Erbil 5°C یەکشەممە 05 کانوونی دووەم 03:46

ئه‌مڕۆ شاندێکی باڵای یه‌کێتی ئه‌وروپا له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای هه‌رێم کۆده‌بنه‌وه‌

یه‌كێتی ئه‌وروپا به‌گرنگییه‌وه‌ ده‌روانێته‌ هه‌رێمی كوردستان
کوردستان TV
100%


شاندێكی باڵای یه‌كێتی ئه‌وروپا سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن و له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای هه‌رێم كۆده‌بنه‌وه‌.

د. دلاوه‌ر خالید ئاژگه‌ی نوێنه‌ری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان  له‌ یه‌كێتی ئه‌وروپا  له‌ لێدوانێكی تایبه‌ت به‌ ماڵپه‌ری كورستان تیڤی راگه‌یاند:  ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 7 ى 9 ى 2021 ، شاندێکی باڵای یەکێتی ئەوروپا بە سەرۆکایەتی جۆزێف بۆرێل بەرپرسی سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی یەکێتی ئەوروپا سەردانی هەولێر دەکات و لە گەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.

 راشیده‌گه‌ێنێت: جۆزێف كه‌ به‌رپرسی سیاسیه‌تی ده‌ره‌وه‌ و ئاسایشی یه‌كێتییه‌كه‌ كه‌ ئه‌م پۆسته‌ش باڵاترین پۆستی یه‌كێتی ئه‌وروپایه‌ ، كه‌ نوێنه‌رایه‌تی هه‌ر 27 ئه‌ندام له‌یه‌كێتی ئه‌وروپا ده‌كات، سه‌ردانه‌كه‌شی بۆ عێراق و هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت .

د. دلاوه‌ر خالید ئاژگه‌یی گوتیشی یه‌كێتی ئه‌وروپا  به‌گرنگی ده‌روانێته‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان  ، بێگومان ئه‌و سه‌ردانه‌ش له‌ چوار چێوه‌ی پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوولا دێت ،  له‌شه‌ڕی داعشیش یه‌كێتی ئه‌وروپا و وڵاتانی ئه‌ندام له‌یه‌كێتییه‌كه‌ هاوكاری هه‌رێم بوون له‌رووی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی و دابینكردنی فڕۆكه‌ و ناردنی راوێژكاری سه‌ربازی بۆ هه‌رێم.

سه‌باره‌ت به‌گرنگی سه‌ردانی ئه‌و شانده‌ باڵایه‌ی یه‌كێتی ئه‌وروپا بۆ هه‌رێمی كوردستان، د.دلاوه‌ر خالید ئاژگه‌یی نوێنه‌ری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌یه‌كێتی ئه‌وروپا رایگه‌یاند:  عێراق هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی له‌پێشه‌و بریاره‌ له‌ 10 ى ئۆكتۆبه‌ر ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ به‌رێوه‌بچێت،  و ئه‌و رووداوانه‌ی له‌ناوچه‌كه‌ش رووده‌ده‌ن و ئه‌و سه‌ردانانه‌ی كه‌به‌رپرسانی وڵاتانی ئه‌وروپا بۆ هه‌رێم ئه‌نجامی ده‌ده‌ن ، ئاماژه‌یه‌ بۆ ڕۆڵی گرنگی هه‌رێمی كوردستان وه‌كو ناوه‌ندێكی گرنگی ئه‌منی و  سیاسی له‌ ناوچه‌كه‌ ، بۆیه‌ هه‌ر بریار و پێشهاتێك له‌ناوچه‌كه‌ ببێت بێ دانوستاندن له‌گه‌ڵ  به‌رپرسانی باڵای هه‌رێمی كوردستان سه‌ركه‌وتوو نابێت. 

راشیگه‌یاند: ئه‌و سه‌ردانه‌ ده‌بێته‌ پاڵپشتییه‌كی گرنگی یه‌كێتی ئه‌وروپا بۆ هه‌رێمی كوردستان ، هه‌رێمی كوردستانیش له‌ ئێستادا له‌ ئاستێكی زۆر  به‌رزو نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌  دانوستاندنی له‌گه‌ڵ ده‌كرێت ، ئه‌ممه‌ش پاڵپشتییه‌كی دیبلۆماسی و سیاسییه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان. 


ئاماده‌كردنی هه‌واڵ - شوان عه‌زیز

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.