Erbil 10°C دووشەممە 13 کانوونی دووەم 08:54

وەزیری کارەبای عێراق نامەی دەست لەکارکێشانەوەی پێشکەش بە مستەفا کازمی کرد

کوردستان TV
100%

وەزیری کارەبای عێراق، ماجد حەنتوش نامەی دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەش بە سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی کرد.

ئەمەیش لە کاتێکدا کە لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، پێدانی کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتمانیی لە پارێزگاکانی عێراق، بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە.

لەمبارەیەوە گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق، ئەحمەد موسا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاندووە کە ماجد حەنتوش نامەی دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەش بە مستەفا کازمی کردووە، بێ ئەوەی زانیاری زیاتر لەوبارەیەوە بخاتەڕوو.

دوو رۆژ لەمەوبەر سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر بەھۆی خراپبوونی رەوشی کارەباوە داوای لە ماجد حەنتوش کردبوو کە دەستلەکاربکشێنێتەوە.

ھاوکات سەرچاوەیەک لە حکوومەتی عێراق بە میدیاکانی ئەو وڵاتەی رایگەیاند کە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە میانی کۆبوونەوەی ئەمڕۆ سێشەممەدا، نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەی ماجد حەنتوش تاوتوێ دەکات.

لەئێستادا عێراق، 19 ھەزار میگاوات کارەبا بەرھەم دەھێنێت لە کاتێکدا بۆ پڕکردنەوەی پێدوایستییەکانی ھاووڵاتییان، دامەزراوە حکوومییەکان و کارگەکان پێویستی بە 30 ھەزار میگاوات کارەبا ھەیە.

ساڵانێکی زۆرە، ھاووڵاتییانی عێراق دژبە بەردەوامی بڕینی کارەبا ناڕەزایەتیی دەردەبڕن بە تایبەتیش لە وەرزی ھاویندا کە زۆرجار پلەکانی گەرما دەگاتە 50 پلەی سەدی.

لە ساڵی رابردوودا، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە سەربە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاندبوو کە لە ساڵی 2005وە، 81 ملیار دۆلار بۆ کەرتی کارەبا خەرجکراوە، بێ ئەوەی رەوشی کارەبا باش بکرێت

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.