بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە شاندێکی باڵای دانوستانکاری حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی جێگری سهرۆكی حكومهتی ھەرێمی کوردستان قوباد تاڵەبانی بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر پرۆژهیاسای بوودجەی ساڵی دووههزار و بیست و یهك بچێتەوە بەغدا.
جێگری سهرۆكی حكومهتی ههرێمی كوردستان له لێدوانێكدا بۆ رۆژنامهی ئهلسهباحی نیمچه فهرمی رایگهیاند، ھەرێمی کوردستان ئامادەییە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی دا رێکبکەوێت، بەڵام بەو مەرجەی رێککەوتنەکە دادپەروەرانە و قابیلی جێبەجێکردن بێت.
وتیشی، پشکی راستەقینەی ھەرێم لە بوودجەی فیدراڵدا دوای جیاکردنەوەی خەرجییە سیادییەکان، پێنج لەسەدا تێپەڕ ناکات و داواشی کرد کە سەرلەنوێ کۆمپانیای سۆمۆ بەجۆرێک دابمەزرێندرێتەوە کە دەستەبەری بەڕێوەبردنی پڕۆسەی بەبازاڕکردنی نەوت بە شێوەیەکی شەفافانە بکات لەنێویاندا نەوتی ھەرێم. ئاشكراشی كرد، نزیکەی یەک ساڵی تەواوە لە گفتوگۆداین لەگەڵ بەغدا، بەڵام گفتوگۆکانی ئەمجارەمان جیاوازە و لەسەر چەند پرسێکە و پەیوەیست نییە بە یەک پرسەوە.
قوباد تاڵەبانی گوتیشی، لە ئەنجامی گفتوگۆکانی رابردوومان لەگەڵ حکومەتی عێراق گەیشتووین بە رێککەوتنێک کە لە پڕۆژەیاسای دووههزار و بیست و یهكدا جێگیرکراوە، بەڵام گفتوگۆکانی ئێستامان زیاتر لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانە و پرسەکە لەئێستادا لەدەستی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدایە، بۆیە ئومێد دەکەم بە ئەنجامێکی ئەرێنی، بگەین بە رێککەوتنێکی دادپەروەرانە، بەڵام لە ھەمان کاتدا ھاوکێشەکە دۆڕاندن و بردنەوە قبوڵ ناکات، بۆیە پێویستە ھەمووان لەو لێدوانانە دووربکەونە کە دەچنە خانەی دروشم و بانگەشەکانی ھەڵبژاردن و لە بری ئەوە، گرنگە چارەسەرێکی باش بۆ ئەم قۆناغە بدۆزینەوە.
جێگری سهرۆكی حكومهتی ھەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی لە بەشێکی قسەکانییدا رەتیکردەوە کە ھەرێم رێککەوتنی فرۆشتنی نەوتی لەگەڵ تورکیا بۆ ماوەی پهنجا ساڵ ھەبێت و دهڵێت، رێککەوتنەکە تەنھا پەیوەستە بە ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێم بە خاکی تورکیاوە بۆ بازاڕەکانی جیھان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.