Erbil 26°C ھەینی 20 ئەیلوول 02:50

سه‌رۆکی حکومه‌تی هه‌رێم: مافه‌کانی هه‌رێمی کوردستان له‌ده‌ستوری عێراقدا جێگیر کراون

کوردستان TV
100%


مه‌سرور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان ڕایده‌گه‌ێنێت: داكۆكی لەو ڕێككەوتنە دەكەین كە پێشتر لە نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدڕاڵی كراوە.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 10 ى 2 ى 2021 ، مه‌سرور بارزانى، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، له‌كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا،  له‌باره‌ى دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان و دوا پەرەسەندنەکانی گفتوگۆ لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی ساز كرد و رایگه‌یاند:
كێشەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵی لە بەغدا تەنیا كێشەی بودجە بە گشتی نییە، كێشەی تریش هەیە، هێشتا ماددەی 140 و بابەتی پێشمەرگە و ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان هێشتا ڕێككەوتنەكانیان لەبارەوە جێەجێ نەكراوە، دەمانەوێ لە پاكێجێك بگەینە ڕێككەوتنێك.

مه‌سرور بارزانی راشیگه‌یاند: داوامان كردووە بودجە لەسەر بنەمای دەستوور بێت، شەفاف بێت، لایەنێك لەسەر لایەنێكیتر ئەوە نەكات كە دەستكەوتی هەبێت.

 دەقی قسەكانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان له‌كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانیه‌كه‌دا:

شاندی ئێمه‌ سەردانی بەغداى كردووه‌ بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتن لەبارەی پشكی هەرێمى كوردستان لە بودجە، دەزانین عێراق بە بارێكی نائاساییدا تێپەڕ دەبێت، داوامان كردووە بودجەكە یارمەتیدەر بێت بۆ سووككردنی باری خەڵكی عێراق و كوردستان.

داوامان كردووە بودجە لەسەر بنەمای دەستوور بێت، شەفاف بێت، لایەنێك لەسەر لایەنێكیتر ئەوە نەكات كە دەستكەوتی هەبێت.

لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆش باسمان كرد كە چەندین پێشنیاز هەبووە، یەكێك لە پێشنیازەكان ئەوەیە كە ڕێككەوتنی نێوان هەردوو حكوومەت بڕوات كە ئامادەكاریی حكوومەت بۆ رادەستكردنی 250 هەزار بەرمیل نەوت یانیش ئەقیامی نەوت لەگەڵ نیوەی داهاتەكان.

خاڵێكی گرنگ هەیە دەمەوێ ئاماژەی پێ بدەم، شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان تەنیا مووچە نین، زۆر بابەتی دیكەن، ئەویش ئەو شایستە داراییانەن كە پێویستە حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەریانبگرێت ئەوانیش خەرجیی سیادی، وەبەرهێنان، خانەنشینی، پێشمەرگە و زۆر خەرجیی دیكە كە لە بودجەدا هەن.

كێشەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵی لە بەغدا تەنیا كێشەی بودجە بە گشتی نییە، كێشەی تریش هەیە، هێشتا ماددەی 140 و بابەتی پێشمەرگە و ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان هێشتا ڕێككەوتنەكانیان لەبارەوە جێەجێ نەكراوە، دەمانەوێ لە پاكێجێك بگەینە ڕێككەوتنێك.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەیەوێ داكۆكی لەو ڕێككەوتنە بكات كە لەگەڵ بەغدا ئەنجامی داوە، هەندێك لە برادەران داوای رادەستكردنی هەموو دۆسیەی نەوت دەكەن، ئەمە خاڵێكی دەستووری نییە، ئێمە بەهیچ شێوەیەك ئەوەمان قەبووڵ نییە كە مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان پێشێل بكرێن.

نامەوێ بچمە ناو وردەكارییەكان، چونكە شاندێكی دانوستانمان هەیە، هێشتا گفتوگۆ بەردەوامە و هەموو شتەكان بە ئامانج نەگەیشتوون، لەگەڵ لێژنەی دارایی و لایەنە سیاسییەكان و حكوومەت قسە كراوە، چاوەڕێین بگەین بە ئەنجامێك لە بەرژەوەندیی هەموو لایەكدا بێت.

