، شه‌ش دوو بوو.
 له‌ قۆناغی داهاتوودا، له‌یلا فێرناندیز یاری له‌گه‌ڵ ئێلینا سڤیتۆلینای ئۆكراینی و پۆلێنكراوی پێنجه‌می ڕیزبه‌ندی جیهان ده‌كات 
 
                                                       
هه‌ر له‌ پاڵه‌وانێتی كراوه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ یاری تێنسی سه‌رزه‌وی و له‌ ڕكابه‌ریه‌كانی قۆناغی چواره‌می ئاستی پیاواندا، ئه‌لیكسانده‌ر زڤیرێڤی ئه‌ڵمانی و پۆلێنكراوی چواره‌می ڕیزبه‌ندی تێنسزانانی جیهان به‌ سێ كۆمه‌ڵه‌ی بێ به‌رامبه‌ر له‌ یانیك سینێری ئیتاڵی و پۆلێنكراوی شازده‌می ڕیزبه‌ندی جیهانی برده‌وه‌و گه‌یشته‌ قۆناغی چاره‌گی كۆتایی، ئه‌نجامی كۆمه‌ڵه‌كانی یاریه‌كه‌ش شه‌ش چوار، شه‌ش چوار، حه‌وت شه‌ش بوو.
 به‌م ئه‌نجامه‌ش زڤیرێڤ پازده‌مین سه‌ركه‌وتنی له‌سه‌ریه‌كی له‌ یاریگاكانی تێنسی سه‌رزه‌وی تۆماركردو له‌ قۆناغی هه‌شتیش ڕووبه‌ڕووی لۆید هاریسی باشووری ئه‌فریقی و پۆلێنكراوی چلوشه‌شه‌می ڕیزبه‌ندی جیهان ده‌بێته‌وه‌ كه‌ ئه‌ویش لای خۆیه‌وه‌و له‌ قۆناغی چواره‌مدا، به‌ سێ كۆمه‌ڵه‌ به‌رامبه‌ر به‌ كۆمه‌ڵه‌یه‌ك سه‌ركه‌وتنی له‌به‌رامبه‌ر ڕایلی ئۆپێلكای ئه‌مه‌ریكی و پۆلێنكراوی بیستوچواره‌می ڕیزبه‌ندی جیهان تۆماركردو بلیتێكی قۆناغی هه‌شتی به‌ده‌ستهێنا، ئه‌نجامی كۆمه‌ڵه‌كانی ئه‌م یاریه‌ش شه‌ش حه‌وت، شه‌ش چوار، شه‌ش یه‌ك، شه‌ش سێ بوو.
 

تێنس

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.