نووسینگەی ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان رایدەگەیەنێت، ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا لەسەر ڕەوشی ئازادییە ئایینییەكان، لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە بە هەند وەردەگیرێت.
نووسینگەی ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان، لە بەیاننامەیەكدا رایدەگەیەنێت، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا، ڕۆژی 12ی ئایاری 2021 ڕاپۆرتی وڵاتەكەی سەبارەت بە دۆخی ئازادی ئایینی لە 2020 بڵاو كردەوە. حكوومەتی هەرێمی كوردستان دووپاتی دەكاتەوە، كە هەوڵی پاراستن و سەرخستنی ئەو بەهایانە دەدات كە پەیوەندییان بە پێكەوەژیانی ئاشتیانەوە هەیە. لەم ڕووەوە، هەموو پێكهاتەكان كە لە هەرێمی كوردستان نیشتەجێن، مافی یاسایی و سیاسی و فەرهەنگی و ئابووریی خۆیان هەیە، كە بە یاسا پارێزراوە.
لە بەیاننامەكەدا ئاماژە بەوەش دراوە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام چاودێریی ڕەوشی كەمینە ئایینییەكان دەكات لە ناوچە كێشەلەسەرەكان، لەوانە شنگال و كەركووك و خانەقین و تێدەكۆشێت بۆ بەفیعلیكردنی پێكەوەژیان و خۆشگوزەرانی لەو ناوچانەدا بۆ ئێزدی و مەسیحی و گرووپەكانی تر.
ڕاپۆرتەكە ستایشی هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێم دەكات بۆ پتەوكردنی بەهاكانی پەیوەست بە پلۆرالیزمی ئایینی و پێكەوەژیان لە هەرێمی كوردستان. حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێزانینی بەرچاو وەردەگرێت لە بەرامبەر دابینكردنی شوێنی حەوانەوە، پەروەردە، یاسادانان، .نوێنەرایەتی سیاسی، ئاسانكاری بۆ مەراسیمی ئایینی، ئاسایش، پاڵپشتیی دارایی و زۆر شتی تر.
هەر لە بەیاننامەكەدا ئەوەش خراوەتە ڕوو، حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەولەویەتی باڵای بریتییە لە نەهێشتنی هەموو شێوازەكانی جیاكاریی ڕەگەزی و ئایینی. وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئیسلامی لە ساڵی 2007 دا لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە ناونرایەوە بە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی، ئەمەش دەریخست كە وەزارەت خزمەت بە تەواوی پێكهاتەكان دەكات.
یاساكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەو نەریتانە قەدەغە دەكەن كە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ جیاكاری دەكەن دژی پێكهاتە ئایینییەكان، توندوتیژی دەخوڵقێنن و ڕق و كینە بڵاودەكەنەوە، ئەمەش بەسەر وتاری سیاسی و ئایینی و بڵاوكراوەكانی ڕاگەیاندن و گوتاری كۆمەڵایەتیدا دەسەپێت، هەروەها یاساكان یازدە كورسیی پەرلەمان بە پێكهاتەی ئەتنیكی و ئایینی دەبەخشن.
ئاماژە بەوەش دراوە، ئەو خوشك و برا ئێزدیانەی لە هەرێمی كوردستان نیشتەجێن، مافیان هەیە كە بە بێ هیچ فشارێك ناسنامە و پەیڕەوی ئایینی خۆیان بپارێزن. ئەوان نوێنەرایەتیی سیاسییان هەیە لەسەر بنەمای پێكهاتە ئایینیەكەی خۆیان. هەوڵی بێ سنوور و بەردەوام لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستان - لە ڕێگەی نووسینگەی ڕزگاركردنی ئێزدییەكانەوە - بۆ ڕزگاركردنی خوشك و برایانی ئێزدی لە ژێر چنگی داعش، و هەروەها هەماهەنگیی بەهێزی لەگەڵ تیمی لێكۆڵینەوەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەكانی داعش (یونیتاد) بۆ دادگاییكردنی تیرۆرستان و هەڵدانەوەی گۆڕەبەكۆمەڵەكان، دەرخەری ئەوەن كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان مكوڕە لەسەر مسۆگەركردنی مافەكانی خوشك و برا ئێزیدییەكان.
وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی بە تەنها پێكهاتبوو لە فەرمانگەكانی ئیسلامی و مەسیحی و ئێزدی، بەڵام ئێستا وەزارەت نوێنەرایەتی هەشت بیروباوەڕی ئاینی جیاواز دەكات. حكوومەتی هەرێمی كوردستان پشتگیری ئەنجامدانی نەریتە ئایینی و مەراسیمە ئایینیەكان دەكات بێ جیاوازی.
روونیش كراوەتەوە، حكوومەت پشتگیری لە ژمارەیەك ڕێكخراو و ناوەندی ڕۆشنبیری و هونەری دەكات كە لەگەڵ گەلی توركمان و كلدان و ئاشووری و ئێزدی كار دەكەن، دامەزراندنی كتێبخانە ئاشوورییەكان بۆ نموونە و چاپكردنی هەزاران كتێب بە زمانەكانی كوردی و عەرەبی و ئاشووری و توركمانی، جگە لە دابینكردنی خوێندن بە زمانە ڕەسەنەكان بۆ پێكهاتەكان .
حكوومەتی هەرێمی كوردستان خەباتی كردووە بۆ بەرەوپێشبردنی پێكەوەژیانی ئاشتیانە لە ڕێگەی تێكەڵبوونی گرووپە ئایینی و ئەتنییەكان لە كۆمەڵگە و دامەزراوە حوكمڕانییەكاندا، بێگومان لەم بارەیەوە ناسین و دانپێدانانی هاوتا نێودەوڵەتییەكان یارمەتیدەر دەبێت بۆ بەرەوپێشچوونی زیاتری ئازادییە ئاینییەكان لە هەرێمی كوردستاندا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.