بە بەشداری شا عەبدوڵای دووەم پادشای ئوردن، عەبدولفەتاح سیسی سەرۆک کۆماری میسر و مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق، سبەی یەکشەممە کارەکانی لوتکەی عێراق، ئوردن و میسر لەبەغدا دەستپێدەکات و هەرسێ وڵات لەبارەی پڕۆژەی شامی نوێ بۆ پەرەپێدانی ئابوری و یەکخستنی تواناکان گفتوگۆ دەکەن.
سەرچاوەیەک بە رۆژنامەی سهباحی راگەیاندووە، سبەی یەکشەممە کارەکانی لوتکەی عێراق، ئوردن و میسر لەبەغدا دەستپێدەکات، لەو دیدارەدا کاراکردنی رێککەوتننامهكانی پێشوو بڕیاری لەسەر دەدرێت کە لە دوو لوتکەی رابردوو لەقاهیرە و عەممان رەشنووسەکەی گەڵاڵە کراوە.
پێشوتر مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاندبوو، پڕۆژەی شامی نوێ لەسەر شێوازی هەماهەنگی وڵاتانی ئەوروپی داڕێژراوە و بەغدا و قاهیرە بەیەکەوە دەبەستێتەوە و دواتریش عەممان دێتە ناو رێککەوتنەکە.
پڕۆژەی شامی نوێ وەک پسپۆڕانی ستراتیژی باسی دەکەن، بریتییە لە کۆکردنەوەی تواناکان بۆ پەرەپێدانی ئابوری و وەبەرهێنان لەهەرسێ وڵات، بەجۆرێک عێراق بەبونی سامانێکی نەوتی زۆر پشتیوانی دارایی بۆ پڕۆژەکە دەستبەردەکات، میسریش کەخاوەن سەرمایەیەکی مرۆیی گەورەیە لەئاستی مرۆیی دەستبەری پڕۆژەکە دەکات، هەروەها ئوردن بەهۆی پێگەی جوگرافی بەشدارە لەپڕۆژەکەدا کە عێراق و میسر بەیەکەوە دەبەستێتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.