Erbil 21°C یەکشەممە 22 ئەیلوول 02:36

د. سامان بەرزنجی: با هەموومان پابەندی ئامۆژگاری تەندروستی بین

د. سامان بەرزنجی
کوردستان TV
100%

د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، لە پەیامێكدا بەبۆنەی جەژنی نەورۆز داوا لە ھاووڵاتییان دەكات پابەندبن بە رێنماییەكانی تەندروستی.

دەقی پەیامی وەزیری تەندروستی

جەژنی نەورۆزتان پیرۆز بێت...

با هەموو پابەندی ئامۆژگاری تەندروستی بین ...

بەبۆنەی هاتنەوەی سەری ساڵی نوێی كوردی (2721) و جەژنی نەورۆزی ئەمساڵ، پیرۆزبایی ئاڕاستەی خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالكراوان و پێشمەرگە قارەمانەكان و کوردستانیان و هەموو کوردێکی دڵسۆز لە جیهان بەگشتی و پیرۆزباییەکی گەرم و تایبەت لە خوشک و برایانی هاوکارانمان لە پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی و فەرمانبەرانی دامودەزگاکانی تەندروستی دەکەین، هیوادارین ئەم بۆنەیە ببێتە مایەی خۆشی و شادی و سەلامەتی بۆ هەمووان.

لەم بۆنەیەدا، جارێکی تر سەری ڕێز و نەوازش بۆ قوربانیانی پەتای کۆڕۆنا بەتایبەتی بۆ پزیشک و کارمەندانی تەندروستی و فەرمانبەران دادەنوێنین کە لە ئەرکی پیرۆزی مرۆڤایەتیان لە بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا گیانیان سپارد، ئومێدی لەشساغی و تەمەن درێژی بۆ خانەوادەکانیان دەخوازین.

نەورۆز هەروەک چۆن هاتنی بەهار و نوێبوونەوەی سروشتە، بۆ گەلی کوردستان مانا و مژدەی ژیان و هێما و سیمبولی ئازادیخوازی و ڕاپەرین و سەرکەوتن بووە، هیوادارین بەهەمان شێوە ببێتە مایەی سەلامەتی و رزگاربوونی مرۆڤایەتی لەو پەتا جیهانیەی ئێستا و خۆشگوزەرانی و گەڕانەوەی ژیانی ئاسایی بۆ هەمووان.

لێرەوە وێڕای سوپاسی خۆڕاگری هاوڵاتیان لە بەرامبەر ڕێکارەکانی خۆپارێزی و تەندروستی، ڕێز و دەستخۆشی و سوپاسی یەکە بە یەکەی پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی لە تیمەکانی خزمەتگوزاری ڕووبەڕووبوونەوەی نەخۆشی ڤایرۆسی کۆڕۆنا دەکەین بۆ ئەرکی پیرۆز و شەونخونیان لەپێناو خزمەتکردنی هاوڵاتیان، ئاواتەخوازین هەر سەلامەت و سەربەرز بن.

لێرەوە داوا لە هاوڵاتیانی خۆشەویست دەکەین خۆڕاگر بن و پابەندی ڕێنمایییەکانی تەندروستی و ژینگەپارێزی و سەلامەتی خۆیان و منداڵەکانیان بن، بەردەوام بن لە بەستنی ماسک و دووربن لە قەرەباڵغی و بەرکەوتنی ڕاستەوخۆ، بە بوونی هەر نیشانەیەک و گومانێکت، سەردانی سەنتەرەکانی پشکنین و چارەسەری بکەن و بە ماسکەوە لە کەسی بەرامبەرت دوور بکەوە.

دووپات دەکەینەوە و بەڵێن دەدەین بەردەوامبین لە جەنگی دژی ڤایرۆسی کۆڕۆنا بە پاڵپشتی ھەنگاوەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و پابەندبوونی ھەمووان بە ڕێنماییەکانی تەندروستی.

دووبارە جەژنی ساڵی نوێی کوردی و بەهار و نەورۆزتان پیرۆز بێت، هەر لە خۆشی و تەندروستی و سەلامەتی دابن.


د.سامان بەرزنجی - وەزیری تەندروستی
21 ئازار 2021

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.