فەرماندەیەکی سوپای عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکانی داعش داوای ھاوکاری و ھەماھەنگی لە پێشمەرگە دەکات و بەرپرسێکی وەزارەتی پێشمەرگەش رایدهگهێنێت، یەکێک لە داواکارییەکانی پێشمەرگە ھەماھەنگی بووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش.
لیوا بابەکر فەقێ ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ڕاگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە، بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاندووه: پێشتریش و ئێستاش یەکێک لە داواکارییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە پێکھێنانی ژووری ئۆپەڕاسیۆنی ھاوبەش بووە لە نێوان پێشمەرگە و هێزی بەرگریی عێراق بۆ زۆر پرس، لەوانەش بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعش، بەڵام ئەوە وەزارەتی بەرگریی عێراقە کە ئامادە نەبووە بۆ پێکھێنانی ژووری ئۆپەڕاسیۆنی ھاوبەش.
دەشڵێت: چەندین کۆبوونەوە لە نێوان ھەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و بەرگریی عێراق کراوە و پێویستە ھەماھەنگیی باش ھەبێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش، چونکە ڕەوشەکە پێویستی بە ھاوکاریی یەکترە لە ئاستی جیاوازدا.
لیوا بابەکر فەقێ ئەحمەد ئاماژه بۆ ئهوهش دهكات: ڕاستە داعش ئەو مەترسییەی پێشووتری نەماوە، بەڵام مەترسیی دەرکەوتنی ئێستای داعش لەسەر عێراق کەم نییە، بەتایبەتی ماوەیەکە لە ھەندێ ناوچەی عێراق چەکدارانی داعش خۆیان ڕێک خستووەتەوە و کردەوەی تیرۆریستی بەڕێوە دەبەن و ھەماھەنگی و بەشداریی ھاوبەش بۆ لەناوبردنی داعش لە دەسەڵاتی ئەنجومەنی وەزارەتی پێشمەرگەیە و ھەرکات بە پێویست زانرا ئەوە وەزارەت بڕیار لەوبارەیەوە دەدات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.