Erbil 21°C دووشەممە 30 ئەیلوول 08:19

لیوا عەبدولخالق تەڵعەت: ھەرێمی کوردستان و بەغدا رێککەوتوون ئۆپەراسیۆنی هاوبەش ئەنجام بدەن

کوردستان TV
100%

 نوێنەری ھەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی ھاوبەشی عێراقی  رایده‌گه‌ێنێت، ھەرێم و بەغدا رێککەوتوون تاوەکو دوو لیوای ھاوبەش دروست دەکرێن، لەمەودوا لە ھەر شوێنێک پێویست بێت، ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق ئەنجام دەدرێت.

لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، نوێنەری ھەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی ھاوبەشی عێراقی  به‌  ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستانی رایگەیاند، ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق بەردەوام دەبێت لە ھەر ناوچەیەک جموجۆڵی داعش ھەبێت، یان زانیاری لەبارەی داعشەوە ھەبێت چ لەو ناوچانەی لایەنی ھەرێم بێت یاخود عێراقی، کە ھاوپەیمانانیش لە ڕووی ئاسمانییەوە ھاوکار دەبن، بۆیە ئۆپەراسیۆنەکان بەردەوام دەبن.

ده‌شڵێت، ئەو کارەی کە دەکرێت و ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش ئەنجام دەدرێت، لە چوارچێوەی رێککەوتنێکی نێوان ھەرێم و بەغدایە، کە وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراقی لە دوایین کۆبوونەوەی خۆیاندا ئەنجامیان داوە، بۆیە دەست بە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە کراوە و دوێنێ یەکەم ئۆپەراسیۆن ئەنجام درا بە ھاوبەشی و بە دەیان داعش کوژراون وچەندین ئۆتۆمبێلیان تێکشکێندران و چەندین مۆڵگەشیان خاپوور کران.

ناوبراو ڕوونیشی کردەوە، ئۆپەراسیۆنەکان بەردەوام دەبن تاوەکو لیوا ھاوبەشەکان لە نێوان ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق دروست دەکرێن، چونکە ناکرێت جموجۆڵی داعش بەو شێوەیە زۆر بێت و دەستەوەستان بوەستن، بۆیە رێککەوتن کراوە کە لە ھەر شوێنێک لەمەودوا جوڵەی داعش ھەبێت، ئۆپراسیۆنی ھاوبەش ئەنجام دەدرێت.

لیوا عەبدولخالق تەڵعەت ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات، ئەنجامدانی ئەو ئۆپەراسیۆنانە، کاریگەریی زۆری دەبێت بۆ سەر کەمکردنەوەی جموجۆڵی داعش، چونکە لە ماوەی ڕابردوودا جموجۆڵیان گەلێک زۆر ببوو.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.