وەزارەتی تەندروستیی و ژینگەی عێراق بڵاویكردهوه، وەرگرتنی دۆزی یەکەم و دووەمی ڤاکسین، بەڕێژەی 95 لەسەدا، تووشبوون بە کۆرۆنا کەم دەکاتەوە و جەختیشی لهوە کردهوه رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو کەسانەی کە ھانی ھاووڵاتییان دەدەن ڤاکسین وەرنەگرن، دەگرێتە بەر.
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی و ژینگەی عێراق، سەیف بەدر لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوەداوە، ئەو پرۆتۆکۆڵهی کە ئێستا پشتی پێ دەبەسترێت، ئەوەیە كه لە سەرجەم وڵاتانی جیھان، ھاووڵاتییان تەنھا دۆزی یەکەم و دووەمی ڤاکسین وەردەگرن و گوتی: "لە ھەموو بەڵگە زانستییەکاندا جەخت کراوەتە لەسەر ئەوەی کە وەگرتنی دۆزی یەکەم و دووەمی ڤاکسین، تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بەڕێژەی 95 لەسەدا کەم دەکاتەوە."
سەیف بەدر باسی لەوەشکردووە کە لەئێستادا، عێراق بەرەوڕووی شەپۆلی سێیەمی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووەتەوە و گوتی: "ھەر کەس و لایەنێک ئەگەر زیانی بە تەندروستیی گشتی کۆمەڵگا بگەیەنن و ھانی ھاووڵاتییان بدەن لەوەی ڤاکسینی کۆرۆنا وەرنەگرن، ئەوا رێکاری یاسایی لەبەرامبەریان دەگرینە بەر".
ئەمەیش لە کاتێکدایە تا ئێستا یەک ملیۆن و 696 ھەزار و 390 کەس لە عێراق تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و لەو ژمارەیەش 19ھەزار و 87 کەس گیانیان لەدەستداوە و یەک ملیۆن و 510 ھەزار و 888 کەسیش چاکبوونەتەوە.
تا ئێستا، دوو ملیۆن و 102ھەزار و 550 کەس لە عێراق، دۆزی یەکەم و دووەمی ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرگرتووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.