دەمەوێ سوپاسی هەموو ئەو لایەنە كوردستانییانە بكەم، كە پشتیوان بوون بۆ داكۆكیكردن لە شایستە داراییەكان و مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان، گومانم نییە ئەو بەرێزانەی لە بەغدا پۆستیان هەیە، دڵنیام دەیزانن كە نرخ و سەنگی ئەوان لە كوردستانەوە دێت، كەواتە تاوەكوو كوردستان بە هەیبەت بێت، سەنگی ئەوان بەهێز دەبێت، خوانەخواستە تێكچوونی قەوارەی هەرێمی كوردستان، سەنگی ئەوانیش وەك خۆی نامێنێتەوە، بۆیە هیوادارم پشتیوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بن.

پێویستیمان بە پەرلەمان و لایەنە سیاسییەكانە و داوایان لێدەكەم پشتیوانی لە مافەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان بكەن، كە مافی هەموو لایەكە و ئەركی هەموانە داكۆكی لێ بكەن.

بەداخەوە دەزانین كە كەشوهەوایەكی هەڵبژاردن لە پێشە و ئەمەش بەشێوەیەكی نەرێنی كاریگەری كردووه‌تە سەر گفتوگۆ و دانوستانەكان، ئەمە جێی داخە، چاوەڕێی ئەوە بووین لایەنە سیاسییە عێراقییەكان ململانێی ئەوە بكەن كامەیان زیاتر پشتیوانیی كوردستانە، تاوەكوو دەنگی زیاتری خەڵكی عێراق بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو دەستەبەر بكات، بەڵام بەداخەوە دەبیستین كە هەندێك لایەن دەڵێن كەشوهەوای هەڵبژاردن لەپێشە و كار لەسەر دژایەتیی كوردستان دەكەن، ئەمەش نابێت بەردەوام بێت و رۆحی پێكەوەژیان دەبێت بنەما بێت بۆ گەیشتن بەو دەستكەوتانەی دەمانەوێ لە هەڵبژاردنی داهاتووش بێتە دەست، داوا دەكەم لایەنە سیاسییەكان بیر لەوە بكەنەوە كە بەهێزبوونی هەرێمی كوردستان بەهێزبوونی عێراقیشە.

چەندین جار پێشووتریش باسمان كردووە كە چاكسازی پرۆسەیەكی درێژخایەنە، بە شەو و ڕۆژێك و مانگێك نایەنە دی، بەڵام ئاماژە بە هەندێك لەوانە دەدەم كە تا ئێستا كراون، بۆ نموونە لە بابەتی باج، هەندێكجار دەڵێن لەم كابینەیە باج زیاد كراوە، راست نییە و پێشتر یاساكە دەركراوە، بەلام حكوومەتی هەریمی كوردستان لەم ماوەیە توانیویەتی باجەكان رێك بخاتەوە، ئەمەش هەم داهاتی ناوخۆیی زیاد كردووە بە تایبەتیش بە وەرگرتنی باج لە كۆمپانیا گەورەكان كە ژمارەیان 240 تا 600 كۆمپانیان، خەڵكی هەژار بەهیچ شێوەیەك باجیان لەسەر زیاد نەكراوە، بەڵكوو ئەو كۆمپانیایانەن كە سوودمەندبوون لە ئاسانكارییەكانی حكوومەت.

بڕیارمان داوە لێخۆشبوونی باج بۆ هیچ كەس و لایەنێك نەمێنێت، پێویستە هەموان بە بەشداریكردن لە دانی باج، ئەركی خۆی بەرامبەر هەموان جێبەجێ بكات.

سەرەڕای پەتای كۆرۆنا، حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئیدارەیەكی باشی هەرێمی كوردستانی داوە و بە پشتیوانیی كەرتی تایبەت پڕۆژەی زۆر لە بوارە جۆراوجۆرەكان بەردەوامی پێ بدەین، هەرچەندە بڕینی بودجە لەلایەن بەغداوە كێشەی جددیمان هەبوو.

لە ئەنجامی سەرپێچیكردنیان ١٠٠ كۆمپانیا دراونەتە دادگا، تا بە یاسایی مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت.

