ژنێکی ئەمریکی، کە سیخوڕی بۆ میلیشیای حزبوڵڵای لوبنانی کردبوو، بە بیست و سێ ساڵ زیندانیکردن سزا درا.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە: مەریەم تۆمسۆن تەمەن شهست و دوو ساڵ، دانی بەوەدا ناوە، کە دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی، ناوی هەشت هەواڵدەری عێراقی بە کەسێکی سەر بە حزبوڵڵای لوبنانی داوە، لەگەڵ ئەوەی دەیزانی ئەو کەسە ناوەکان بۆ حزبوڵڵا دەنێرێت.
دادگای ئەمریکی سزای بیست و سێ ساڵ زیندانیکردنی بەسەر ئەو ژنەدا سەپاندووە، چونکە خیانەتی لە متمانەی گەلی ئەمریکی کردووە و ژیانی هەواڵدەرە عێراقییەکان و سەربازە ئەمریکییەکانی خستووەتە مەترسییەوە.
مەریەم تۆمسۆن ژنێکی ئەمریکییە و کاری وەرگێڕی دەکرد لەگەڵ سوپای ئەمریکا لە عێراق، لە ساڵی دووههزار و حهڤده پەیوەندییەکی سۆزداری لەگەڵ کەسێک دروست کرد، کە سەر بە حزبوڵڵا بوو و دوای کوژرانی سولەیمانی، ئەو کەسە پەیوەندییە سۆزدارییەکەی بەکارهێنا و داوای ناوی هەواڵدەرەکانی لێکرد، ئەویش ناوی هەشت هەواڵدەری عێراقی پێدا.
له سهرهتای ساڵی رابردوو لە ئەنجامی بۆردومانکردنی کاروانێکی حەشدی شەعبی لە فڕۆکەخانەی بەغدا لەلایەن فرۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمریکییەوە، هەریەکە لە ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فهیلهقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و نۆ بەرپرس و چەکداری دیکەی حەشدی شەعبی و پاسداران، کوژران.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.