Erbil 28°C شەممە 21 ئەیلوول 20:27

هەڵبژاردنە گشتییەکان لە ئیسرائیل دەستی پێکرد

کوردستان TV
100%

هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ئیسرائیل دەستی پێکرد و بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، ناوەندەکانی دەنگدان بەڕووی دەنگدەراندا کرانەوە.

ئەمە چوارەم جارە لە ماوەی دوو ساڵدا ئیسرائیلییەکان دەنگ بدەن، دوای ئەو هەڵبژاردنەی کە لە مانگی ئاداری 2020 بەڕێوەچوو.

لە ئەگەری بەردەوامی قەیرانەکانی پێکهێنانی حکوومەت، بەدوور نازانرێت بۆ جاری پێنجەم هەڵبژاردن لە ئیسرائیل ئەنجام بدرێتەوە.

بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، ناوەند و سندوقەکانی دەنگدان بەڕووی دەنگدەراندا کرانەوە و تاوەکو کاتژمێر 10ی شەو بە کراوەیی دەمێننەوە.

لیژنەی ناوەندەیی هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل لە راگەیەندراوێکدا  رایگەیاندووە کە شەش ملیۆن و 578 هەزار و 84 ئیسرائیلی مافی دەنگدانیان لەم هەڵبژاردنەدا هەیە.

دەنگدەران لە 13 هەزار و 685 سندووقی دەنگدان کە لە سەرتاسەری ئیسرائیل دابەشکراوە، دەنگی خۆیان دەدەن.

لیژنەی ناوەندەیی هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل، بۆ تووشبووانی کۆرۆنا رێککاری پێویستی گرتووەتەبەر بەجۆرێک تووشبووانی ڤایرۆسەکە دەتوانن لە ناوەندێکی تایبەت بەبێ جێهێشتنی ئۆتۆمبێلەکانیان دەنگ بدەن.

لەم هەڵبژاردنەدا 39 لیست کێبڕکێ دەکەن و بەپێی راپرسییەکی رای گشتیی کە لە هەفتەکانی کۆتاییدا بڵاوکراوەتەوە، پێشبینی دەکرێت 15یان سەرکەوتن بەدەست بهێنن.

بەگوێرەی راپرسییەکان، پێشبینی دەکرێت پارتی لیکۆد یەکێک بێت لە لیستە براوەکانی هەڵبژاردنەکە، بەڵام سەرۆکی پارتەکە، بێنیامین ناتانیاهو رووبەڕووی ئاستەنگ دەبێتەوە لە پێکهێنانی حکوومەت چونکە بۆ بەدەستهێنانی متمانەی حکوومەتەکەی، لەکۆی 120 کورسی کنێست، پێویستی بە دەنگی 61 کورسی دەبێت.

دوای داخستنی سندووقەکانی دەنگدان، ئەنجامی بەرایی بەشێکی هەڵبژاردنەکە رادەگەیەنرێت بەڵام ئەنجامی بەرایی بەشێوەی فەرمیی نیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە بەدیار دەکەوێت. 

هاوکات رێوشوێنی ئەمنیی پێویست بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکە گیراوەتەبەر و بەپێی راگەیەندراوێکی پۆلیسی ئیسرائیل، نزیکەی 20 هەزار پۆلیس پارێزگاریی لە ناوەندەکانی دەنگدان دەکەن.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.