Erbil 27°C ھەینی 20 ئەیلوول 00:30

ده‌زگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی له‌ساڵیادی رۆژنامەگەریی کوردی په‌یامێکی بڵاوکرده‌وه‌

کوردستان TV
#7
100%

ده‌زگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی  له‌ساڵیادی رۆژنامەگەریی كوردی په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌ رایگه‌یاند:  ئێمە وەك پارتی دیموكراتی كوردستان جارێكی دیكە جەخت لەسەر رۆڵ و ئەركی بەرپرسانە و دڵسۆزانەی سەرجەم دامودەزگاکانی راگەیاندن و میدیاكاران دەكەینەوە.

ده‌زگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان بە بۆنەی سه‌د و بیست و سێییەمین ساڵیادی رۆژنامەگەریی كوردی په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌ و تیایدا ده‌رچوونی یه‌كه‌م رۆژنامه‌ی كوردی له‌ قاهیره‌ بە وەرچەرخانێكی گرنگ و كاریگەر لە مێژووی رۆشنبیریی و كولتووری گەلەكەمان وه‌سفده‌كات. راشیگه‌یاندووه‌ ئەو رووداوە بایەخدارە هەوێنی بەرەوپێشچوون و پەرەپێدانی رەوتی رۆژنامەگەری كوردی بوو، لەلایەكی دیكەوەش جۆشدەری هوشیاریی نەتەوەیی و پەرەگرتنی بیر و هزری ئازادیخوازیی و رزگاریخوازیی بوو، هەر بۆیەش رۆژنامەی(كوردستان) لەڕووی بیری سیاسیی كوردیی رۆڵێكی پێشەنگی هەبوو، كە گوزارشتی لە گەلێكی خۆراگر و بەشخوراو دەكرد.

رۆژنامەگەریی كوردیی لە هەر قۆناغ و سەردەمێكدا رۆڵی كاریگەری خۆی بینیوە وەك ئامرازێكی زیندوو و گرنگی پاراستنی زمان و ئەدەبیاتی نەتەوەییمان، هەروەها خاوەن پەیامێكی ئینسانی و نەتەوەیی و نیشتیمانیش بووە. ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌ ئەمڕۆ لە سایەی قەوارەی شەرعی و یاسایی حكومەتی هەرێمی كوردستان زەمینەیەكی بەرفراوانی ئازادی رادەربڕین و دیموكراسی رەخساوە لەرووی چاپەمەنیی و بڵاوكردنەوە، كە مایەی شانازییە بۆ بزووتنەوەی سیاسی و رۆژنامەنووس و میدیاكاران، هەروەها بەدەیان و سەدان  دامودەزگای میدیایی بینراو و بیسترا و خوێندراو  و ئەلكترۆنی هەن رۆژانە و ئازادانە كاروباری خۆیان ئەنجام دەدەن.

بەو بۆنەیەوەش ئێمە وەك پارتی دیموكراتی كوردستان جارێكی دیكە جەخت لەسەر رۆڵ و ئەركی بەرپرسانە و دڵسۆزانەی سەرجەم دامودەزگاکانی راگەیاندن و میدیاكاران دەكەینەوە، كە بەرژەوەندی گشتی و ئامانجە باڵا و هەرە لەپێشەكانی گەلەكەمان لەبەرچاو بگرن و بە گیان و تێگەیشتنێكی هاوبەش كاربكەن بۆ پتەوكردنی هەست و نەست و هۆشیاری نەتەوەیی و نیشتیماپەروەریی و هاوبەندیی كۆمەڵایەتی و یەکترقبوڵکردن و پێکەوەژیانی سیاسی و تەبایی پێكهاتە ئایینی و ئیتنییەكان و بەرگریكردن لە مافی رەوای لەمێژینەی گەلەكەمان.

له‌م یاده‌دا پیرۆزبایی لە سەرجەم رۆژنامەوانان و میدیاكاران دەكەین، هەروەها هەمدیسان پشتیوانی خۆمان بۆ رەخساندن و فەراهەمكردنی بواری ئازادی رادەربرین و چاپ و بڵاوكردنەوە بەگوێرەی بنەما و رێنمایی و رێسا و یاسا گونجاوەكان دووپات دەكەینەوە.

دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی  
پارتی دیموكراتی كوردستان

كوردستان TV

هه‌واڵ و چالاكییه‌كانی پ.د.ك

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.