Erbil 10°C یەکشەممە 24 تشرینی دووەم 03:35

له‌ ماوه‌ی دوو هه‌فته‌دا 67 هاووڵاتی کورد له‌ کوردستانی ئێران ده‌ستگیرکراون

کوردستان TV
100%

له‌ ماوه‌ی دوو هه‌فته‌دا لانیكه‌م شه‌شت و حه‌وت هاووڵاتی كورد له‌ شاره‌ كوردییه‌كانی كوردستانی ئێران له‌ لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی ئه‌و وڵاته‌‌ ده‌ستگیركراون.

به‌ پشتبه‌ستن به‌ ئاماره‌كانی ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ كه‌ تایبه‌ت به‌ مافه‌كانی مرۆڤ له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و ئێران كار ده‌كات، لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا لانی کەم شه‌ست و حه‌وت هاووڵاتیی کورد لە شارەکانی بۆکان، مهاباد، نەغەدە، ڕەبەت، پیرانشار، سەقز، بانە، مەریوان، سنە، کەلاتەرزان، سەوڵاوا و کرماشان، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێڕانەوە دەستبەسەر کراون.

به‌ پێی زانیاری هێزه‌ ئه‌منییه‌كان به‌ بێ هه‌بوونی به‌ڵگه‌ی فه‌رمی دادوه‌ری هه‌ڵیان كوتاوه‌ته‌ سه‌ر ماڵی ده‌ستگیر كراوه‌ كورده‌كان و دوای ده‌ستبه‌سه‌ر كردنیان ته‌نانه‌ت رێگه‌یان پێنه‌داون كه‌ ده‌ستیان به‌ پارێزه‌ری یاسایی رابگات.‌

رێكخراوی هه‌نگاو ده‌شڵێت، تەنیا پێنج کەس له‌و شه‌ست و حه‌وت كه‌سه‌ ده‌ستگیر كراوه‌ كورد ئازاد کراون و ‌ تا ئێستا شه‌ست و دوو کەسه‌كه‌ی دیكه، هەر وا دەستبەسەرن. ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ له‌ ماوه‌ی رابردوو هێزه‌كانی ئیتلاعات و ئیتلاعاتی سه‌ر به‌ سوپای پاسدارانی ئێران هه‌ڵمه‌تێكی به‌رفراوانیان بۆ ده‌ستگیركردنی كه‌سایه‌تی و ژینگه‌پارێز و چالاكوانانی كورد له‌ شاره‌ كوردییه‌كانی كوردستانی ئێران ده‌ستپێكردووه‌.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ دادگای شۆڕشی سه‌ر به‌ ده‌زگای دادی كۆماری ئیسلامی ئیران سزای پازده‌ ساڵ زیندانیكردنی به‌سه‌ر سێ هاووڵاتی كوردی دانیشتووی شاری پیرانشار داسه‌پاند.

سه‌نته‌ری دیموكراسی و مافی مرۆڤی كوردستان رایگه‌یاند، شۆڕش عه‌بدوڵڵا نژاد ، نه‌جمه‌دین سوخه‌نوه‌ر و سه‌لاح ئاجی ئه‌و سێ هاووڵاتییه‌ كورده‌ن كه‌ هه‌ر سێكیان خه‌ڵكی شاری پیرانشار له‌ كوردستانی ئیرانن.

ئه‌مه‌و دوای ئه‌وه‌ی بۆ ماوه‌یه‌ك ئه‌و سێ هاووڵاتییه‌ كورده‌ له‌ یه‌كێ له‌ زیندانه‌ ئه‌منییه‌كانی شاری ورمێ  ده‌ستبه‌سه‌ر كرابوون، دواجار دادگای شۆڕشی شاری پیرانشار بۆ هه‌ركامه‌یان سزای پێنج ساڵ زیندانی ده‌ركرد، هه‌ر سێ هاووڵاتییه‌ كورده‌كه‌ تۆمه‌تی ئه‌ندام بوون له‌ پارتێكی نه‌یار و ئۆپۆزسیۆنی كوردی و دژه‌به‌ری كۆماری ئیسلامی ئێرانیان خراوه‌ته‌پاڵ.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.