له‌میانی گه‌ڕی سێیه‌می گفتوگۆی سیتراتیژیی نێوان ئه‌مریكا و عێراق، بڕیاری به‌رده‌وامیی كشاندنه‌وه‌ی ھێزه شه‌ڕكه‌ره‌كانی ئه‌مریكا له عێراق ده‌ركرا.
گه‌ڕی سێیه‌می گفتوگۆی ستراتیژیی نێوان ئه‌مریكا و عێراق، دوێنێ به به‌شداریی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا، ئانتۆنی بڵینكن و ھاوتا عێراقییه‌كه‌ی، فواد حوسێن و ژماره‌یه‌ك دیپلۆماتی دیكه به‌شێوه‌ی ئۆنلاین به‌ڕێوه‌چوو.
له دوای كۆبوونه‌وه‌ی ھه‌ردوولا، راگه‌یه‌ندراوێكی ھاوبه‌ش بڵاوكرایه‌وه و تێیدا جه‌خت له‌وه‌كرایه‌وه كه ئه‌مریكا رێز له یه‌كپارچه‌یی خاك و سه‌روه‌ری عێراق ده‌گرێت.
ھه‌ر له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ئاماژه به گرنگی ھه‌ماھه‌نگی به‌ھێزی ئابووریی نێوان ئه‌مریكا و عێراق كرا و جه‌ختیش له هاویشتنی ھه‌نگاوی نوێ له‌مه‌ڕ رۆڵی كۆمپانیا ئه‌مریكییه‌كان له گه‌شه‌پێدانی عێراق كرایه‌وه.
هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو كه سه‌ربازانی ئه‌مریكا له عێراق له‌سه‌ر بانگێشتی حكوومه‌تی به‌غدا به‌مه‌به‌ستی پشتیوانییكردنی ھێزه ئه‌منییه‌كانی عێراق له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش، له وڵاته‌كه‌دا بوونیان هه‌یه.
له راگه‌یه‌ندراوه ھاوبه‌شه‌كه‌ی نێوان ئه‌مریكا و عێراق هه‌روه‌ها ھاتووه: "بۆ له‌مه‌ودوا ھێزه‌كانی ئه‌مریكا و ھاوپه‌یمانان به زۆری ئه‌ركی راوێژكاریی و راھێنان ده‌گرنه ئه‌ستۆ، به‌مه‌ش ده‌رگا بۆ گواستنه‌وه‌ی ھێزه شه‌ڕكه‌ره‌كانی ئه‌مریكا بۆ ناوچه‌كانی دیكه ده‌كرێته‌وه".
ھاوكات ئاماژه به‌وه‌شكراوه كه له كۆبوونه‌وه‌كانی داھاتوو واده‌ی كشانه‌وه‌ی ھێزه شه‌ڕه‌كه‌ره‌كانی ئه‌مریكا له عێراق دیاری ده‌كرێت و له ئێستادا سه‌ربازانی ئه‌مریكا و ھێزه‌كانی ھاوپه‌یمانان ئه‌ركی راھێنان و راوێژكاریی به‌جێده‌گه‌یه‌نن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.