بە ئامادەبوونی نوێنەری هێزەکانی 70 و 80، راوێژکارانی هێزەکانی هاوپەیمانان، لە بەڕێوەبەرایەتی چاکسازیی وەزارەتی پێشمەرگە، کۆبوونەوەی گشتی بۆردی چاکسازیی ئەنجامدرا.
بە گوێرەی راگەیەندراوێکی وەزارەتی پێشمەرگە، بەڕێوەبەرایەتی چاکسازیی سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی فراوانی راوێژکارانی هاوپەیمانان و بۆردی چاکسازی کرد.
بە گوێرەی راگەیەندراوەکە ، لە کۆبونەوەکەدا کە راوێژکاری وڵاتانی ئەمریکا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، هۆڵەندا و نوینەرانی هێزەکانی 70 و 80 بەشداریان تیایدا کرد، جەخت کرایەوە لەسەر دارشتنی پلانێکی درێژخایەن بۆ نەخشە رێگای پێشمەرگە لە داهاتوودا.
لەتەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ کرا، لەبارەی چارەسەرکردنی ئەو بەربەستانەی رووبەڕووی پرۆسەی چاکسازیی دەبنەوە لە وەزارەتی پێشمەرگە، هەروەها بەرەوپێشچوونەکانی سەرکردایەتی و کۆنترۆڵی هێزەکانی پێشمەرگە و روانگەی راوێژکارانی هاوپەیمانان بۆ سەرخستنی پرۆژەی کارنامەی هێزی پێشمەرگە تاوتوێ کرا.
هەر لە میانی کۆبوونەوەکەدا دوایین بەرەوپێشچوونەکانی یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە خرایەڕوو.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.