Erbil 12°C دووشەممە 13 کانوونی دووەم 17:43

سەرۆکی هه‌رێمی کوردستان لەگەڵ پێکهاتەکان کۆبووەوە

کوردستان TV
100%

نێچیرڤان بارزانى رایگه‌یاند: تورکمان و مەسیحییەکان بە کلدانى سریانى ئاشوورییەوە، پێکهاتەى دێرین و ڕەسەنى نەتەوەیى و ئایینیی کوردستانن. 

لە بەردەوامیى سەردان و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ پێکهاتە و لایەنە سیاسییەکاندا، ئەمڕۆ چوارشەممە 2021/6/30 نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە شاری هەولێر سەردانى هەریەک لە فراکسیۆنى چاکسازیى تورکمانى كرد، هه‌روه‌ها له‌ شارۆچكه‌ی عەنکاوەش سه‌ردانی ئه‌نجومه‌نی گه‌لی كلدانی سریانی ئاشووری و هاوپەیمانیى یەکێتیى نەتەوەیى کرد، کە لە کۆمەڵێک حزب و لایەن و ڕێکخراوى سیاسى و ڕۆشنبیرى و کۆمەڵایەتى پێکهاتوون. 

لە کۆبوونەوەکاندا کە مستەفا سەید قادر جێگرى سەرۆکی هه‌رێم ئامادەى بوو، دۆخى هەرێمى کوردستان، ئامادەیى و ڕۆڵى پێکهاتەکان لە پرۆسەى سیاسی و حکوومەت و کارگێڕى و ژیانى گشتیدا، پرۆسەى نووسینەى دەستوور بۆ هەرێمى کوردستان و پرسى ماف و تایبەتمەندیى پێکهاتە نەتەوەیى و ئایینییەکان، کێشە و داواکارییەکانیان، دۆخى پێکهاتەکان لە ناوچەکانى مادەى 140ى دەستوور بەتایبەتى لە دەشتى نەینەوا و دۆخى سیاسیى عێراق بەگشتى، تاوتوێ کران. 

پێکهاتەکان وێڕاى خستنەڕووى داواکارى و سەرنج و تێبینییەکانیان لەبارەى تەواوى پرسەکان و دەستوورەوە، خۆشحاڵییان بۆ پشتیوانیى سەرۆکی هه‌رێم نێچیرڤان بارزانى لە مافەکانیان نیشان دا و پشتگیریى خۆیان بۆ هەوڵ و هەنگاوەکانى لەپێناو تەبایى و یەکڕیزیى نێوان پێکهاتە و هێز و لایەنە سیاسییەکانى کوردستان و سەقامگیریى سیاسیدا دووپات کردەوە، هەروەها ئامادەیییان بۆ هەموو هاوکارییەک نیشان دا و جەختیان لەوە کردەوە کە دەستوورى هەرێمى کوردستان هاووڵاتیبوون بە بنەما بگرێت و ماف و تایبەتمەندیى نەتەوەیى و ئایینییان بپارێزێت. 

لاى خۆیەوە نێچیرڤان بارزانى جەختى لەوە کردەوە کە تورکمان و مەسیحییەکان بە کلدانى سریانى ئاشوورییەوە، پێکهاتەى دێرین و ڕەسەنى نەتەوەیى و ئایینیی کوردستانن و ڕۆڵێکى دیاریان لە خەباتى ئازادى و بنیاتنان و پێشخستن و پاراستنى کوردستاندا هەیە و کوردستانیبوون هەموومان کۆدەکاتەوە، هەروەها دڵنیاى کردنەوە کە ڕەچاوى تایبەتمەندیى نەتەوەیى و ئایینییان لە حومکڕانى و دەستووردا دەکرێت و بەردەوام کار دەکەن بۆ ئەوەى فرەیى و کولتوورى پێکەوەژیان، یەکترقبووڵکردن و لێبوردەیى لەنێوان تەواوى پێکهاتەکانى کوردستاندا قووڵتر بکرێتەوە.

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.