دوای گەیشتنی پشكی پارێزگای سلێمانی لەڤاكسینی ئەسترازینكای بەریتانی ، ئەو ڤاكسینە دابەش دەكرێت بەسەر 12 سێكتەر لەسنوورەكە و تێیدا ژمارەی دانیشتوان لەبەرچاو گیراوە.
د.دەشنێ شەماڵ عومەر بەڕێوبەری كوتان لەسلێمانی لەلێدوانێكدا بۆ سایتی " تەندروستی " ڕایگەیاند: لەقۆناغی دووەمی ڤاكسینی ڤایرۆسی كۆرۆنا بڕی 16500 ژەمە ڤاكسین گەیشتە سنووری پارێزگای سلێمانی و بەشێوازی ڕیزبەندی دابەش دەكرێت و زیاتر لەهەشت هەزار كەس بەدوو جار بۆیان بەكاردێت و ماوەی نێوانیان مانگێك بۆ سێ مانگ دەبێت.
وتیشی: لەهەڵمەتی ئەمجارەدا سەرەتا كارمەندانی تەندروستی ڤاكسینەكە وەردەگرن و دواتر ئەو كەسانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە لەگەڵ كارمەندانی هێزەكانی ناوخۆ و بەساڵاچووان لێی سوودمەند دەبن.
ئەوە لەكاتێكدایە لەقۆناغی یەكەمدا 1720 ڤاكسین گەیشتە سنووری پارێزگای سلێمانی و لەئایندەدا هاتنی ڤاكسین بەردەوام دەبێت تاوەكو زۆرترین هاوڵاتی بەبێ جیاوازی لێی سودمەندبن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.