Erbil 14°C دووشەممە 13 کانوونی دووەم 14:52

جێگری سوپا سالاری پێشمەرگە: بابەتی یەکەی حەفتا و ھەشتا لە سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستانە

کوردستان TV
100%


 دوای ئەوەی ھەردوو یەکەی حەفتا و ھەشتا بڕیاریاندا بچنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، جێگری سوپا سالاری پێشمەرگە ئاشکرایکرد، لە ئێستادا ئەو ھێزانە خەریکی خۆ رێکخستنەوەن بۆ ئەوەی بێنە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە و لە سەرۆکایەتی ھەرێم کار بۆ پێکھێنانی چەند فەرماندەیەک دەکرێت.

لیوا قارەمان شێخ كه‌مال جێگری سوپا سالاری پێشمه‌رگه‌ رایده‌گه‌ێنێت: لە ساڵی رابردووەوە وەزارەتی پێشمەرگە ئاگاداری ھەردوو یەکەی حەفتا و ھەشتای ھێزی پێشمەرگە کردووە لە دوو ھەنگاودا بخرێنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، ئەویش لە قۆناغی یەکەمدا ئەو ھێزانە رێکبخرێنەوە و، دواتر یەکبگرنەوە لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە، چونکە شێوەی پێکھاتەی ئەو ھێزانە وەک وەزارەتی پێشمەرگە نییە و، سەرەتا دەبێت خۆیان لەگەڵ سیستمی ھێزەکانی سەربە وەزارەت بگونجێنن، ئینجا دەست بە پرۆسەی یەکخستنەوەیان بکرێت.

جێگری سوپا سالاری پێشمەرگە ده‌شڵێت: لە ئێستادا ھەردوو یەکەی حەفتاو ھەشتا خەریکی رێکخستنەوەی ھێزەکانیانن، تا وەک لیواکانی سەر بە وەزارەت رێکبخرێن.

 لیوا قارەمان راشیده‌گه‌ێنێت: ھاتنی ئەو ھەموو لیوایەی پێشمەرگە بۆ سەر وەزارەتی پێشمەرگە، کۆنتڕۆڵکردنیان ئاسان نییە، لەبەر ئەوەش پێویستە لە کاتێکی زوودا فەرماندەییەکان درووست بکرێت، ئەو بابەتە ئێستا لە سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستانە، تا بزانین ژمارەیان چەند دەبێت و پێکھاتەیان چۆن دەبێت.

لیوا قارەمان شێخ کەمال ئاماژەی بۆ ئەوەش ده‌كات: ھێزی پشتیوانی یەک ھاتووەتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە و، فەرمانەکەی لە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران دەرچووە، ھێزی پشتیوانی دووش بڕیاری داوە بێتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە و، نووسراویان ئاڕاستەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران کراوە بۆ دەرکردنی فەرمانەکەیان.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.