له پەیامێكدا مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان بە بۆنەی سەری ساڵی (2021) ی زایینیەوە ڕایگهیاند: بەبۆنەی هاتنەوەی سەری ساڵی نوێی زایینی، گەرمترین پیرۆزبایی لە هاوڵاتییانی سەربەرز و خۆشەویست، لە ناوەوە و دەرەوەی هەرێمی كوردستان دەكەین، هەروەها پیرۆزبایی گەرم لە كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و هێزی پێشمەرگەی كوردستان و سەرجەم کادیر و ئەندام و لایەنگرانی دڵسۆز و خۆڕاگری پارتیمان، پارتی دیموکراتی کوردستان دەكەین و هیوای ساڵێكی ئارام و پڕ بەخششیان بۆ دەخوازین.
ساڵی ڕابردوو بەهۆی پەتای كۆڕۆناوە هەلومەرجێكی نالەبار و نەخوازراو جیهان و ناوچەکە و هەرێمی كوردستانیشی گرتەوە، كە جگە لە قەیرانی ئابووری، بەداخەوە ژمارەیەك لە ئازیزان و هاووڵاتییانی خۆشەویستمان لەدەستدا، هیوادارین بۆ ساڵی داهاتوو ئەو پەتایە بەیەكجاری بنبڕ بێت و هەموو لایەك ساغ و سەلامەت و تەندروست بن.
هاوڵاتییانی خۆشەویست بارودۆخی هەرێمی كوردستان و ناوچەكە وادەخوازێ، هەموولایەك، بەوپەڕی بەرپرسیاریەتییەوە كاربكەین بۆ فەراھەمکردنی ڕەوشێکی ئارام و سەقامگیر و، بەیەکدەستی دەسكەوتەكانمان بپارێزین و هەنگاوی زیاتر بەرەو پێشكەوتن و ئاوەدانكردنەوەی كوردستان بنێین.
ئێمە وەك پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ ساڵی داهاتوو، وەك هەمیشە جەخت دەكەینەوە لەسەر چارەسەركردنی كێشە و گرفتەكان لەگەڵ حكومەتی عیراق لە رێی گفتوگۆ و دانوستان بۆ وەدیهێنانی مافەڕەواكانمان و دابینکردنی شایستە داراییەكان، بوودجە و مووچەی هەرێمی كوردستان، هەروەها چارەسەركردنی عادیلانەی كێشەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم لە چوارچێوەی ماددەی(140) ی دەستووری عێراق، لەلایەكی دیكەوە لەسەر ئاستی ناوخۆ هەوڵ دەدەین بۆ چارەسەرکردنی باری گوزەران و بژێوی هاووڵاتییان، هەروەها بەردەوام دەبین بۆ زیاتر چەسپاندنی پرەنسیپە ڕاستەقینەكانی هاوپەیمانیەتی و تەبایی لە نێوان هێز و لایەنە سیاسیەكانی كوردستان و ئاشتەوایی و لێبووردەیی لە نێوان گشت پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبییەكاندا. ئومێدەوارین ساڵی (٢٠٢١)، ساڵی كۆتاییهێنان بێت بە قەیران و ئاریشە و گرفتەكان و ساڵێكی ئاسوودە، بەختەوەر و ئومێدبەخش بێت بۆ هەموو لایەك..
مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان ٣١ـی١٢ـی٢٠٢٠
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.