گوتەبێژی کۆشکی سپی، جێن ساکی لە میانەی کۆنگرەی رۆژنامەوانی رۆژانەیدا لە کۆشکی سپی باسی لە هیرشەکەی ئەمریکا بۆسەر میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە سەر سنووری نێوان عێراق- سووریا کرد.
ساکی، ئەوەشی ئاشکرا کرد کە جۆ بایدن بەگوێرەی بەندی دووی یاسای بەرگری لە هێزەکانی دەرەوەی وڵاتی دەستووری ئەمریکا، بڕیاری ئەنجامدانی هێرشەکەی دەرکردووە و ئامانجی هێرشەکەش کۆگای چەک و ناوەندیی بەکارهێنانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی میلیشیاکانی نزیک لە ئێران بووە.
ناوبراو، تیشکیشی خستە سەر ئەوەی کە هێرشەکە بەگوێرەی یاسای ئەمریکا و یاسا نێودەوڵەتییەکان ئەنجامدراوە و رایگەیاند: "بە بڕوای سەرۆک بایدن ئەنجامدانی ئەم هێرشانە پێویست و گونجاون. ئامانجی هێرشەکانیش سنووردارکردنی گرژییەکانی ناوچەکەیە.
ههروهها گوتی: ئێمە هەموو هەنگاوێکی پێویست بۆ پاراستنی هێزەکانی وڵاتەکەمان لە دەرەوەی وڵات و هاوپەیمانەکانمان دەگرینەبەر".
جێی وەبیرهێنانەوەیە شەوی 27 لهسهر 28- 6-2021 ئەمریکا ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانی بۆسەر میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لەسەر سنووری عێراق- سووریا ئەنجامدا و لە راگەیەندراوێکی حەشدی شەعبی-دا ئەوە خراوەتەروو کە چوار چەکدار لە هێرشەکەدا کوژراون.
لە بەرامبەریشدا یەحیا رەسوڵ، گوتەبێژی سەربازی سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی هێرشەکەی ئەمریکا-ی ئیدانە کرد و بە پێشێلکردنی سەروەریی عێراق ناوی برد.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.