ئامانج رەحیم،سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، رایگەیاند، ئەو سێ ملیار و 159 ملیۆن دۆلارەی کە زیادبووە لەسەر پابەندییە داراییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پابەندی داراییە نەک قەرز کرابێت چونکە بەپێی دەستوور ھەرێمی کوردستان دەسەڵاتی وەرگرتنی قەرزی نییە.
ئامانج رەحیم لەبارەی ئەو سێ ملیار و 159 ملیۆن دۆلارەی کە زیادبووە لەسەر پابەندییە داراییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و لە دانیشتنەکەی رۆژی دووشەممەی رابردووی پەرلەمانی کوردستان خستییەڕوو، روونکردنەوەیەکی بۆ رای گشتیی بڵاوکردەوە.
سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، لە روونکردنەوەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی لە رێکەوتی پێنجی تشرینی یەکەمی 2020دا لە بەردەم پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند کە حکوومەت 28 ملیار و 477 ملیۆن دۆلار پابەندی دارایی لە ئەستۆیە، لەپاش ئەو رێکەوتەوە، حکوومەتی ھەرێم لە حەوتی تشرینی یەکەمی 2020 بڕیاریدا بە ڕاستکردنەوەی مانگەکانی پێدانی مووچە، و بۆ ئەو مەبەستەش تەواوی مووچەی پێنج مانگی مووچەخۆران لە ساڵی 2020دا کە بڕەکەی سێ ملیار و 159ملیۆن دۆلارە وەک (مووچەی خەرجنەکراو) خرایە سەر پابەندییە داراییەکانی ھەرێم نەک بەو بڕە پارەیە قەرز کرابێت (کە ھەرێم بەپێی دەستوور ھەر دەسەڵاتی وەرگرتنی قەرزی نییە)، ئەمەش وای کرد پابەندیی دارایی حکومەت لە 28 ملیار و477 ملیۆن دۆلارەوە ببێت بە 31 ملیار و 636 ملیۆن دۆلار".
ئامانج رەحیم راشیگەیاندووە کە "ئەرکی ئێمە راگەیاندنی راستییەکانە وەک خۆی بەدروستی بەپێی ئەو داتایانەی لەلایەن وەزارەتە پەیوەندیدارەکان پێمان گەیشتووە، و ئەوەی کە لە پەرلەمان رامانگەیاند وەک ئەرکی سەرشانمانە بۆ وەڵامی پرسیاری پەرلەمانتاران، و ھەر تەفسیرێکی دیکە کە لە غیابی خۆم بۆ قسەکانمان بکرێت دوورە لە راستیەوە".
سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان لە کۆتایی روونکردنەوەکەی نووسیوویەتی: "بۆ زانیاری ھەموولایەکیش، ئەو ژمارانە رەوانەی دیوانی چاودێری دارایی کراوە و حاڵی حازر لە ژێر وردبینی وپێداچوونەوەن، و لەگەڵ تەواوبوونی پرۆسەی وردبینی ئەنجامەکەی رەوانەی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت"
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.