هیوادارین بۆ مانگى سێ نزیكه‌ى 500 هەزار هاووڵاتی بتوانن ناسنامەی دیجیتاڵییان بۆ تەواو ببێت، ئەمە دەبێتە ژێرخانێكی دیجیتاڵی بۆ خەڵكی.

خەریكە بابەتی مووچەدان بەشێوەی ئەلیكترۆنی بەرەو تەواوبوون دەچێت.

ئیستا بۆمان دیارە كە خەرجییەكانی حكوومەت چۆن دەكرێت و چاودێرییەكی وردتر هەیە لەسەر كارەكان و دەزانین خەرجییەكان چۆن دەكرێت و حكوومەت چ شتێك پێویستە دابین بكات.

لەبارەی خاڵە سنوورییەكان دوو بابەت هەن: یەكەمیان ئەو كۆمپانیایانەن كە بە فەرمی لە خاڵە سنوورییەكان كار دەكەن، بەڵام حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەك پسپۆڕێك هێناونی، پێداچوونەوە بە گرێبەستەكانی ئەو كۆمپانیایانە كراوە، هەندێك لەو كۆمپانیایانە لەوانەیە پێویست نەبن، هەڵدەوەشێندرێنەوە، ئەوانەشی گرێبەستەكانیان لە بەرژەوەندیی حكوومەت نەبووە، پێداچوونەوەی پێدا دەكرێت كە ئەویش بەشێكی گرنگی چاكسازیی لە خاڵە سنوورییەكان.

دووەم ئەو قاچاخچێتییەیە كە لە دەرەوەی خاڵە سنوورییەكانی حكوومەت دەكرێت، بۆ ئەمەش بڕیارمان داوە چاوەڕێین بچێتە باری جێبەجێكردنەوە بۆ ڕێگریكردن لێی.

لەڕووی داراییەوە، داهاتی هەرێمی كوردستان سێ بوارە، هەم داهاتی هاتوو لە بەغدا، داهاتی نەوتی و داهاتی نانەوتی، داهاتی نانەوتی یەكێكیان كەمكردنەوەی خەرجی و دووەمیان زیادكردنی داهاتە.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان توانیویەتی داهاتی ناوخۆ زیاد بكات، بۆ فرۆشتنی نەوتیش وەك دەزانن بەغدا شایستە داراییەكانی خەڵكی كوردستانی نەناردووە، سەرەڕای بوونی كۆرۆنا و ئەو هەموو گرفتە ئابوورییەی ناوچەكە بە گشتی رووبەڕووی بوویەوە، ئەگەر بەغدا بەشەبودجەی هەریمی كوردستانی بناردبا لەگەڵ ئەم چاكسازییەی كوردستان كردوویەتی، كێرڤی بووژاندنەوەی ئابووریی كوردستان بەرەو سەرەوە دەچوو، بەڵام بەداخەوە لەبەر ئەوەی بڕێكی زۆری شایستە داراییەكانی كوردستان لە بەغداوە دابین دەكران، نەهات، ئەو دەستكەوتە ئابوورییەی لە كوردستان هەبوو، زۆربەی بۆ پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییە بوو كە بەغدا شایستە داراییەكانی بۆ كوردستان نەناردبوو.

هەوڵی بەستنەوەی حكوومەتە خۆجێییەكان و وەزارەتی دارایی دراوە، ئەمەش ڕێگر نابێت لە چاودێریكردن و ئاگاداركردنەوەی هەموو وەزارەتە پەیوەندیدارەكان بە بابەتەكە، ئەم سیستەمە دەتوانێت هەم داواكارییەكان و هەم جێبەجێكردنی بەشێوەیەكی خێراتر بكات.

لەسەر بودجەی كوردستان كاری زۆر كراوە و هیوادارین بۆ مانگی سێ بتواندرێ بۆ پەرلەمان بنێردرێت و لەوێوە بڕیاری لەسەر بدرێت.

هیچ لێخۆشبوونێكی گومرگی نامێنێت، ڕێكخستنەوەی گومرگیش لەو بابەتانەیە كە كەوتووه‌تە باری جێبەجێكردن و دەستكەوتی باشیشمان لەمبارەیەوە بەدەست هێناوە، نایەڵین هیچ كۆمپانیایەك بە ناوی پڕۆژە كەرەستەی كوالێتی خراپ، یان كەرەستەی زیاتر هاوردە بكەن، تەنیا ڕێ بەوانە دەدەین، كە مۆڵەتی پێشوەختەیان هەیە.

