Erbil 5°C یەکشەممە 29 کانونی یەکەم 04:13

عێراق و بەریتانیا یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان واژوو کرد

کوردستان TV
100%

فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، واژووكردنى یاداشتێکی لێكتێگه‌یشتنی له‌نێوان وڵاتەکەی و بەریتانیا راگه‌یاند.

فوئاد حسێن له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانیی هاوبه‌شدا کە له‌گه‌ڵ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى به‌ریتانیا، دۆمینیک راب، ئەنجامیدا، رایگه‌یاند، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ژمارەیەک پرسی گرنگ و ستراتیژییان تاوتوێکردووە.

وەزیری دەرەوەی عێراق سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی بەریتانیای بۆ عێراق بەگرنگ وەسفکرد و ئاشکرایکرد کە دۆمینیک راب پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ عێراق دوپاتکردووەتەوە.

گوتیشی: "لە میانی کۆبوونەوەکەماندا پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و بەریتانیانمان لەسەر بنەمانی رێزگرتنی دولایەنە تاوتوێی کرد".

11

فوئاد حوسێن راشیگەیاند "لەم چوارچێوەیەدا یاداشتی لێکتێگەیشتمان لەبواری هاوبەشی و هەماهەنگیی ستراتیژی لەنێوان هەردوو وڵاتدا واژووکرد"

وەزیری دەرەوەی عێراق گوتیشی: "دوای دەرچوونی بەریتانیا لە یەکێتی ئەورووپا، پێویستمان بە بەڵگەنامەیەکی نوێ بۆ هەماهەنگی ستراتیژی لەنێوان هەردووڵاتدا واژووکرد".

فوئاد حوسێن جەختیشی لەسەر گرنگ و بایەخی پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە عێراق کردەوە و رایگەیاند، "بەریتانیا رۆڵێکی ئەرێنی دەبینێت لە بنیاتنانەوەی عێراقدا".

لەلای خۆیەوە، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا دۆمینیک راب، ستایشی پێشوازی گەرمی بەرپرسانی عێراقی کرد و رایگەیاند، کە بەمەبەستی پشتیوانیکردنی عێراقییەکان سەردانی بەغدای کردوە، گوتیشی، "لەندەن بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی عێراقییەکان لە جەنگی دژبە داعش".

دۆمینیک راب بەگرنگییەوە باسی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی کرد و رایگەیاند، "ئەو هەڵبژاردنە هەنگاوێکی گرنگ و مێژوویی دەبێت بۆ عێراقییەکان".

دوێنێ سێشەممە، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، دۆمینیک راب بەسەردانێکی فەرمی گەیشتە بەغدا و جگە لە کۆبوونەوەی لەگەڵ ھاوتا عێراقییەکەی، فوئاد حوسێن، هاوکات لەگەڵ هەریەک سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی و سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، محەمەد حەلبوسی کۆبووەوە.

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.