Erbil 4°C ھەینی 10 کانوونی دووەم 08:29

 کتێبی چۆن دیموکراسی له‌ ته‌کنۆلۆژیا ڕزگار ده‌کرێت بڵاو کرایه‌وه‌

کوردستان TV
100%

 كتێبی "چۆن دیموكراسی له‌ ته‌كنۆلۆژیا ڕزگار ده‌كرێت؟" له‌ نووسینی فه‌یله‌سووف وئابووریناسی ئه‌مریكی " فرانسیس فۆكۆیاما " له‌ وه‌رگێرانی  نووسه‌ر"ساسان عه‌ونی "  بڵاو كرایه‌وه‌.

ساسان عه‌ونی، وه‌رگێر و نووسه‌ر له‌سه‌ر ناوه‌رۆكی ئه‌م كتێبه‌ ده‌ڵێت" ئه‌م بۆچوونه‌ی فۆكۆیاما له‌ په‌یوه‌ست به‌ هه‌ڕه‌شه‌كانی ته‌كنۆلۆژیا له‌سه‌ر دیموكراسی، بۆ كتێبخانه‌ و خوێنه‌ر و ناوه‌نده‌ رۆشنبیری و ئه‌كادیمییه‌كانی كوردستان پێویسته‌، بۆیه‌ وه‌ریگێڕاوه‌ته‌ سه‌ر زمانی كوردی تا ئاگاداری نوێترین بۆچوون و لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌و زانا و فه‌یله‌سووفه‌ بین له‌باره‌ی هه‌ڕه‌شه‌كانی ته‌كنۆلۆژیا له‌سه‌ر دیموكراسی".

زانا و فه‌یله‌سووف فرانسیس فۆكۆیاما ، له‌ كتێبه‌كه‌یدا باس له‌ هه‌ڕه‌شه‌ی كۆمپانیا گه‌وره‌كانی ته‌كنۆلۆژیا بۆ سه‌ر دیموكراسی ده‌نووسێت "كۆمپانیا گه‌وره‌كانی ته‌كنۆلۆژیا (بیگ تێك)ه‌كان، هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌گمه‌نن بۆ سه‌ر ئه‌و دیموكراسییانه‌ی به‌ شێوه‌یه‌كی باش كار ده‌كه‌ن".

نووسه‌ر و وه‌رگێڕ ساسان عه‌ونی، له‌ پێشه‌كیی ئه‌و كتێبه‌دا له‌باره‌ی گرنگیی به‌رهه‌مه‌كه‌ و بۆچوونه‌كانی فۆكۆیاما بۆ خوێنه‌ران و كتێبخانه‌ و ناوه‌نده‌ ڕۆشنبیرییه‌كانی كوردستان ده‌نووسێت: "كاره‌كانی فۆكۆیاما فره‌ڕه‌هه‌ندن و چۆن كار له‌سه‌ر پرسه‌ ئابووری و سیاسییه‌كان ده‌كات، به‌ هه‌مان شێوه‌ كار له‌سه‌ر پرسی ناسنامه‌ و كولتوور و ده‌وڵه‌ت و گواستنه‌وه‌ی دیموكراسی ده‌كات، بۆیه‌ له‌به‌ر پێویستیی خوێنه‌ر و كتێبخانه‌ی كوردستان به‌و جۆره‌ بابه‌تانه‌، هه‌روه‌ها ئاشناییان له‌گه‌ڵ ناوی فۆكۆیاما و كاریگه‌ریی دیدگا و تێز و نووسینه‌كانی له‌سه‌ر داڕشتنی سیاسه‌ت و سیاسه‌تكارانی ئه‌مریكا و جیهان، به‌ پێویستم زانی ئه‌و بابه‌ته‌ وه‌ربگێڕمه‌ سه‌ر زمانی كوردی، بۆ ئه‌وه‌ی ناوه‌ندی ڕۆشنبیری و ئه‌كادیمی و سیاسیی كوردستان ئاگاداری ئه‌م هه‌وڵ و تێز و لێكۆڵینه‌وانه‌ بن".

به‌رهه‌مه‌ چاپكراوه‌كانی نووسه‌ر و وه‌رگێڕ ساسان عه‌ونی:

1-په‌یوه‌ندییه‌ گشتییه‌كان (نامیلكه‌) له‌ ساڵی 1995 له‌ژێر ناوی (بیره‌وه‌ر)دا بڵاو كراوه‌ته‌وه‌.

2-هه‌ڵوێست و هه‌نگاوه‌كان، له‌ ساڵی 1997 له‌ هه‌ولێر چاپ كراوه‌.

3-یه‌كێتیی قوتابیانی كوردستان، چه‌ند لایه‌نێكی تێكۆشان و مێژوو، له‌ ساڵی 1998 له‌ هه‌ولێر چاپ كراوه‌.

4-ئه‌ته‌كێتی رێكخراوه‌یی، (نامیلكه‌) له‌ ساڵی 2018 چاپ كراوه‌.

5-ناوه‌ڕاستی ڕۆژهه‌ڵات، ململانێ و هه‌ژموون، له‌ ساڵی 2019 چاپ كراوه‌.

6-ڕوانین، وتار و چاوپێكه‌وتن، له‌ ساڵی 2019 چاپ كراوه‌.

7-چه‌ند ڕه‌هه‌ندێكی ڕێكخراوه‌یی، له‌ ساڵی 2019 چاپ كراوه‌.

8-ئامانجه‌كانی مۆسكۆ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، (وه‌رگێڕان) له‌ ساڵی 2019 چاپ كراوه‌.

9- چۆن دیموكراسی له‌ ته‌كنۆلۆژیا ڕزگار ده‌كرێت؟ له‌ ساڵی 2021 وه‌رگێڕدراوه‌ و چاپ كراوه‌.

33

 

چاپکراوه‌کان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.