Erbil 9°C شەممە 11 کانوونی دووەم 20:11

وەزیری شارەوانی: لەسەر راسپاردەی سەرۆکی حکوومەتی هه‌رێم گرفتی کەمئاویی چەمچەماڵ چارەسەر دەکرێت

کوردستان TV
100%


وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار  رایده‌گه‌ێنێت: لەسەر راسپاردەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، گرفتی كەمئاویی چەمچەماڵ چارەسەر دەكرێت  و بە گوژمەی زیاتر لە 7 ملیار دیناریش دەرخستە ئامادە كراوە،.
هه‌روه‌ها راشیده‌گه‌ێنێت:  سەرۆكوەزیران بە گوژمەی 3 ملیار و 850 ملیۆن دینار  ره‌زامه‌ندی لەسەر پرۆژەی پەرەپێدانی هێڵی ئاوی دووكان1 كردووە و لە كاتی چاكسازی لەو بۆرییەدا پرۆسەی گەیشتنی ئاوی خاوێن بۆ چەمچەماڵ باشتر دەبێت.
ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەبارەت بە پلانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ چارەسەركردنی گرفتی كەمئاوی لە شاری چەمچەماڵ، رایگەیاند: دواى ئەوەی مەسرور بارزانی سەرۆكوەزیرانی هه‌رێمی  كوردستان زانی كە شاری چەمچەمال گرفتی كەمئاوی هەیە، ئەوەبوو فه‌رمانی ده‌ركرد  بۆ چارەسەركردنی ئەو گرفتەیه‌ی قه‌زای چه‌مچه‌ماڵ، لیژنەیەكمان راسپارد بۆ سەردانیكردنی چەمچەماڵ، لیژنەكە بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ و نوێنەری سەرۆكایەیەتیی ئەنجوومەنی وەزیران و نوێنەری وەزارەتی ناوخۆی تێدابوو، ئەو لیژنەیە دیراسەتی كەمئاویان لە چەمچەماڵ كرد و دواتر ئێمە وەك وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار پلانێكمان بۆ سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران بەرزكردەوە بە مەبەستی چارەسەركردنی گرفتەكانی كەمئاوی لە چەمچەماڵ.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ساسان عەونی تیشك دەخاتە سەر پلانەكانی چارەسەركردنی گرفتی كەمئاوی لە شاری چەمچەماڵ و لەمبارەیەوە دەڵێت: دیارە پلانێكی درێژخایەن پێویستی بە گوژمەیەكی گەورە هەیە، ئەو پلانەمان داناوە و دەرخستەكانیش ئامادەن، بەڵام وەك چارەسەری ئێستاكە، دەرخستەكان رەوانەی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران كراون و خەریكی دیراسەتكردنن. سەبارەت بە چارەسەرە كاتییەكەش دەڵێ: چارەسەری كەمئاوی لە چەمچەماڵ بەشێوەی كاتی، لێدانی 10 بیری تازەی ئاو و راكێشانی بۆری و دروستكردنی تانكییەك بە قەبارەی 1000 مەتر سێجا و كۆمپاكت یونتێك بۆ تەسفیە و پاڵدانی ئاو و چاكسازی و گۆڕینی بۆری 900 ملم لە كانی شەیتانەوە. 
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەبارەی گوژمەی ئەو پلانانەوە دەڵێ: ئەوانە هەموویان گوژمەی 7 ملیار و شەشسەد و هەشتا و یەك ملیۆن دینارە و هیواخوازین لە ئاییندەیەكی نزیكدا رەزامەندی لەسەر بدرێت، جگە لەمە دەمەوێت موژدە بدەمە هاووڵاتییانی شاری چەمچەماڵ كە جەنابی سەرۆكوەزیران لەم چەند رۆژە موافەقەی پرۆژەی پەرەپێدانی هێڵی ئاوی دووكان (كۆن) كە ناسراوە بە دووكان1، كردووە بە گوژمەی 3 ملیار و 850 ملیۆن دینار و لە كاتی چاكسازی لەو بۆرییەدا بەشە ئاوی چەمچەماڵ باشتر و كاریگەری زۆر باشی لەسەر گەیشتنی ئاوی خاوێن بۆ چەمچەماڵ دەبێت.
ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار دەشڵێت، ئێستا لەسەر سێ ئاست و پلاندا كار لەسەر چارەسەركردنی گرفتی كەمئاوی چەمچەماڵ دەكرێت، ئەوانیش پەرەپێدانی بۆری ئاوی دووكان1  كە بای 3 ملیار و 850 ملیۆن دینارە و هەروەها پلانی دووەمیش لێدانی 10 بیری تازە و گۆڕانكارییە لە بۆرییەكان و دروستكردنی خەزان و پلانی سێیەمیش کە پلانە درێژخایەنەكەیە بەهۆیەوە گرفتی كەمئاوی شاری چەمچەماڵ چارەسەر دەكات.


دانانی هه‌واڵ - شوان عه‌زیز
 

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.