Erbil 21°C یەکشەممە 22 ئەیلوول 02:32

لیدز یونایتد سه‌رکه‌وتنی به‌سه‌ر مانچسته‌ر سیتی تۆمارکرد

کوردستان TV
100%


له‌ هه‌فته‌ی سی و یه‌كه‌می خولی ئینگلته‌راو له‌ ئه‌نجامێكی چاوه‌ڕوان نه‌كراودا، یانه‌ی مانچسته‌رسیتی پێشه‌نگی ڕیزبه‌ندی یانه‌كان له‌سه‌ر یاریگای خۆی به‌ گۆڵێك به‌رامبه‌ر به‌ دوو گۆڵ به‌ یانه‌ی لیدز یونایتدی میوانی دۆڕا.
 له‌ خوله‌كی چل ودوودا، یاریزان ستیوارت دالاس گۆڵێكی بۆ لیدز یونایتد تۆماركرد، دوای سێ خوله‌كی دیكه‌ش، ناوبژیوان به‌ كارتی سوور، لیام كۆپێری سكۆتله‌ندی و به‌رگریكاری لیدز یونایتدی كرده‌ ده‌ره‌وه‌ی یاریگاو به‌و هۆیه‌وه‌ تیپی میوان یاریه‌كه‌ی به‌ ده‌ یاریزان ته‌واوكرد.
پاشان هێرشبه‌ری ئیسپانی فێران تۆرێس گۆڵی به‌رامبه‌ری مان سیتی له‌ خوله‌كی حه‌فتاوشه‌ش به‌ده‌ستهێناو ئه‌نجامه‌كه‌ی یه‌كسان كرده‌وه، له‌و لاشه‌وه‌ لیدز یونایتد سه‌ره‌ڕای كه‌مبوونه‌وه‌ی ژماره‌ی یاریزانانی خۆی به‌ده‌سته‌وه‌ نه‌داو له‌ دواساته‌كانی یاری، ستیوارت دالاس ده‌رفه‌تێكی قۆسته‌وه‌و گۆڵی دووه‌می خۆی و تیپه‌كه‌ی تۆماركردو سێ خاڵی یاری بۆ میوانه‌كان مسۆگه‌ركرد.
 به‌م ئه‌نجامه‌ش لیدز یونایتد سێیه‌م بردنه‌وه‌ی له‌سه‌ریه‌كی به‌ده‌ستهێنا‌و كۆی خاڵه‌كانی له‌ پله‌ی نۆیه‌می ڕیزبه‌ندی یانه‌كان گه‌یانده‌ چلوپێنج خاڵ، مانچسته‌رسیتیش چواره‌م یاری له‌م وه‌رزه‌ی پرێمه‌رلیگ دۆڕاندو به‌ حه‌فتاوچوار خاڵ له‌ سه‌رووی لیستی ڕیزبه‌ند مایه‌وه‌ .

                                                          
 

كوردستان TV

تۆپی پێ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.