وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند کە قەرزە کەڵەکەبووەکانی ئێران لەسەر عێراق، گەیشتووەتە دوو ملیار و ٦٠٠ ملیۆن دۆلار.
لەمبارەیەوە گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق، ئەحمەد موسا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا ئاشکرایکرد کە سبەی سێشەممە، وەزیری وزەی ئێران، رەزا ئەردکانیان سەردانی بەغدا دەکات و لە میانیدا پرسەکانی غاز، قەرزە کەڵەکەبووەکانی ئێران لەسەر عێراق لەگەڵ بەرپرسانی عێراق تاوتوێ دەکات و گوتی: قەرزە کەڵەکەبووەکانی ئێران لەسەر عێراق، گەیشتووەتە دوو ملیار و ٦٠٠ ملیۆن دۆلار.
ئەحمەد موسا باسی لەوەشکرد کە لە کۆبوونەوەی نێوان بەرپرسانی عێراق و وەزیری وزەی ئێران سەبارەت پرسی کەمبوونەوەی ھاوردەکردنی غاز لە ئێرانەوە بۆ وێستگەکانی بەرھەمھێنانی کارەبا لە عێراق کە ئێستا بووەتە ھۆی کەمکردنەوەی پێدانی کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتمانی، گفتوگۆ دەکرێت.
ئەحمەد موسا سەبارەت دەستکردن بە ھاوردەکردنی کارەبا لە تورکیا، رایگەیاند کە تا ئێستا ھیچ لێدوانێکی فەرمی لە وەزارەتی کارەباوە لەوبارەیەوە نەدراوە و گوتی: ھێشتا زووە قسە لەسەر ھاوردەکردنی کارەبا لە تورکیاوە بکەین، چونکە تا ئێستا ھیچ ئامادەکارییەک لەوبارەیەوە نەکراوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.