Erbil 12°C یەکشەممە 22 کانونی یەکەم 16:22

ئه‌ندامێکی ئه‌نجوومه‌ن: به‌رێوه‌چوونى لووتکەی بەغدا رەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر ئابووری و ئاسایش دەبێت

کوردستان TV
100%

 عامر فایز ، ئەندامی لیژنەی کاروباری دەرەوە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند:  لووتکەی بەغدا بۆ ھاوکاری و شەراکەت کە لە کۆتایی ئەم مانگە لە بەغدا دەبەسترێت، رەنگدانەوەی ئەرێنیی لەسەر ئابووری و ئاسایشی عێراق دەبێت.


عامر فایز لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوەداوە کە لەئێستادا، عێراق رۆڵی نیوەندگیریی دەگێرێت بۆ نزیککردنەوەی ئەو وڵاتانەی کە لەگەڵ یەکتر ناکۆکن و گوتی: عێراق توانیویەتی سعوودیە و ئێران لەیەکتر نزیک بکاتەوە.


راشیگەیاندووە کە لووتکەی بەغدا بۆ ھاوکاری و شەراکەت کە لە کۆتایی ئەم مانگە لە بەغدا دەبەسترێت، رەنگدانەوەی ئەرێنیی لەسەر ئابووری و ئاسایشی عێراق دەبێت و گوتی: سەرکەوتنی لووتکەکە، عێراق و وڵاتانی ناوچەکە لە بواری ئابووری و سیاسیی لێی سوودمەند دەبن.
ئەندامی لیژنەی کاروباری دەرەوە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، عامر فایز گوتیشی: ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەو وڵاتانەی کە لەگەڵ یەکتردا ناکۆکن، رەنگدانەوەی ئەرێنیی لەسەر رەوشی سیاسیی، ئاسایش و ئابووری عێراق دەبێت، چونکە سەقامگیری سیاسیی، بنەمای سەقامگیری ئابووری و کۆمەڵایەتییە.


چاوەڕان دەکرێت لە کۆتایی ئەم مانگەدا، کۆبوونەوەی لووتکەی سەرکردەکانی وڵاتانی دراوسێی عێراق لە بەغدا ببەسترێت کە ژمارەیەک لە سەرکردەی وڵاتانی ناوچەکە و ئەورووپا بانگھێشتی لووتکەکە کراون لەنێویاندا سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان.
پێشتر گوتەبێژی حکوومەتی عێراق، حەسەن نازم ئاشکرای کردبوو کە کۆبوونەوەی لووتکەی سەرکردەکانی وڵاتانی دراوسێی عێراق، تایبەت دەبێت بە تاوتوێکردنی پرسی ئاسایش لە عێراق و ناوچەکە، ھەروەھا بنیاتنانی ھاوبەشی ئابووریی. 

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.