Erbil 8°C یەکشەممە 12 کانوونی دووەم 05:11

وەزیری تەندروستی: بۆ چارەسەرکردنی بەکارھێنەرانی ماددە ھۆشبەرەکان چەند سەنتەرێک دەکرێنەوە

کوردستان TV
100%

لە رۆژی جیھانی بەرەنگاربوونەوەی ماددە ھۆشبەرەکان و بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر مەترسییەکانی و رووبەڕووبوونەوەی ئەم دیاردەیە، کۆنفڕانسێک لە شاری ھەولێر بەڕێوەچوو

لە کۆنفڕانسەکەدا، وەزیری تەندروستی ھەرێمی کوردستان سامان بەرزنجی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە لە ھەرێمی کوردستان سەرباری ئەوەی کە یاسا و رێکارە پێویستەکان بوونیان ھەیە، بەڵام بەھۆی ئەوەی ھەرێمی کوردستان سنوورێکی فراوانی ھەیە و، لەچەند لایەنێک کە کۆنترۆڵکردنیان لاوازە، بۆیە ئەو ماددانە لە کوردستان بوونیان ھەیە.

لە کۆنفڕانسەکەدا، وەزیری تەندروستی ھەرێمی کوردستان سامان بەرزنجی گوتی: "بەپێی ئەو یاسایەی کە لەبەردەستمانە وەک وەزارەتی تەندروستی ماددە ھۆشبەرەکانمان پۆلێنکردووە و لە ئێستادا سەرقاڵی دروستکردنی سەنتەرەکانی چارەسەرکردنی ئەو کەسانەین کە ئالوودەی ماددە ھۆشبەرەکان بوونە بۆ ئەوەی وەک مرۆڤێکی سوودبەخش بگەرێنەوە ناو کۆمەڵگە".

سامان بەرزنجی ئەوەیشی خستەڕوو کە، یاسای ژمارە 1ی بەرەنگاربوونەوەی ماددە ھۆشبەرەکان لە 50 ماددە پێکھاتووە و زۆر رێکاری توندی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددەکان داناوە چونکە کاریگەری نەرێنی ھەبووە لەسەر کۆمەڵگە و خێزان و جەختی لەوەیشکردەوە کە بۆیە ئەرکیان لەبارەی چارەسەرکردنی تووشبووان و کۆنترۆڵکردنی دەرچە و دەروازەکان گرتووەتە ئەستۆ.

ھەر لە کۆنفڕانسەکەدا، پارێزگاری ھەولێر ئومێد خۆشناو سەبارەت بەم رۆژە گوتی: ''ھەواڵەکان لەبارەی بوونی ماددە ھۆشبەرەکان لە کوردستان و تووشبوون بەو ماددەیە دڵخۆشکەرنین، بۆیە پێویست دەکات لەسەر ئاستی ھەموو بەرپرسیارەتییەکان رێکاری پێویست بگیرێنەبەر، ھەروەک لە ساڵی رابردوو یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە ھۆشبەرەکان لە پەرلەمانی کوردستان دەرچووە و لەسەر ئاستی گشتیش پێیوستمان بە ھەڵمەتی نیشتمانی ھەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم دیارە ترسناکە''.

لە جیھاندا رۆژانە زیاتر لە 200 ملیۆن کەس ماددەی ھۆشبەر بەکاردەھێنن، ساڵی 1988 رێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان 26ی حوزەیرانی ی وەک رۆژی جیھانی بەرەنگاربوونەوەی ماددەی ھۆشبەر دیاری کرد.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.