ھەڵمەتی رووپێوكردنی كۆمەڵگا بۆ دیاریكردنی ئاستی بەرگری لە ڤایرۆسی كۆرۆنا دەستی پێكرد و گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیش رایدهگهێنێت، ھەڵمەتەكە بۆ ماوەی چواردە رۆژ بەردەوام دەبێت و، ئەمڕۆش زیاتر لە یەك ملیۆن ڤاكسینی دیكە دەگەنە عێراق، كە پشكی هەرێمیشی تێدایە.
د. ئاسۆ حەوێزی، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ههرێمی كوردستان رایدهگهێنێت، ھەڵمەتی رووپێوكردنی كۆمەڵگا بۆ دیاركردنی ئاستی بەرگری لە ڤایرۆسی كۆرۆنا دەستی پێكردووە، كە ھەموو ھەرێمی كوردستان دەگرێتەوە و دەیان تیم بەشداری تێدا دەكەن، مەبەست لە بەڕێوەچوونی ھەڵمەتەكەش ئەوەیە، تا بزانین تا چەند بەرگری پەیدا بووە لەو كەسانەی پێشتر تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوونە و زانیارییان لەبارەوە كۆدەكرێتەوە.
دهشڵێت: لە كاتی بەكارھێنانی ڤاكسینی دژە كۆرۆنا، سوود لەو داتایەی رووپێوەكە وەردەگرین، چونكە بەشێك لەوانەی تووشی كۆرۆنا دەبن و دوای چاكبوونەوە پشكنین دەكەن، دەردەكەوێت ئاستی بەرگریی لەشیان زۆر بەھێزە.
ئاماژە بۆ ئهوهش دهكات: ئەمڕۆ دووشهممه15 ى 3 ى 2021، زیاتر لە یەك ملیۆن ژەمە ڤاكسین دەگاتە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا و دوای گەیشتنیشی، دەمودەست بەشی ھەرێمی كوردستان رەوانە دەكرێت، بۆ ئەوەی دابەش بكرێت و بەكار بهێندرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.