لەسەر نەوت، وەزیرێكی نوێمان هەیە و بڕوامان هەیە دەتوانێ كاری باش بكات، لە دوو تەوەر كارمان كردووە لەوێش دەستكەوتی باشتر بەدەست بێنین، یەكێكیان كڕیارەكانی نەوتە كە پێشتر پارە یان قەرزیان بە حكوومەتی هەرێمی كوردستان داوە لە ٢٠١٤ تا ٢٠١٨ كە بەغدا هیچ بودجەیەكی نەداوە، لەم كابینەیە هەوڵمان داوە گفتوگۆ لەگەڵ كڕیارەكان بكرێت، بۆ ئەوەی ئەو نرخەی جیاوازە لەگەڵ ئەو نرخەی بە ئاسایی دەكرێت، بۆشاییەكە تۆزێك كەم بكرێتەوە.

زۆرجار دەبیستین حكوومەتی هەرێمی كوردستان 10 یان 11 دۆلار كەمتر لە نرخی سۆمۆ دەفرۆشرێت، ئەمە راست نییە، نرخی برێنت لەگەڵ سۆمۆ جیاوازە و نرخی سۆمۆ خۆی لە برێنت هەرزانتر دەیفرۆشێت، كە جیاوازییەكە سێ تا چوار دۆلارە، نرخی كوردستان لەگەڵ سۆمۆ جیاوازی هەیە، چونكە هەناردەكردنی نەوتەكە لە بیرەكانەوە تا بەندەری جەیهان هەمووی لەسەر هەرێمی كوردستانە، بەغدا هیچ پارەیەكی گواستنەوەكەی نەداوە، ئەمەش بابەتێكی دیكەی گفتوگۆیە لەگەل حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەداخەوە حكوومەتی فیدراڵی بەرپرسیارێتیی هەناردەكردنی نەوتی كوردستانی نەكردووە و بگرە پارەی ئەو بڕە نەوتەی خۆیشی كە لە ڕێی بۆڕیی كوردستان دەینێرێت، كرێكەی لە ئەستۆ نەگرتووە، تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستان زیاترە و هەوڵ دراوە كەم بكریتەوە.

ڕۆژنامەنووسێك: ئەگەر لەگەڵ بەغدا نەگەیشتنە ڕێككەوتن، حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەتوانێ 30 ڕۆژ جارێك مووچە دابەش بكات؟

مەسرور بارزانی: گوتوومانە رادەستكردنی مەلەفی نەوت بە بابەتی دیكە بەستراوەتەوە، ئێمە ئامادە نین مەلەفی نەوت رادەست بكەین، چونكە وازهێنانە لە مافێكی دەستووری، ناكرێ ئێمە بچینە ژێر باری ئەوە، ئەوانەی ئەم داوایەش دەكەن، زۆر نین، زۆربەی لایەنە سیاسییەكان لەم دۆخە تێدەگەن و دەشزانن هەر رێككەوتنیك لەنێوان بەغدا و هەرێمی كوردستان بكرێت، دەبێت دوو خاڵ رەچاو بكات، یەكەمیان دەستووری بێ و دووەمیان قابیلی جێبەجێكردن بێت.

سێ جۆرە داهاتمان هەیە وەك باسم كرد، ئەگەر حكوومەتی فیدڕاڵی بڕیار لەسەر ئەوە بدات كە هیچ بڕە شایستەیەك بۆ هەرێمی كوردستان نەنێرێت، هەروەكوو ساڵانی رابردووی لێ دێتەوە و داهاتی هەرێمی كوردستان كەم دەكات، ئێمە ئامادەكاریی ئەوەشمان كردووە، رەنگە بەو شێوەی جاران نەبێت، بەڵام وردە وردە نێوماڵی خۆمان ڕێك بخەین، بەداخەوە نەمانتوانیوە لەبەر نەبوونی بودجەی پێویست، تەواوی مووچە بدەین و لێبڕین هەبووە، دەتوانین خۆمان بژیەنین، بەڵام لە ئاستی ویستی ئێمەدا نییە.

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.