لە گڕوپی پێنجەمی پاڵاوتنەكانی كیشوەری ئەوروپا بۆ گەیشتن بە كۆتاییەكانی مۆندیالی دووهەزاروبیستودووی قەتەر، هەڵبژاردەی بەلجیكا خاوەنی پلەی سێیەمی مۆندیالی پێشوو بە سێ گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێك لە هەڵبژاردەی وێڵزی میوانی بردەوە.
یاریزانانی وێڵز لە گۆڵ تۆماركردن دەستپێشخەربوون و لە خولەكی یازدەدا، یاریزان هاری ویلسۆن گۆڵێكی بۆ تیپی میوان تۆماركرد، پاشان یاریزانانی بەلجیكا ئەم دواكەوتنەیان بۆ سەركەوتن گۆڕی و لە خولەكی بیستودوودا، كیڤن دی بروین ئەستێرەی مان سیتی گۆڵی بەرامبەری بەلجیكای بەدەستهێناو ئەنجامەكەی یەكسان كردەوە.
دوای شەش خولەكی دیكەش، تورگان هازارد برای ئێدین هازارد گۆڵی دووەمی تیپی میوانداری به لێدانی سهر تۆماركردو گێمی یەكەم بەم ئەنجامە تەواوبوو، لە گێمی دووەم و لە بەردەوامی هێرشەكانی بەلجیكا، ناوبژیوان لێدانێكی سزای بۆ هەڵبژاردەكە هەژماركردو لە جێبەجێ كردنی لێدانەكەدا، ڕۆمیلۆ لوكاكو ئەستێرەی ئینتەرمیلان گۆڵی سێیەمی میواندارەكانی لە خولەكی حەفتاوسێ بەدەستهێنا.
بەم بردنەوەش بەلجیكا لە یەكەم هەنگاوی لە پاڵاوتنەكانی جامی جیهان بووە خاوەنی سێ خاڵ .
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.