Erbil 22°C شەممە 21 ئەیلوول 00:34

جێگری سەرۆکی هەرێم پرۆسەی چاکسازیی هێزی پێشمەرگە تاوتوێ دەکات

کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ پێنجشەممە 5/8/2021 شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ فەرماندەی هێزەکانی یەکەی (٧٠) و بەرپرسی لیوا و میحوەرەکانی یەک و دوو و سێ و چوار و بەرپرسی هێزی پشتیوانيی دوو، بە ئامادەبوونی هێزی هاوپەیمانان و ڕاوێژکارانيان، تاوتوێی هەنگاوەکانی پرۆسەی چاکسازی و ڕێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانی کرد.

جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان دوایین پێشهاتەکانی سەبارەت بە چاکسازی و ڕێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە لە چوارچێوەی یاسا سەربازییەکاندا بە هەنگاوێکی باش لێکدایەوە و هەموو ئەو هەنگاوانەی به‌رز نرخاند كه‌ له‌مباره‌يه‌وه‌ نراون، هەروەها سوپاسی هاوپەیمانانی کرد بۆ ڕۆڵی بەرچاو و کاریگەرییان هەوڵی بەردەواميان بۆ بە دامەزراوەییکردن و بەرەوپێشچوونی ئەم پرۆسەیە و هاریکاری و مەشق و ڕاهێنانەکانیانی بە پێشمەرگە بە شێوەیەکی ئەکادیمی بە گرنگ و پێویست زانی.

لە کۆبوونەوەکەدا جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان هيواى خواست هەنگاوەکان بۆ پێکهێنانی هێزێکی یەکگرتوو و نیشتیمانيی دوور لە هەژموونی حزب خێراتر بکرێن لەپێناو ئارامی و ئاسایش و سەقامگیريی زیاتر بۆ ناوچەکە، چونکە بەردەوام تیرۆریستانی داعش لە جموجۆڵ و خۆڕێکخستنەوەدان و بوونەتە مایەی هەڕەشە و تێکدانی ئارامی لە ناوچەکەدا.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.